ماكوان عێزهت – هەولێر
پەتای کۆلێرا ھۆکارەکەی بەکتریایەکە بەناوی ڤیبریۆ کۆلێرا کە بە زۆری لەو شوێنانەدا بڵاو دەبێتەوە کە ڕێژەی پاکوخاوێنی و پاراستنی خۆراک و ئاوی خواردنەوە لە ئاستێکی نزمدایە.
د. جەمال مەحمود ساڵح پسپۆڕی شەکرە و کوێرەگلاندەکان، گرنگیی جیاكردنەوەی نەخۆشانی کۆلێرا لە جۆرەکانی تری سکچوون دەخاتە ڕوو:
_ تووشبووانی پەتای کۆلێرا، بەراورد بە جۆرەکانی تری سکچوون و ڕشانەوە مەترسییەکی زیاتریان لەسەرە.
_ لە هەر ١٠ کەسێکی کۆلێراگرتە، یەکێکیان حاڵەتەکەی توندە.
_ ئەگەر سکچوونی کۆلێرا چارەسەر نەکرێت ئەگەری مردنی کەسەکە بە وشکبوونەوە و پەککەوتنی گورچیلەکان بە ڕێژەی سەدا ٢٥ زیاتریش، زیاد دەکات لەو کەسانەدا کە بە توندی نەخۆشن.
_ بەھۆی خێرایی بڵاوبوونەوەی پەتاکە، ئەگەر لەژێر چاودێری پزیشکیدا چارەسەر نەکرێت، ھەموو ئەندامانی خێزانەکە دەگرێتەوە.
_ پەتای کۆلێرا دەبێتە ھۆی دابەزینی شەکری خوێن.
د. جەمال مەحمود دەربارەی چۆنیەتیی جیاكردنەوەی کۆلێرا لە جۆرەکانی تری سکچوون و ڕشانەوە دەڵێت:
_ پەتای کۆلێرا دەبێتە هۆی سکچوونێکی خراپ و لەدەستدانی ئاوی جەستە بەڕێژەی 1 لیتر لە کاتژمێرێکدا.
_ سکچوون بە ھۆی کۆلێراوە زۆرجار دەبێتە ھۆی ئەوەی شێوە و ڕەنگی پیساییەکە وەک ئاو یاخود شلەیەکی سپیلکی لێ بێت (وەک ئاوی برنج).
_ بە ھۆی کۆلێراوە لە ماوەیەکی کەمدا ھەست بە بێهێزیەکی لەڕادەبەدەر دەکەیت.
_ وشکبوونەوەی دەمولێو و پێست لە نیشانەکانی وشکبوونەوەن بە ھۆی کۆلێراوە.
_ کۆلێرا دەبێتە ھۆی خێرالێدانی دڵ و ئازاری ماسولکەکان و ئازاری سەر.
ھەندێک جار ئەم نیشانانە لە جۆرەکانی تری سکچوونیشدا دەردەکەون بۆیە باشترین ڕێگا بۆ دڵنیایی، ڕاوێژکردنە بە پزیشکی پسپۆڕ، تا لە ڕێگەی پشکنین و پشکنینە تاقیگەییەکانەوە دڵنیاتان بکاتەوە لە تەندروستیتان.

