ماكوان عيززهت – هەولێر
شێرپەنجەی کۆڵۆن یەكێكە لە بڵاوترین جۆرەكانی شێرپەنجە، كە بەوە جیا دەكرێتەوە بەبێ دەنگی هێرش دەكات و، دووەم هۆكاری مردنە لە دنیادا، هەروەها یەكێكە لە 10 هۆكارە هەرە گەورەکەی مردن لە سەرانسەری دنیا، سێیەم جۆری شێرپەنجەی بڵاویشە لە پیاوان و دووەمیش لە ئافرەتاندا.
نەخۆشییەكە لەو كەسانە زیاترە، كە رێژەیەكی زۆر چەوری دەخۆن و كەمیش ڕیشاڵەكان، هۆكاری سەرەكیی تووشبوون به بەشێرپەنجەی کۆڵۆن نەخواردنی ڕیشاڵەكانە.
نەخۆشییەكە لە رێگەی ئەو زیادە پەنجەییانەی لە ناوپۆشی کۆڵۆن دروست دەبن دەست پێ دەكات كە بە لووە ڕژێنەكان دەناسرێت، چەندان هۆكار هەن، كە وا دەكەن ببنە شێرپەنجەیی لەوانە زیادبوونی ڕێژەی چەوری لە خۆراكدا و كەمی ڕیشاڵەكان و بەتەمەنداچوون و گۆڕانكارییە بۆماوەییەكانیش.
د. سەرکەوت رەووف محەمەدئەمین پزیشکی پسپۆڕایەتیی ورد لە نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەرس و جگەر و هەناوبینی (نازوور)، ڕوونی دەكاتەوە کە کۆڵۆن بەشێکی گرنگی کۆئەندامی هەرسە پێشی دەوترێت (ڕیخۆڵە ئەستوورە)، لە ڕێگەی کۆڵۆنەوە ئەو ئاوەی ڕۆژانە دەیخۆینەوە جارێکی تر دەگەڕێتەوە لەگەڵ ماددە کانزاییەکان بۆ لەش، هاوکات پاشەڕۆکانیش لە کۆڵۆنەوە فڕێ دەدرێتە دەرەوەی لەشی مرۆڤ.
د. سەرکەوت رەووف دەشڵێت: شێرپەنجەی کۆڵۆن یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجەی کۆئەندامی هەرس لە جیهاندا، دەتوانرێت پێش وەخت چارەسەر بکرێت یان رێگەی لێ بگیرێت، بەپێی رێنماییە جیهانیەکان دەبێت هاوڵاتیان تەمەنیان گەیشتە 50 ساڵ (نازوور) ئەنجام بدەن، یان ئەگەر لە خێزانێکدا شێرپەنجە هەبێت، ئەوا بێگومان دەبێت ئەندامانی تری خێزانەکەش پێش تەمەنی 50 ساڵی پشکنین بکەن.
شێرپەنجەی کۆڵۆن بە گرێیەکی بچووکەوە دەست پێ دەکات، ئەگەر ئەم گرێیە بە پشکنین دەستنیشان بکرێت، ئاسان چارەسەر دەکرێت و ڕێگا لە زیادبوونی دەگیرێت، ڕەنگە هەربەهۆی (نازوورەوە) بکرێ لای ببەیت و پێویست بە نەشتەرگەری نەکات.
د. سەرکەوت رەووف لە بارەی نیشانەکانەوە ڕوونی دەكاتەوە كە: سەرەتا کە شێرپەنجە دروست دەبێت هەستی پێ ناکرێت، بەڵام کەسەکە لەوانەیە خوێنی دابەزێت یان هەست بەبێهێزی بکات، یاخود پیساییەکەی خوێنی پێوە بێت.
هۆکارەکانیشی بە زۆری بریتین لە:
یەکەم: هەوکردنی درێژخایەن، ئەگەر بمێنێتەوە و چارەسەر نەکرێت، یاخود ئەگەر بۆماوەیی بێت.
هۆکاری دووەمیان گرژداگەڕانی کۆڵۆنە کە لە کوردستاندا بەرێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە ئێستاکە، چونکە ئەو بارودۆخەی کوردستانی تێ کەوتووە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و نەخۆشینی دەروونی، 65% گرژداگەڕانی کۆڵۆنیش پەیوەندی بە هۆکاری دەروونییەوە هەیە.
ئەگەر گرێ یان شێرپەنجە تازە دەرکەوتبێت، بە هەناوبین واتە “نازوور” و نەشتەرگەری چارەسەر دەکرێ و، گرێیەکە لا دەبرێت؛ دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ نەخۆشەکە هەندێک جار چارەسەری کیمیایی و تیشک بەکار دەهێنرێت، بەڵام بەپێی قۆناغ و ئاستی شێرپەنجەکە دەگۆڕێت.
ماكوان عێزەت

