سلێمان تاشان – ههولێر
تیمی زانکۆی کامبریجی بەریتانی جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە کوردستان بۆ ئەوەی درێژە بە کاری کنە و پشکنین لە ئەشکەوتی مێژوویی شانەدەر بدرێت. زانکۆکە بە هاوکاریی زانکۆیەکی تری بەریتانی ساڵی ڕابردوو توانیبوویان دەستکەوتێکی گەورەی مێژوویی مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە کوردستان ڕابگەیەنن، ئەو کات وێنە و ڤیدیۆی ڕاپۆرتێکی ”بی بی سی” لەبارەی ئەو شوێنەوارەی کوردستان، جیهانی سەرسام کرد.
دوێنێ یەکشەممە کەیفی مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور پێشوازی لە تیمێکی زانکۆی کامبریجی بەریتانی بە سەرۆکایەتی پڕۆفیسۆر گراهام بارکر کرد. لە کوبونەوەیەکدا باسی کاری کنە و پشکنین بۆ ئەم وەرزەی ئەشکەوتی شاندردەر کرا.
یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١٥ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی گرووپێک لە شوێنەوارناسانی بەریتانیایان کرد بۆ ئەوەی بێنە کوردستان و توێژینەوەی نوێ لەبارەی شانەدەر بکەن و دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون ئەو تیمە توانی ئێسک و پرووسکی مرۆڤێکی تر بدۆزنەوە کە ناوی ” شانەدەر زێد”یان لێ نا و پارچەکانی ئێسکی سەر و پشت و سەرشانی مرۆڤەکە لە هەمان شوێن دۆزرانەوە.
ساڵی ڕابردوو دوای نۆ ساڵ لە توێژینەوە و بەیەکەوە لکاندنی پارچەکانی کەلەسەرەکە توانرابوو وێنەیەکی نوێ لە مرۆڤی نیاندەرتاڵ بە جیهان بناسێنن.
وێنەی ئەو ژنە نیاندرتاڵە لەسەر بنەمای ئەو پارچە ئێسکانە کێشرایەوە کە لە پڕۆسەیەکی زۆر قورس و ورد و درێژخایەندا بە یەکتر لکێندرابوون، تیمی توێژەر گوتبووی کاتێک پارچە ئێسکەکانیان دۆزیەوە ئەوەندە نەرم ببوون وەک ئەوە وابوو بسکیتێک بخەیتە نێو ئاوەوە و بۆیەش بەر لەوەی کە بیخەنە نێو پڕۆسەی توێژینەوە و لکاندنی پارچەکان بە یەکتر سەرەتا لە پڕۆسەیەکی زانستیدا ئێسکەکان ڕەق کراونەتەوە.
ئەو کات ئێما پومروی، مامۆستای زانکۆی کامبریج کە وەک پسپۆڕێکی مرۆڤناسی هاوکاریی پڕۆژەکەی کردبوو گوتی ”پێم وایە ئەو وێنەیە یارمەتیمان دەدات تا پێوەندییەک لە نێوان مرۆڤی ئێستا و مرۆڤی ئەو سەردەمە بێتە کایەوە و خزمانی خۆمان بناسین”.
بۆ ماوەیەکی زۆر زانایان پێیان وابوو نیاندرتاڵەکان دڕندە بوون بەڵام لەو کاتەوە کە شانەدەریان دۆزیوەتەوە بۆچوونیان گۆڕاوە و بەو دەرەنجامە گەیشتوون ئەوانە نەک دڕندە نەبوون بەڵکو هەندێک ڕێورەسم و بۆنەی تایبەت بە ناشتنی مردوویان هەبووە، مردووەکان لە تەنیشت یەکتر بە یەک ئاراستە نێژراون.
گەردیلەی گوڵ لەسەر تەواوی ئێسک و پرووسکەکان دۆزرابووەوە و ئەوەش سەلماندبووی ئەم تەرمانە کاتی خۆی لەگەڵ گوڵ نێژراون، کە دەری دەخات جۆرێک نەریت و ڕێوڕەسمی کۆمەڵایەتی لەو سەردەمەشدا هەبووە. بەگوتەی کریس هانت مامۆستای زانکۆی جۆن مورزی لیڤەرپول، دانانی گوڵ لەسەر تەرمەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێوڕەسمێکی ئایینی نەبووە، بەڵکوو بۆ ئەوە بووە تەرمەکان لە هێرشی چەقەڵەکان پارێزراو بن. ئەو دڵنیایە لەوەی لەو سەردەمەدا نیاندرتاڵەکانیش خاوەنی نەریت و کلتوری تایبەت بە خۆیان بوون.
بەگشتی بۆمان دەردەکەوێت کە کوردستان لانکەی مرۆڤایەتییە و لەوەتەی ژیان لەسەر زەوی دەستی پێ کردووە کوردستان شوێنێکی لەبار بووە بۆ ژیان و لێرەوە مرۆڤ زیادی کردووە و بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.
ئەشکەوتی شانەدەر تەنیا ئێسک و پرووسکی یەک مرۆڤی نیاندرتاڵی لێ نەدۆزراوەتەوە بەڵکوو لانی کەم دە مرۆڤی نیاندرتاڵ کە ژن و پیاو و منداڵیشیان تێدایە لە دەیەی پەنجای سەدەی ڕابردووی زایینیدا بۆ یەکەم جار لەو ئەشکەوتە دۆزرانەوە.
هەر لەسەر بنەمای ئەو دەستکەوتە شوێنەوارییانەی لە ڕابردووی شانەدەر هەبووە پلانی شوێنەواری هەرێم و تیمی ئەکادیمیستی بەریتانی ئەوەیە درێژە بە کنە و پشکنین لەو ئەشکەوتە بدرێت و ئومێد هەیە لە داهاتوودا زانیاریی نوێتر و سەرنجراکێشتر لەسەر مرۆڤایەتی لە کوردستانەوە ئاشکرا بکرێن.

