سەرۆکی حکوومەتی هەرێم: خه‌ڵكی كوردستان پێشوازی له‌ كوشتنی ئه‌بو ئیبراهیم ئه‌لقرشی ده‌كه‌ن

ئەمڕۆ پێنجشەممە مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خۆشحاڵی خۆی بۆ كوژران و سڕینه‌وه‌ی ئه‌بو ئیبراهیم ئه‌لهاشمی ئه‌لقه‌رشی، ناسراو به‌ “حاجی عه‌بدوڵڵا” ده‌ربڕی و رای گەیاند خه‌ڵكی كوردستان پێشوازی له‌ كوشتنی ئه‌بو ئیبراهیم ئه‌لقرشی ده‌كه‌ن.

شه‌وی رابردوو، هێزه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ باكووری سووریا، له‌ رێی دابه‌زینه‌وه‌ چوونه‌ سه‌ر خانوویە‌كی سێ نهۆمی، كه‌ به‌رپرسی یه‌كه‌می داعش خۆی تێدا حه‌شار دابوو.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ره‌سمیی ئه‌مه‌ریكا، له‌ كاتی هێرشه‌كه‌دا، حاجی عه‌بدوڵڵا، له‌ نهۆمی سێیه‌می خانووه‌كه‌ خۆی ته‌قاندووه‌ته‌وه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ ژن و منداڵه‌كانیشی كوژراون.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی “تویته‌ر”، پیرۆزبایی و ستایشی ئه‌و ئۆپەراسیۆنه‌ی له‌ جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و سوپای ئه‌مه‌ریكا كردووه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نووسیویه‌تی خه‌ڵكی كوردستان به‌ گشتی و به‌ تایبه‌تی ئێزدییه‌كان خۆشحاڵن به‌ له‌كۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و تیرۆریسته‌.

هەروەها نووسیویەتی “لەناوبردنی تیرۆریست ئەبو ئیبراهیم ئەلقه‌رشی لەم ناوچەیە، کە قەرشی زۆر زیانی پێگەیاندووە، لەلایەن خەڵکی کوردستان بەگشتی و خوشک و برا ئێزیدییەکانمانەوە بەتایبەتی، پێشوازی لێ دەکرێت. جینۆسایدکردن و کردەوە تێکدەرانە و وێرانکارییەکانی قه‌رشی کۆتاییان هات. داعش تووشی شکستێکی دیکە بووەوە”.

سەرۆكی حكوومەت هه‌روه‌ها رای گه‌یاندووه‌ “داوا لە ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەم لە پرۆگرامی راهێنان و پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەردەوام بن. هێشتا هەڕەشەی ئەم گروپە تیرۆریستە کۆتایی نەهاتووە”.