رۆژنامەی ھەولێر

زنجیرەیەك سكاڵا لەسەر یانەی هەولێر تۆمار دەكات

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

یانەی هەولێر زنجیرەیەك سكاڵای لە لایەن راهێنەر و یاریزانانی وەرزی رابردووی لەسەر تۆمار كراوە، ئوسامە رەشید، یەكێكە لە سكاڵاكارەكان و داوای زیاتر لە 12 دەفتەر دۆلار لە یانەی هەولێر دەكات.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە دوور راگەیاندراوی لەسەریەك بانگهێشتی نوێنەری یانەكانی هەولێر و زەورا دەكات بەهۆی ئەوەی لە لایەن بەشێك لە راهێنەر و یاریزانانیان سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە.
ئەمرۆ سێشەممە 9 ئابی 2025، لێژنەی كاروباری یاریزانان و راهێنەران لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، ئاگاداری یانەی هەولێر دەكاتەوە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە كاتژمێر 10:30ـی بەیانی لە بارەگای فیدراسیۆنەكە لە بەغدا ئامادە بن، بەهۆی ئەوەی سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە لە لایەن (كاوە ئیبراهیم راهێنەری گۆڵپارێزان، هەڵۆ فایەق، ئوسامە رەشید، و حوسێن جولی)، سكاڵایەكانیش بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەكانی وەرزی رابردوویان بووە.
بە گوێرەی ئەو بەڵگە و نووسراوەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە، ئوسامە رەشید، یاریزانی وەرزی رابردووی یانەی هەولێر و یاریزانی ئێستای یانەی زاخۆ یەكێكە لە سكاڵاكارەكان و داوای قەرزەكەی لە یانەی هەولێر دەكاتەوە كە 12 دەفتەر و 56 وەرەقەیە، جگە لەوەش هەڵۆ فایەق و حوسێن جولی داوای دوو مووچەی وەرزی رابردوویان دەكەن كە تا ئێستا وەریان نەگرتووە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، لێژنەكەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بانگهێشتی نوێنەری یانەی زەورا دەكات لە هەمان رۆژ لە كاتژمێر 11:00ـی بەیانی لە بارەگای فیدراسیۆنەكە ئامادە بن، بەوپێیەی لە لایەن (مستەفا محەمەد، محەمەد عەلی عەبود، عەلا عەباس و عەلی حوسنی) سكاڵا لەسەر یانەكە تۆمار كراوە.
نوێنەری یانەكانی هەولێر و زەورا دەبێت سبەی لە بەغدا لەبارەی ئەو سكاڵایانە روونكردنەوە بدەن، ئەگەر كێشەكانیان چارەسەر نەكەن، لە گواستنەوەی یاریزانان بە تایبەتی لە مێركاتۆی زستانە سڕ دەكرێن.
یانەی هەولێر، بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق، حەوت یاریزانی كوردی وەرزی رابردووی هێشتووەتەوە كە پێكهاتوون لە نیاز محەمەد، ئەركان ئەمیر، گەیلان لوقمان، عومەر جەنگی، هەڵگورد قەیس، مستەفا قابیل و سەفین مەنسوور.
لە بەرامبەردا حەوت یاریزانی دیكەی كوردیشی گواستووەتەوە كە پێكهاتوون لە بژار مەهدی
ئاكۆ عوزێر، ژیار گۆڤەند، سەرهەنگ موحسین، عەلی شاخەوان، لاس هەمەوەندی و ئەحمەد زیرۆ.
لە لایەكی دیكەیشەوە بە گشتی یانەی هەولێر لە مێركاتۆی ئەم هاوینە دەستبەرداری 18 یاریزانی بووە و لە بەرامبەردا 15 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە.