رۆژنامەی ھەولێر

پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ هونەرمەند نەژاد” کەوکەز” کرایەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەندی شێوەکار “نەژاد کەوکەز” دوای بەشداری کردن لە چەند پێشانگایەکی هاوبەشی نێوخۆیی لە پاڵ گەورە شێوەکارانی کورد و عەرەب ئەمجارەیان بە زیاتر لە ٢٠ تابلۆی ڕەنگین پێشانگایەکی تایبەتی لە هۆڵی میدیا بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و بە چاودێری “فەرهەنگ غەفوور” بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر کردەوە.

لە پێشانگا تایبەتەکە تابلۆکان جیاکرابوونەوە بۆ چەند بەشێک، کە تراژیدیا و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی لەخۆوە گرتووە و گێڕانەوەی سەربوردەی نەتەوەیەکن، کە لە زستان و هاوین و تەواوی وەرزەکانی ساڵ هەر سەرمایانە و ئازار بووەتە ناونیشانی ئەو گەلە ئاشتیخواز و تێنووە بە ئازادی.
هەروەها بەشێک لە تابلۆکان نیشاندانی سرووشت و لووتکە چیاکانی کوردستانن، کە تێکەڵ بوون بە ڕەنگ و سرووشت ئاوێزانی خامە ڕەنگاوڕەنگەکانی ئەو هونەرمەندە بوون، کە توانیوویەتی بە سەلیقەی جوانیی خۆی وێنایان بکات و نیشانی میوانانی ئەو هۆڵەی بدات.
جێگەی باسە، پێشانگاکە تا ڕۆژی ٢ـی ئەیلولی ٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت.