مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
جولیان ناجلیسمان: دەبێ تێگەیشتمان بۆ فیكەی ناڕەزایی هاندەران هەبێ
جۆلیان ناجلیسمان، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، سەرنجی خۆی لەسەر ئەنجامی یارییەكەیان بەرانبەر ئێرلەندای باكوور خستە ڕوو، كە لە گەڕی دووەمی پاڵاوتنی ئەورووپا بۆ مۆندیالی 2026، دەربڕی كە 3-1 یارییەكەیان بردەوە.
سایتی سكای ئەڵمانیا گوتەكانی ناجیلسمانی گواستەوە، كە ڕایگەیاندووە: ئەمڕۆ نابێ سەیری ڕابردوو یان داهاتوو بكەی، گرنگ ئەو یارییەی دەیكەی، بیبەیتەوە. تیپی بەرانبەر بێزاركەر بوون، یارییان بە تۆپی درێژ دەكرد، هەموو تۆپەكانیان بەو شێوازە دەنارد و ئینجا بە 10 یاریزانەوە دەچوون لە دەرەوەی هێڵی سزا ڕووبەڕووی ئێمە ببنەوە، ئەو كارێكی ئاسان نەبوو.
دەڵێ: ئەوەی زۆر گرنگە، ئێمە یارییەكەمان زۆر بە باشی دەست پێ كرد، دەستكردن بە یاری بە شێوەیەكی بەهێز، كارتێكی زۆر باشە، هەروەها شایانی پێشكەوتن بووین، دوای ئەوەی ئەو گۆڵەمان لێ كرا، كە هەستمان بە كەمێك لە كەمباوەڕی كرد، بەڵام ئەوە گۆڕا.
لەبارەی ئەو فیكە ناڕەزایەتییانەی لە نیوەی یەكەمی یارییەكە لە دژیان لێ درا، ڕایگەیاند: ئەوە گرنگ نییە، دەبێ لە هاندەران تێ بگەین كە ئەوان چاوەڕوان و پێشبینیی شتێكی جیاوازیان دەكرد.
یانەی میلان دەیەوێ داهاتووی كریستیان پۆلیسیچ یەكلا بكاتەوە
یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی، بە نیازە داهاتووی یاریزانی ئەمریكی كریستیان پۆلیسیچ، لە ماوەكانی داهاتوودا یەكلا بكاتەوە
لەو كاتەوەی لە هاوینی ساڵی 2023ـەوە بەرانبەر 20.8 ملیۆن یۆرۆ و زێدەپارەی دیكە لە یانەی چێڵسییەوە چووەتە یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی، ئەو یاریزانە لە كاروانی نوێی پیشەگەرییەكەی سەركەوتوو بووە.
ئەو یاریزانە لەو كاتەوە 34 گۆڵی كردووە و 23 گۆڵیشی بۆ هاوڕێكانی ئاسان كردووە. ئەوەیش لە 103 یاریی فەرمیدا لەگەڵ یانەی میلان لە خول و پاڵەوانیەتییە جیاوازەكاندا.
گرێبەستی كریستیان پۆلیسیچ تا هاوینی ساڵی 2027ـە، لەگەڵ بژاردەی نوێكردنەوە و درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی بۆ ساڵێكی دیكەش. بەڵام سایتی كاڵچیۆ مێركاتۆ باسی لەوە كردووە، لەم چەند مانگەی ڕابردوودا، دانوستان و گفتوگۆ لە نێوان كارگێڕیی میلان و كریستیان پۆلیسیچ بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی، ڕاگیراوە.
سەرەڕای ئەوەش، كارگێڕیی میلان پابەند و پێگرە بە مانەوەی پۆلیسیچ، هیوای وایە بیهێنێتە بڕوا بەوەی گرێبەستەكەی نوێ بكاتەوە، كە ئێستە مووچەی ساڵانەی 4 ملیۆن یۆرۆیە.
كارگێڕیی میلان دەكۆشێ بۆ ئەوەی گرێبەستەكەی تا هاوینی ساڵی 2029 نوێ بكاتەوە، تەنیا خاڵی جیاوازی ئەوەیە، میلان بگەڕێتەوە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەروووپا، لەژێر سەرپەرشتیی ماسیمیلیانۆ ئەلێگری.
بڕیارە كۆبوونەوەیەك لە نێوان نوێنەرانی میلان و بریكاری پۆلیسیچ لە ماوەی وەستان بۆ بەڕێوەچوونی یارییە نێودەوڵەتییەكان لە مانگی داهاتوو، بەڕێوە بچێ، بۆ ئەوەی دانوستەكان یەكلا بكرێنەوە.

