رۆژنامەی ھەولێر

ئەو زامدارەی ساڕێژی زامی نووسەرانی دەکرد

یادێک لە ساڵیادی ژیانئاوایی نووسەر و رووناکبیر مەحمود زامدار
ئــــاری ئـــــاغۆک
کە هاتمە نێو دنیای خوێندنەوەوە چەند ناوێک و کۆمەڵە کتێبێک کاریان کردە سەر بیرکردنەوە و ژیانم؛ یەکێک لەو ناوە درەوشاوانەی دنیای کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤار (مەحمود زامدار) بوو، نووسینەکانی ئەو لە ڕێگەی گۆڤاری بەیان و کاروان و ڕۆژنامەی هاوکاری و، لە ڕادیۆش لە ڕێگەی چەند بەرنامەیەکی جوانی هونەری و ئەدەبییەوە، ئەو ناوە، ئەوەندەی دی تێکەڵ بوو بە زەین و بیرکرنەوەمان. لەگەڵ ئەوەی من درەنگ ناسینم، بەڵام بە شایەتیی زۆر لەو گەنجانەی بەر لە ڕاپەڕین ساڵی هەشتاکان ئەهلی شیعر و قەڵەم و نووسین و ڕاگەیاندن بوون و، سەرەتای نووسین و شکۆفەی بەهرەکانیان بوو، کاتێ دەیانویست لە گۆشەیەکی گۆڤاری کاروان، یا بەیان، یا لە ڕۆژنامەی هاوکاریدا بنووسن و، خەم و ئێش و زامەکانیان لە یەکێک لەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەوە دەرببڕن، ئەوا (مەحمود زامداری زامدار) دەبووە دەنگ و ڕەنگ و ساڕێژی زامی ئەو نووسەرانە و لە یەکێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بەرهەمەکانیانی بۆ بڵاو دەکردنەوە، بۆیە بەشێکی زۆری نووسەرانی دیاری ئەوسەردەم، ئەوا نووسەر و رووناکبیری گەورە مەحمود زامدار بۆتە هاوکار و ڕێنیشاندەریان، کەواتە ئەو مێژوە نابێ لەبیر بکرێ و، دەبێ بەشکۆوە باس بکرێ.
نایشارمەوە و، بە شانازیەوە منیش وەک گەنجێکی دوای ڕاپەڕین، جگە لە خەون و حەزی خۆم، ئەوا خۆشەویستیم بۆ دنیای ڕاگەیاندن و نووسین و کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە کاریگەری و بە پاڵپشتی چەند نووسەر و ئەدیب و مامۆستا و ڕۆشنبیرێک بوو، یەکێک لەو کەسە جوانانە، ڕەوانشاد مامۆستا مەحمود زامدار بوو، سەرەتای ناسین و ئاشنابوونم لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان بوو، لە کاتی نمایشێکی شانۆیی کە لە وەرگێڕانی خۆی بوو، لەوێ بە شەرم و ڕێزەوە خۆمم پێی ناساند، ئەویش گوتی مادام لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی و لە ڕادیۆ کار دەکەی، هەوڵ دە و خۆت دروست بکە.
ئەو ڕستەیە بووە هاندانێکی مەعنەوی و، وزەیەکی پێ بەخشیم بۆ ئەوەی بەردەوام بم و سڵ نەکەم؛ جگە لەمەش (خاکەڕایی و سادەیی)ـەکەی، ئەو پیاوەی لا خۆشەویستتر کردم، بۆیە منیش یەکێک بووم لەو چەندەها گەنجەی لە وێستگەی سەرەتای ئەلفوبێی ڕاگەیاندن سوودم لە ئەزموون و نووسین و بۆچوونەکانی مەحمود زامدار وەرگرت، هەم لە شیعر، هەم لە نووسین و هەم لە شانۆدا؛ هەروەک لە کتێبی (لەنێو دڵی شانۆدا)کەی خۆیدا، دڵی زۆربەمانی خۆش کرد.
لە ساڵی ٢٠٠٠ بە دواوە کە شانۆیەک لە هەولێر یا لە سلێمانی نمایش کرابایە، بەپێی کات و دەرفەت، وەک بینەرێک و وەک شرۆڤەکارێکی شانۆیی، ئەگەر بەرهەمێک شیاوی خوێندنەوە بووایە، ئەوا خوێندنەوە و شرۆڤەی خۆم بۆ دەکرد و، لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوم دەکردنەوە، هەرکاتێ ڕەوانشاد مامۆستا مەحمود زامدارم بدیتبایە دەستخۆشیی لێ دەکردم بۆ نووسین و بڵاوکردنەوەی سەرنج و تێبینییە هونەری و خوێندنەوەکانم، دەیگوت: ئافەرین ئاری! ئاوا بنووسە و بەردەوام بە، چونکە ئێمە ڕەخنەگر و شرۆڤەکاری شانۆمان کەمە، ئەوەی هەیە، بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن.
بۆیە بۆ مێژوو دەیڵێم مامۆستا زامدار هەمیشە هاندەرم بوو، جارێکیان لە کۆلیژی هونەرە جوانەکان بینیم، ئەوکات من قوتابیی کۆلیژ بووم، چوومە لای و گوتم پێی: “ئەو خوێندنەوانەی بۆ نمایشی شانۆگەریەکانم کردووە، بەنیازم لە دووتوێی کتێبێکدا بڵاوی بکەمەوە.”؛ (مامۆستا زامدار) زۆری پێ خۆش بوو، گوتی شتێکی زۆرباشە، ئەوە دەبێتە ئەرشیف و سەرچاوە، بیکە و بەردەوام بە، بۆ ناونیشانی کتێب چەند ناونیشانێکم گوت، ئەو (لە کڵاوڕۆژنەی بینینەوە)ی پێ باش بوو، ئەو ناونیشانەم هەڵبژارد و ئینجا پێیم گوت: بەڵام حەز دەکەم بەڕێزت پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەی و پێشەکییەکی بۆ بنووسی، لەوەشیان گوتی: (وەی بەسەرچاو).
دوای ماوەیەک، مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٠٨، دەستنوسی کتێبەکەم بردە لای، پاش ٢٠ ڕۆژ پەیوەندیی پێوە کردم، گوتی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنەکەم تەواو کردووە، دەست خۆش! تێبینیەکی ئاوام نیە و لەبەر خاتری تۆ، پێشەکیەکەشم نووسیە، منیش زۆر دڵخۆش بووم و لە دڵەوە سوپاسم کرد، پێشەکیەکی کە بە دەستنووسی خۆی پێ دام و لێرەدا وەک وەفا و ڕێز و ئەمانەتێکی مێژوویی بڵاوی دەکەمەوە، کە نووسیبووی:
(لەم ساڵانەی دواییدا، کە شیعر و نووسینەکانیم لێرەولەوێ دەخوێندەوە، بە قووڵی هەستم دەکرد گوڵە بەهرەیەکی جوان و بۆنخۆش چەکەرە دەکا و لە زریکە دەدا، کە زانییشم قوتابیی بەشی شانۆی کۆلیژی هونەرە جوانەکانە و، سەرگەرمی بوارەکانی کار و نووسینی شانۆیی و ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسیشە، بەردەوامیش و بێ وچان خۆی پێدەگەیەنێ و کۆڵ نادا و بە کۆشش و بە دراوی گیرفانی خۆی و هاریکاریی برادەرە دڵسۆزەکانی ڕۆژنامەی (هونەرستان) و لەپاشا گۆڤاری خنجیلانە و گەنجانەی (نواڵەی نوێ)شی خستە بەر دڵ و دیدان و بەرهەمە چاپکراوەکانیشی هەر لەبرەودان و، لە لای لاوانی رووناکبیر بەهەڕمێنن، وردەوردە لە بۆچوونەکەم دڵنیا بووم کە ئەم لاوە عەوداڵ و وشەپەروەر و هونەردۆستە، پاشەڕۆژێکی ڕۆشن بۆی لە چاوەچاودایە.
* ئەم چەند تەوەرەی نێو ئەم کتێبەش پاژێکی دیکەی ئەوە لە دەرەتانی ڕەخنەی شانۆ و سینەمادا، کە خۆی لە خۆیدا سووچێکی تری ئەم لاوە کارایە دەنوێنێ، بە تایبەتی لەم بوارە هەرە قاتوقڕ و گرنگەدا.
* ئافەرین و دەستەگوڵی خۆشەویستی بۆ سەر مێز و شەونخوونیی کاکە (ئاری ئاغۆک) دەی لێبگەڕێن با هەزاران نەمامی تەڕ و گوڵاڵەی گەشی لەم خاکە سەمەندەرەدا بڕوێ و بیتەنێتەوە.
منیش ئەو نووسینە پڕ لە هاندانە، دەقاودەق لە دیزایینی کتێبەکەم دانا، بەڵام بە هۆی سەرقاڵیی خۆم و نەبوونی هیچ سپۆنسەر و دەزگایێک بۆ چاپکردنی، ئەم کتێبەم لە ڕۆشنایی چاپخانە و بڵاوکردنەوە چەند ساڵێک دواکەوت، بەڵام هەر بریارم دابوو چاپی بکەم.
بەداخەوە (مەحمود زامدار) کۆچی دوایی کرد، کەچی من هەر کتێبەکەم بڵاو نەکردەوە، ئیتر دوای ١٥ ساڵ لە ئامادەکردنی بۆ چاپخانە و ١٢ ساڵ دوای کۆچی دوایی ئەم ئەدیب و نووسەرە مەزنە، ساڵی ٢٠٢٣ کتێبی (لە کڵاوڕۆژنەی بینینەوە) لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆم بەچاپم گەیاند، پێشکەشم کرد بە ڕۆحی زامدار؛ نووسین و ناوی (مەحمود زامدار)م وەک ئامانەتێکی میدیایی لەسەر بەرگی کتێب وەک (پێشەکی و هەڵسەنگاندن) ئاماژە پێ کرد و لە ناوەرۆکیشدا پێشەکییەکەیم بە دەستنووسی خۆی بڵاو کردەوە، سوپاس بۆ خودا، دوای چاپ و بڵاوکردنەوە، دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو بە تایبەتی بۆ قوتابیانی پەیمانگە و کۆلیژی هونەرە جوانەکان (بەشی شانۆ)، هەر لە کۆلیژی هونەرە جوانەکاندا ڕێوڕەسمی ناساندنم بۆ کرد.
لێرەوە لە ساڵیادی ژیانئاوایی ئەم نووسەرە گەورەی کورد، ئەم یادگاریەم ئاماژە پێ کرد، بۆ ئەوەی نەوەی ئێستا و داهاتوو بزانن، مەحمود زامدار چ مرۆڤێکی خاکەڕا و سادە بووە و چۆن هانی گەنجانی داوە بۆ خوێندنەوە و نووسین، کە سارێژی زامی زۆربەی نووسەران بووە و هاندەرێکی باش بووە.
لەم ڕوانگەیەوە لە ١٤ ساڵەی ژیانئاوایی ئەم نووسەر و ڕووناکبیرە گەورەیەی کورد، بەخێرایی گەشتێک بە وێستگەی تەمەن و نووسینیدا دەکەین بە سوودوەرگرتن لە (کوردیپێدیا) بە سوپاسەوە.
* مەحمود زامدار ساڵی ١٩٤٤ لە شاری هەولێر لەدایک بووە.
* ساڵی ١٩٧١ بەشی کوردیی کۆلیژی ئەدەبیاتی بەغدای تەواو کردوە.
* ٧ ساڵ لە ئێزگەی کوردی بەرنامەی هەبووە.
* ١٤٤ ژمارەی گۆڤاری منداڵانی بە هاوکاریی هاوسەرەکەی بڵاو کردۆتەوە.
* لە ژمارە ٩ تا ژمارە ٥٤٥ ئەندامی دەستەی نووسەران و بەرپرسی بەشی هونەری ڕۆژنامەی هاوکاری بووە.
* ٧٥٠ کۆڕی جیاجیای لە بەغدا و شارەکانی کوردستان کردووە.
* ٧ ساڵ لە گۆڤاری بەیان سکرتێری نووسین بووە.
* یەک ساڵ گۆڤاری (شمس) کوردستانی بەتەنیا دەرکردووە.
* ٨ مانگ لاپەڕەی الثقافە الکوردیەی ڕۆژنامەی ئێراقی ئامادە کردووە.
* ساڵی ١٩٧٠ بۆ ساڵی ١٩٨١ لە گۆڤاری بەیان و گۆڤاری ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەی هاوکاریدا ٩٣٧ بەرهەمی بڵاو کردۆتەوە.
* ئەندامی چەندین دەزگا و سەندیکا و ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسی و هونەری نووسەرانی کوردستانی و ئێراقی و عەرەبی بووە.
* دوای ڕاپەڕینیش لە زۆربەی زۆری ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بەبێ جیاوازی نووسین و وتار و لێکۆڵینەوە و دیمانە و گفتوگۆ و ئەرشیف و زانیاریەکانی بڵاو کردۆتەوە.
* خاوەنی زیاتر لە ٣٠ کتێبی دانسقەیە.
* ڕێکەوتی ٨ـی ئەیلوولی ٢٠١١ لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.