ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
وەزارەتی تەندروستی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: حاڵەتێکی دیکە بە نەخۆشی تای خوێنەچۆڕە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا؛ نەخۆشەکە پیاوێکی دانشتیووی شاری سیمێلە؛ تەمەنی (43) ساڵانە و، بە پیشەی قەسابیەوە خەریکە؛ لە ئاژەڵی تووشبووەوە تووش بووە، دوای سەردانی نەخۆشخانە و گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنەچۆڕە و بوونی نیشانەکانی، چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی گیراوەتە بەر؛ جارێ لەژێر چاودێری پزیشکیدایە لە نەخۆشخانە و خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و، باری تەندروستیی جێگیرە.
د. سەرکار سوورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕاگەیاند:” لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی تای خوێنەچۆڕە، کەرەنتین بەسەر ٣٧ گوندی سنووری پارێزگای دهۆکدا سەپێنراوە، بۆیە وەزارەتی تەندروستی ئەم هەنگاوەی ناوە دوای ئەوەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا حاڵەتی تای خوێنەچۆڕە لە هەرێمی كوردستان تۆمار کرا.
د. سەرکار سوورچی داوای لە هاووڵاتیان کرد بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە تەندروستیەی ئێستا بکەن و خۆیان لە کڕینی گۆشت لە سەرچاوەی نادیار بە تایبەت لە فرۆشیارانی سەر شەقام و ڕێگاوبانەکان بەدوور بگرن. جەختیشی كردەوە تیمە تەندروستیەکان بەپەلە ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەر هەر فرۆشگایەک دەگرنە بەر کە بەبێ مۆری سەربڕخانە یان مۆڵەتی تەندروستی گۆشت بفرۆشێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە جیهانیەکەی تەندروستی، تای خوێنەچۆڕەی ڤایرۆسی، بەو چەند شێوازە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ:
• گەزەی مێرووی گەنە؛
• مەڕوماڵات و گوشتی مەڕوماڵات؛
• قرتێنەرەكان؛
• گرتنەوە لە كەسێكی تووشبووی ڤایرۆسەکە.
هێشتا هیچ ڤاکسینێک بۆ ئەم نەخۆشییە نییە، چ بۆ مرۆڤ و نە بۆ ئاژەڵ. بە شێوەیەکی گشتی نیشانەکان بە تا و ئازاری ماسوولکە و سکئێشەوە دەست پێ دەکا. بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی نەخۆشییەکە دەبێتە هۆی خوێنەچۆڕەکردنی چاو و گوێ و لووت و، تەنانەت بگاتە لەکارکەوتنی ئەندامەکانی جەستە و، پاشان ببێتە هۆی مردنی تووشبووەكە.
بەگوێرەی ئاماری تۆماركراوی وەزارەتی تەندروستیی عێراق یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی تای خوێنەچۆڕە لە عێراق، ساڵی 1979 تۆمار كراوە.
بەرپرسانی تەندروستی بەردەوام هەڵمەت دەگرنە بەر و، داوا لە قەساب و بەخێوکەرانی ئاژەڵ دەكەن دەستکێش و دەمامک بەکار بهێنن و، لە گەزەی گەنە خافڵ نەبن؛ ئەگەهاتو نیشانەی نەخۆشیەکەیان لێ بەدیار کەوت، کەمتەرخەمی نەنوێنن و، سەردانی نزیکترین بنكەی تەندروستی بكەن.
تای خوێنەچۆڕە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی و مەترسیدارە و زۆرجار لە ڕێگەی گەزەی مێرووی گەنە یان بەرکەوتن لەگەڵ خوێنی ئاژەڵی نەخۆش بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. بە تایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکاندا بڵاوە کە چالاکیی کشتوکاڵی تێدایە و ئاژەڵ بەخێو دەکەن.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان داوا لە هاووڵاتیان دەکات و جەخت دەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی؛ ئاماژە بەوەش دەكات لە کاتی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگادار بکەنەوە.
هاووڵاتیان و بەخێوکەرانی ئاژەڵ و ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ بەرهەمی ئاژەڵدا هەیە، ئەگەر هەر نیشانەیەکی ناتەندروستیان بینی، خێرا سەردانی نەخۆشخانە بکەن بێ دواکەوتن.
بە گوێرەی ئاماری تۆماركراوەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، ئەمساڵ دوای دەرکەوتنی ئەو چەندین حاڵەتە گومانلێکراوەی نەخۆشینی تای خوێنەچۆڕە لە هەرێمی کوردستان و چوونیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوان، دەرەنجام تەنها نۆ حاڵەت دەسنیشان کران و پشتڕاست کرایەوە؛ لەو دوو حاڵەتیان نەبێ کە ئەمری خوایان کرد، حاڵەتەکانی دیکە بە تەواوی چاک بوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوون.
پاشخان
بۆ دووربوون لە نەخۆشیی تای خوێنەچۆڕە، پێوستە لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ ئەم ڕێنماییە زانستییانە جێبەجێ بکرێن:
1- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کە ڕێگەپێدراون و پزیشکی ڤێنتەرنەری سەرپەرشتیی دەکات.
2- لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ و کەوڵکردن یان پارچەپارچەکردنی گۆشتەکەیان، جلوبەرگی خۆپارێزی وەک: دەستکێش، جزمە، بەرگی تایبەت، ماسکی دەموچاو بەکار بهێنرێن.
3- نابێت خێزان یان خەڵک لە چواردەوری قەساب کۆببنەوە و هاوکاریی بکەن.
4- بەبێ دەستکێش دەست لە کەلاش مەدەن و دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەکە پارچەپارچە بکەن و پاشان دەست بەباشی بشۆردرێ.
5- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان و دانانی کیسی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت.
6- بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بە گۆشت و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.
7-پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەر دەبڕدرێت، بەتایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی کلۆرین پاک بکرێنەوە.
8 – باشتر وایە گۆشت دوای سەربڕینی ئاژەڵ بۆ ماوەی 2٤ كاتژمێر لە پلەی (4 -8) پلەی سەدی هەڵبگیرێت، پاشان بەكار بهێنرێت. بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەی نییە و نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنەچۆڕە.
9- ئەگەر ئاژەڵ گەنە یان مێرووی تری هەبوو باشتر وایە سەر نەبڕدرێت.
تای خوێن بەربوون چیە؟
نەخۆشیەكی ڤایرۆسیی هاوبەشی مەترسیدارە بە هۆی مێرووی گەنەوە دەگوازرێتەوە بۆ (مرۆڤ و ئاژەڵ وەك مانگا و مەڕ و بزن و سەگ). ئەم ڤایرۆسە لە خانەخوێی وەك گەنە، مێشولە، شەمشەمە كوێرە، قرتێنەرەكان.ئەم نەخۆشیە لە عێڕاقدا بوونی هەیە و ساڵانە چەندین حاڵەتی لێ تۆمار دەكرێت . ڕێژەی مردن بەم نەخۆشیە زۆر بەرزە و دەگاتە 50 %.مەترسی ئەم نەخۆشیە لەوەدایە تا ئێستا هیچ ڤاكسینێكی بۆ نەدۆزراوەتەوە
نیشانەكان :
• تا
• شەكەتی و بێهێزی
• گێژ خواردن.
• ئازاری ماسوولكەكان یان ئێسك یان جومگەكان
• هێلنج و ڕشانەوە
• سكچوون
نیشانە مەترسیدارەكان :
لەوانەیە نیشانەكان لە ماوەی 2 – 21 ڕۆژ دەربكەون بەپێی جۆری ڤایرۆسەكە.
• خوێن بەربوونی ژێر پێست یان ئۆرگانە ناوخۆییەكان یان لە چاو، دەم و گوێكان.
• ناڕێكی لە كاری كۆئەندامی دەمار .
• لەهۆش خۆچوون.
• وڕێنە كردن.
• پەككەوتنی گورچیلەكان.
• پەككەوتنی جگەر.
هۆكاری تووش بوون بەم نەخۆشییە
1 لە ڕێگەی بەریەككەوتن لەگەڵ ئەو ئاژەڵ و مێشوولانەی تووش بوو بەم ڤایرۆسە وەك مێشوولە، گەنە،قرتێنەرەكان و شەمشەمە كوێرە.
2 هەندێك جۆر لە تای خوێن بەربوون دەگوازرێتەوە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر.
شێوازی گواستنەوە:
لە ڕێگەی پێوەدانی مێشوولە و گەنە بە مرۆڤەوە، یان لەڕێگەی بەریەككەوتن لەگەڵ شلە و دەردراوی كەسی تووش بوو وەك خوێن، لیك، تۆوی پیاو. هەندێك جاریش لە ڕێگەی بۆن كردنی پاشەڕۆ یان میزی مشكی تووش بوو.
3 لەكاتی گەشت كردن بۆ ناوچەیەك كە ئەم نەخۆشیەی تێدا باوە، لەوانەیە تووشی تای خوێن بەربوون ببیت بەڵام لە كاتی گەڕانەوەت لە گەشتەكەت نیشانەكانت لێدەركەوێت.
فاكتەرەكانی مەترسی
• كار كردن لەگەڵ كەسانی تووش بوو.
• سەربڕین و خواردنی ئاژەڵی تووش بوو.
• بەكارهێنانی سرنجی كەسانی تر لە ڕێگەی بۆڕیەكانی خوێنەوە
• جووت بوون بەبێ بەكارهێنانی كۆندۆم.
• كاركردن لەو شوێنانەی كە قرتێنەری تێدا هەیە.
• بەركەوتنە بەر خوێنی یان شلەی كەسێكی تووش بوو.
ماكەكان:
• شۆك بەهۆی هەوكردنی خوێن
• پەككەوتنی چەند ئۆرگانێك
• گیان لەدەستدان.
خۆپاراستن لەم نەخۆشیە:
1- دووركەوتنەوە لەو شوێنانەی كە نەخۆشیەكەی تێدا بڵاوبوەتەوە.
2- بەكارهێنانی كەرەستەی خۆپارێزی كەسی وەك دەسكێش، زرێی دەم و چاو
3- كڕینی گۆشت لە شوێنی باوەڕپێكراو
4- كوڵاندنی گۆشت بۆ سەرووی پلەی 70 ی سەدی.
5- دووركەوتنەوە لە كەسانی گومان لێكراو.
6- دانانی تەلمێش بۆ دەرگا و پەنجەرەكانی ماڵەوە.
7- فڕێدانی پاشماوەی ئاژەڵی سەربڕاو لە شوێنی تایبەت بە پاشماوەی ئاژەڵان
8- سەربڕینی ئاژەڵ لە سەربڕخانەكان .
9- لەناو بردنی مێشوولە و قرتێنەرەكان .

