رۆژنامەی ھەولێر

کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران چارە کرا

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، کێشەی ئەو دەنگدەرانە چارە دەکات کە گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان ھەیە، کۆمیسیۆن ئامێرێکی تایبەت بەکاردەھێنێت کە لەبڕی پەنجەمۆر دەتوانرێت ڕووخساری کەسی دەنگدەر بناسێتەوە.

ئامادەکارییەکان بۆ خولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لە بارەی ساختەکارییەکان لە زیادبووندان، شانبەشانی کاریگەری بەردەوامی دەستەڵاتی سیاسی و چەکی میلیشیاکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاماژەی ڕوون بۆ کڕینی دەنگی ھاووڵاتییان دەرکەوتوون.
بڕیارە ڕۆژی ١١ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت، ئەمەش شەشەم ھەڵبژاردنە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بکرێت، کۆمیسیۆنیش بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ کردنی پرۆسەکە.
ڕەھێل سادق، بەرپرسی بنکەی سۆران- دیانا دووی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: لە ئێستادا بەشێوەی تێست خەریکی تاقیکردنەوەی سەرجەم ئامێرەکانی دانگدانین، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی ھەڵبژاردن کێشە بۆ دەنگدەران دروست نەبێت.
بەرپرسی بنکەی سۆران- دیانا دووی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، دەشڵێ: لە ئێستادا زۆر بە باشی پرۆسەی تێستکردنی ئامێرەکانی دەنگدان بەرێوەدەچێت و سەرجەم ئامێرەکان بێ کێشەن، لەبری پەنجەمۆر دەتوانرێت ڕووخساری کەسی دەنگدەر بناسێتەوە.