رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆک بارزانی زۆر لە خەمی پێشمەرگەدایە

عەمەر ئەرگوشی
ئەو ڕێزەی دەوڵەتی فەرەنسی لە پێشمەرگە و گەلی کوردستانیان نا، ئەنجامی بەرخودان و تێکۆشانی سەد ساڵەی گەلی کوردستان بوو لەپێناو ڕزگاری و ئازادیدا، هیمەتی خۆڕاگری پێشمەرگە و سیاسەتی حەکیمانە و دادپەروەرانەی سەرۆک بارزانی بوو بە درێژایی مێژوو.
بە ناوکردنی شەقامێک و پارکێک بەناوی پێشمەرگە لە پاریسی پایتەختی مرۆڤایەتی مانایەکی گەورە دەدات و هێزێکی گەورە دەبەخشێتە هەموو ئەو پێشمەرگانەی کە سنگیان دەکەنە قەڵغان بۆ پاراستنی کورد و کوردستان، پەیوەندییەکانی گەلی کوردستان و فەرەنسای دۆستپەروەر دەباتە قۆناغێکی تری سەرفرازی و پێکەوە کارکردن.
بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی سەرکەوتن و شانازییەکی گەورەیە توانی سۆز و ڕێزی وڵاتە زلهێزەکانی وەک فەرەنسا بە خەبات و ماندووبوونی خۆی و پێشمەرگەکانی دەستەبەر بکات و لە مەراسیمی ئاهەنگەکەدا بەشدار بێت و بڵێت تا هەتایە گەلی کوردستان گەلی فەرەنسا لەبیر ناکات و ئاماژە بە فرمێسکە لەبیرنەکراوەکانی دانیێل میتەران بکات کە لە تەنگانەترین کاتی مێژووی گەلی کوردستان دەیڕێژێت، هەموو پارتییەکان شانازی بە خۆیانەوە دەکەن بەرنامەی شۆڕشگێڕی پارتەکە خەریکە بەتەواوی سەر دەگرێت و هەنگاوێکی چاک لە ڕزگاری یەکجارەکی نزیکمان دەکاتەوە و ناوی پێشمەرگەکانی دەکاتە تاجی زێڕینی سەرسەری هەموو وڵاتپارێزەکان.
بە تێپەڕبوونی کات زیاتر ڕووناکی دیوی شاراوەی سەرکەوتنەکانی گەلی کوردستان و پارتی ئاشکرا دەکات و لێهاتوویی و کارامەیی و لەخۆبردوویی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی زیاتر بۆمان دەدوێن. بەناو کردنی شەقامێک ڕەنگە بۆ هەندێ کەس مانابەخش نەبێت بەڵام بۆ مرۆڤی ژیر ئەوەندە بەسە تێبگات کە دەوڵەتی فەرەنسا بەو ناوزەدکردنە دەیەوێت بە کورد بڵێت ئێوەمان خۆش دەوێت و ئێمە هاوسۆز و هاوکاری ئێوەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی خۆتان، بە پێشمەرگەکانیش دەڵێت ئەگەر ئێوە نەبوونایە نە داعش بەم چەشنە دەڕووخا نە گەلی کوردستان و خاکی کوردستان بەم چەشنە پارێزراو دەبوو، نە ئەو برایەتی و دۆستایەتیەی فەرەنسا و دیموکراسیخوازانی جیهان بەم چەشنە بەردەوام دەبوو.
ئەوەی خەمی خاکی کوردستانە و ئاشقی ئازادی و ڕزگارییە دەبێ ئەمڕۆ بە سەرکەوتنی ئیرادەی گەلی کوردستان بەسەر زۆرداریدا لە قەڵەمی بدات و شانازی بەو پێشمەرگانە بکات کە کوردستانیان بە ئەمڕۆ گەیاند.