ڕائیب جادر – هەولێر
بۆ ئاسانکردنی ژیانێکی خۆشتر و کوردستانێکی پاکتر و تەندروستتر، حکوومەتی ھەرێم پڕۆژەی ڕووناکی کارەبای ٢٤ کاتژمێری گەیاندووەتە گوند و ئاوایەکانی سنووری دھۆک، ھاووڵاتییانیش سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەن و ڕۆڵی سەرۆکی حکوومەت بۆ ڕووناککردنەوەی ماڵەکانیان بە گرنگ وەسف دەکەن.
پڕۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەبەست لێی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییە بۆ ھەرێمی کوردستان، بڕیارە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ تەواوی سەنتەری شارەکان بگرێتەوە، ھاوکات تاکۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ تەواوی ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن کارەبای ٢٤ کاتژمێری.
ئەوەش لە چوارچێوەی “پڕۆژەی ڕووناکی”ـدایە، کە ١٧-١٠-٢٠٢٤ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیێندرا و دەبێت لە تەواوی ھەرێمی کوردستان بە ھاوتەریبی جێبەجێ بکرێت و لە ماوەی دوو ساڵدا سەرجەم دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان ببنە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، سوودەکانی بۆ ھاووڵاتییان نرخەکەی بە گوێرەی نرخی جیھانییە، ڕەچاوکردنی ھاووڵاتییانی کەمدەرامەت کە وایت ئەمپێر خەرج دەکەن، نەھێشتی دووکەڵ و ژاوەژاوی مووەلیدە و پاککردنەوەی ھەوای کوردستانە، کارەبا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دەگاتە ھاووڵاتییان، تێچووی زیاد بەکارھێنان کەم دەکاتەوە، بۆیە ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە کە باشترین خزمەتگوزاری بە کەمترین تێچوو پێشکەش بە ھاووڵاتییان بکات.
پڕۆژەی نیشتمانیی ڕووناکی، نرخی کارەبای ڕاگەیاندووە کە بەشێوەیەک داڕێژڕاوە ٨٠%ـی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان پارەیەکی کەمتر بدەن بە کارەبا لەو بڕەی پێشتر خەرجییان دەکرد بۆ مووەلیدە و کارەبای نیشتمانی، نرخەکان بۆ ماڵان بەشێوەیەک دانراون کەوا (تێاعدی)ـن، واتا چەند کەمتر کارەبا بەکاربھێنیت، کەمتر پارە دەدەیت و ھاووڵاتی بەتەواوەتی بەرپرسیارە لەبڕی بەکارھێنانی کارەباکەی، ھەروەھا ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان تا ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری تەرخان کرد بۆ ئەوەی پاڵپشتی زیاتر بۆ ھاووڵاتییان دابین بکات لەنێویاندا پاڵپشتی وەرزی، ئەم پڕۆژەیە دەستکەوتێکی گەورەی کابینەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیە، بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان.
سێ مانگی یەکەم بۆ ئەو بەشداربووانەی دەچنە ناو پڕۆژەی ڕووناکییەوە، بەڕێژەی سەدا ١٥ و ٢٥ تاوەکو سەدا ٥٠ پاڵپشتی دەکرێن لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان خۆیان ڕابھێنن، ھەروەھا دەبێت بەپێی پێویست کارەبا بەکاربھێنرێت، کە لەم ڕێگەیەوە بەھەدەردان کەم دەبێتەوە.
پڕۆژەی ڕووناکی ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە چوار ملیۆن ھاووڵاتی و ڕۆژبەڕۆژیش ھاوبەشانی زیاتر دەبن، لە ھەمان کاتدا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پاککردنەوەی ژینگەی کوردستان ھەبووە بەھۆی کوژاندنەوەی مووەلیدەی گازوایلی گەڕەکەکان و کەمکردنەوە و دەردانی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن.
شەو و ڕۆژ تیمەکانی پڕۆژەی ڕووناکی کۆچە و کۆڵانەکانی ھەرێمی کوردستان بەسەر دەکەنەوە و بەگوێرەی ئەو پلانەی دایاناوە گەڕەک و شوێنەکان دەستنیشان دەکەن و کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆیان دابین دەکەن.
پڕۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە ھەر گەڕەکێک دەستیپێکرد، ھەموو ماڵێک نامیلکەیەکی بۆ دەچێت، کیو ئار کۆدێکی لەسەرە، لەڕێگەی مۆبایلەوە سکان دەکرێ، دوای ئەوە کلیک لەسەر لینکێک دەکرێت و فۆرمێک دەکرێتەوە، ئەو کاتە دەبێ فۆرمەکە پڕ بکرێتەوە، فۆرمەکە بە ھەرسێ زمانی (کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) و بە ھەردوو شێوەزاری سۆرانی و بادینییە. پڕکردنەوەی فۆرمەکە تەنیا سێ خولەکی پێویستە و ناوی پارێزگا و قەزاکانی تێدا دیاری دەکرێت، دواتر ژمارە تەلەفۆنێکی بەردەستی تێدا داخڵ دەکرێت و کۆدێکت بۆ دەگەڕێتەوە.
لە سنووری دھۆک ٤٣١ مووەلیدە کوژێنراونەتەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە پڕۆژەی ڕووناکی، گەیشتووتە گوند و ئاوایەکان، بەگوتەی بەرپرسانی ناوچەکە لە داھاتوودا پڕۆژەکە فراوانتر دەبێت و لە ماوەیەکی نزیکدا تەواوی سنووری دھۆک بە کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی ڕووناک دەکرێتەوە.
ھاووڵاتییان باس لە گرنگی پڕۆژەکە دەکەن و ڕۆڵی سەرۆکی حکوومەت بۆ ڕووناککردنەوەی ماڵەکانیان بە گرنگ وەسف دەکەن، وەکو خۆیان دەڵێن، پێشتر مووەلیدەمان ھەبوو و ھەموو ئامێرەکان کاریان نەدەکرد سەرەڕای ئەوەی مانگانە پارەیەکی زۆرمان دەدا، کەچی ئێستا بە کەمتر لەو پارەیە ٢٤ کاتژمێر کارەبامان ھەیە، لە ھەمان کاتدا لە کۆڵ گڕەگر و دووکەڵی مووەلیدە بووینەتەوە، زۆر سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەین، ئەوەی پێویستە بۆ ئێمە کراوە. ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆک، پێشتر بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوتبوو: بەپێی ئەو بەرنامەی کە ھەیە تا کۆتایی ئەمساڵ ھەموو گەڕەک و کۆڵانەکانی سەنتەری شاری دھۆک بە پڕۆژەی ڕووناکی دەبەسترێنەوە و کارەبایان دەبێتە ٢٤ کاتژمێری، ساڵی داھاتووش ھەر ناوچەیەکی سنووری دھۆک کە تۆڕی کارەبای نیشتمانی گەیشتبێتێ پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دەچێت.

