رۆژنامەی ھەولێر

باوەشی ئارام و پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان نەیهێشتووە کرسیتیانەکان یەکجاری عێراق جێ بهێڵن

یەکێک لەو پێکهاتە ئاینیانەی لە هەرێمی کوردستان هەن و چەندین ساڵیشە لە پارێزگاکانی خوار و ناوەڕاستی عێراقەوە ڕۆژانە بەهۆکاری نائارامی و هەڕەشەی جۆراوجۆر ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن کریستیانەکانن.

کریستیانەکان هاوشێوەی پێکهاتە ئایینییەکانی دیکەی عێراق لە ساڵی 2003ـەوە رووبەڕووی کوشتن، خراپ مامەڵەکردن لەگەڵیان، رفاندن، جیاکاری و ئاوارەکردن و دەربەدەرکردن بوونەتەوە و ژمارەیان لە عێراق بە تەواوی بەرەو کەمبوونەوە چووە، بەڵام هەرێمی کوردستان بووە بە پەناگەی ئارامی کریستیانەکان.
هەرێمی کوردستان بەوە ناسراوە بووە بە پەناگەی ئارامی سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ناوچەکە کە تووشی چەوسانەوە و دەربەدەری هاتوون بە هۆکاری توندوتیژی و شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە.
بەپێی یاسای پاراستنی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، جگە لە کورد و ئیسلام کە نەتەوە و ئایینی زۆرینەن، كۆمه‌ڵە نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی هەرێمی کوردستان پێکدێن لە: توركمان، كلدانی سریانی ئاشووری و ئه‌رمه‌ن. وە كۆمه‌ڵه ئایین و ئایینزاكانیشی پێکدێن لە:- مه‌سیحی، ئێزدی، سابیئه‌ی مه‌ندائی، كاكه‌یی، شه‌به‌ك، فه‌یلی، زه‌رده‌شتی و هی دیکە.
هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای دروستبوونیەوە بایەخی تەواوی بە کلتووری پێکەوەژیان داوە، بەشێوەیەک ئاوارە و پەنابەران کە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەشێکیان هی ناوچە جیاوازەکانی عێراقن و هەرێمی کوردستان بە سەلامەت دەزانن بۆ ژیان و بەشێکی دیکەشی لە دەرەوەی عێراقەوە هاتوون و لە کوردستان پەنا دراون و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانیان لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دابین کراون.
بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار ئاوارە و پەنابەری ئاوارەکانی شنگالن کە لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە بەهۆی هێرشی تیرۆرستانی داعشەوە لە زێدی خۆیان دوور کەوتنەوە و ئێستاش بەهۆی گرووپگەلی چەکداری نایاساییەوە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر حاڵ و ماڵی خۆیان و لە هەرێمی کوردستان بەشێکیان لە کەمپەکان و بەشێکیان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، حکوومەتی عێراق و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چەندین ساڵە وەک پێویست هاوکاریی ئاوارە و پەنابەرانی هەرێمی کوردستان ناکەن و بارگرانییەکی زۆر لە ڕووی داراییەوە کەوتووەتە سەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانیان و پاراستنیان لە سەرما و گەرما.
بە کۆی گشتیش بە پێی ئامارێکی ئەمساڵی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2014 ەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کردووە، هاوکات قەیرانێکی سەپێنراویش بەسەر حکوومەتی هەرێم داسەپێنرا تاوەکو ئێستاش بەردەوامە کە ئەویش ڕاگرتن و بڕینی بەشە بودجە و شایستە داراییەکانییەتی لەلایەن عێراقەوە.
ئامارەکان ئەوە دەخەنەڕوو، ئیستا نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لە کوردستان ماون، هەروەها چەندین هۆ هەن کە بووەتە ڕێگر لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان و تاوەکو ئەمڕۆ چارە نەکراون.
سەرباری ئەو قەیرانەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپێنراوە، خەرجیی و تێچووی ئاوارەکان، زیاتر لە سەدا 80ـی لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، حکوومەتی عێراق لەو بابەتەدا وەکو پێویست هاوکار نییە و ئاژانسە نێودەوڵەتیەکانیش هاوکارییەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.
ڕەوشەکە لە عێراق جیاوازە و کریستیانەکان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە بوونەتە ئامانجی گرووپی توندڕەوی جیاوازی چەکدار و بە پێی ئامارێک کە ئێستا ژمارەکەی زیاتریش بووە، لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە نزیکەی 1350 هاووڵاتیی کریستیان لە عێراق کوژراون و لە تێکڕای نزیکەی 2.1 ملیۆن کریستیانیش، نزیکەی 80٪یان عێراقیان بەجێهێشتووە و چوونەتە وڵاتانی دیکە، ئەوانی دیکەش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، زیاتر لە سەتان کەنیسەی کریستیانەکان هێرشیان کراوەتە سەر و دەیان کەس لە پیاوانی ئایینیی کریستیان، لەوانەش مەتران و ئوسقۆف و قەشە کوژراون، رفێندراون و ئەشکەنجە دراون.
تەنیا کریستانەکان نین، لە عێراق کۆچ دەکەن، بەهۆی ئەوەی عێراق ئێستا خاوەنی دەیان گرووپی چەکداری نایاساییە و لە ژێر باڵی حکوومەت و یاسادا نین، دۆخێکی نەگونجاوی بۆ پێکهاتە ئایینیەکان بە گشتی دروست کردووە و بەشێک لەو پێکهاتە ئاینیانە بە تەواوی عێراقیان جێهێشتووە و بەشێکیان بەهۆی بوونی ئارامی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەژین.
کلتووری پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەرێمی کوردستان، تەنیا لە پاراستن و بەدیهێنانی ئارامی و ئاسایشدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو پەرلەمان و حکوومەت و دام و دەزگەکانی هەرێمی کوردستان بە یاسا و بە جێبەجێکردنی ئەم بابەتەیان تۆختر کردووەتەوە، چەندین یاسای تایبەت بە پارێزگاریکردن لە شوناس و ڕێزگرتن لە زمان و کلتووری پێکهاتەکان دەرکراوە، بۆ نموونە، لە یاسای زمانە فەرمییەکان لە ماددەکانی ٣ و ٢٠ و ٢٢ـی یاسای ژمارە (٦)ـی ساڵی ٢٠١٤، (یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان)، هاتووە: زمانەکانی (تورکمانی، سریانی و ئەرمەن) لە پاڵ زمانی کوردیدا، لە یەکەی بەڕێوەبەرایەتی خۆیاندا و لە کاتی پێویستدا، زمانی فەرمیین. هەروەها پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان ئەو مافەیان پێدراوە کە بە زمانی خۆیان میدیایان هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا لە هەر یەکەیەکی بەڕێوەبردن کە چڕی دانشتوانەکەی سەر بە پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکە بن، زمانی خۆیان لە پاڵ زمانی کوردیدا دەبێتە زمانی فەرمی بۆ خوێندن، ئاخاوتن و کاروباری کارگێڕییشیان بە هەمان شێوە. ئەوەش لە پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی مافە سیاسی، مه‌ده‌نی و ڕۆشنبیرییه‌كانی پێكهاته‌كان و چه‌سپاندنی زیاتری گیانی لێبورده‌یی و پێكه‌وەژیان.
هەروەها یاسای ژمارە ٥ـی ساڵی 2015، (یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كان لە هەرێمی كوردستان). لە ماددەی ٣ی ئەو یاسایەدا هاتووە حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ماف و دەرفەتی یه‌كسان لە ژیانی سیاسی، ڕۆشنبیریی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری لە ڕێگه‌ی یاسا و سیاسه‌تی كاریگه‌ر بۆ ئه‌و تاكه‌ی سه‌ر بە پێكهاته‌یه‌كە مسۆگه‌ر ده‌كات. لەگەڵ قه‌ده‌غه ‌كردنی هه‌ر بانگه‌شه‌یه‌كی ئایینی، سیاسی و ڕاگه‌یاندن، بە تاك، یان بە كۆمه‌ڵ، ڕاسته‌وخۆ، یان ناڕاسته‌وخۆ، بۆ ڕق و قینه، توندوتیژی، تۆقاندن، دوورخستنه‌وە و په‌راوێزخستن، كه‌وا له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌یی، ئێتنی، ئایینی، یان زمانه‌وانی بیناكرابێت.
ئەمانە بەس نەبوونە بۆ گرنگیدانی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و ساڵ دوای ساڵ یاسا و ڕێنمایی نوێ هەیە و پێکهاتەکان لە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەری خۆیان هەیە و لە پۆستە وەزاری و کارگێڕییەکان پشکیان پێدراوە و تەنانەت لە کابینەی نۆیەمدا وەزارەتێک تایبەت کرا بە کاروباری پێکهاتەکان بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان.