رۆژنامەی ھەولێر

فێرمین لۆپێز، دەیەوێ لە یانەی بەرشلۆنە بمێنێتەوە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

فێرمین لۆپێز، دەیەوێ لە یانەی بەرشلۆنە بمێنێتەوە
هێشتا چارەنووس و داهاتووی یاریزان و ئەستێرەی یانەی بەرشلۆنە فێرمین لۆپێز، یەكلا نەبووەتەوە و ناڕوونە، لە كاتێكدا یانەی چێڵسی، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا بایەخی زۆری پێ دا.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، بلاوی كردەوە، كە فێرمین خواستی یەكەمی مانەوەیە لە یانەی بەرشلۆنە، بەڵام یاریزانەكە بڕیاری كۆتایی خۆی ئاشكرا نەكردووە، ئەوەش وای كردووە رۆیشتنی لە یانەكە ئەگەرێكی كراوە بێ.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، لەم چەند كاتژمێرەی داهاتوودا، ئەگەر ڕێككەوتن لە نێوان فێرمین و بەرشلۆنە و چێڵسی نەكرێ، ڕۆییشتنی لە یانەكە زۆر ئاڵۆز دەبێ، چونكە كاتێكی زۆر كەمی لەبەردەمدا دەمێنێتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، نوێنەرانی فێرمین و دیكۆ، چەند جارێك گفتوگۆی هاوبەشیان كردووە، هەردوولا بەبێ كۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ، بە درێژیی لەو رووەوە قسەوباسیان كردووە.
ڕوونیشی كردووەتەوە، كە سەرەڕای ئەوە، یانەی بەرشلۆنە، لۆپێز بە یەكێك لە یاریزانە بەنرخەكانی دادەنێ و پێی وایە كە دەبێ پارێزگاری لە مانەوەی بكا، بە تایبەت پابەندییەكی زۆری هەیە و تۆپی زۆر ورد دەنێرێ.
سەرەڕای ئەوە، یانەی بەرشلۆنە، ڕایگەیاندووە كە فێرمین لە یانەكە ناڕوا، مەگەر بۆندێكی باشی بۆ بێ، كە نەتوانین رەتی بكەینەوە و یاریزانەكە قبووڵی بكات بڕوا، چونكە لۆپێز لەنێو پلانی ئێستەی بەرشلۆنەدایە و دەتوانێ هانز فلیكی راهێنەر بهێنێتە بڕوا، كە وەكوو یاریزانی سەرەكی بەشداری بكا، ئەوەیش لە ڕێی مەشق و هەوڵ و یارییەكانەوە.
فێرمین لەنێو یانەی بەرشلۆنە، رووبەرووی ڕكەبەرییەكی سەخت بووەتەوە، بە تایبەت كە دانی ئۆلمۆ لەو یانەیە و یانەكە وەرزی ڕابردوو وەبەرهێنانی زۆری پێوە كرد، ڕافینیایش ڕۆڵی یاریسازی لە یاریی بەرشلۆنە بەرانبەر لێڤانتی گێڕا و وەرزی ڕابردووش 34 گۆڵی تۆمار كرد.
30%ی ئەو خولەكانەی فێرمین وەكوو یاریزانی باڵ لە وەرزی ڕابردوو یاریی كردووە، كەم دەبێتەوە لەگەڵ هاتنی ماركۆس ڕاشفۆرد و بوونی ڕافینیا.
لای خۆیەوە یانەی بەرشلۆنە، دەرگای بە رووی فێرمیندا بۆ پڕۆژە نوێیەكەی كردووەتەوە، بەڵام بەرشلۆنە ئۆفەری یەكەمی ئەو یانەیەی پاشگوێ خست كە 40 ملیۆن یۆرۆ بوو. لەگەڵ هەندێ گۆڕانكاریدا.
سەرەڕای ئەوەی چێڵسی هەلی دەستخستنی چاڤی سیمۆنزی لەدەست داوە، كە بەرانبەر 60 ملیۆن یۆرۆ چووە یانەی تۆتنهام، هاوكات نزیك بوونەوە لە دەستخستنی ڤاكۆندۆی لە یانەی برایتۆن، بەڵام چێڵسی دەرگەی بە رووی فێرمیندا دانەخستووە.
یانەكە، بە نوێنەری یاریزانەكەی ڕاگەیاندووە كە ئۆفەرەكەیان لە 70 ملیۆن یۆرۆوە دەست پێ دەكا و بەرشلۆنە ناچار دەكات دەرگەی رۆیشتن بە رووی فێرمیندا بكاتەوە.
ئێستە فێرمین لە باری بێدەنگیدایە، بەڵام ڕەنگە بە ڕاوێژی نوێنەرانی لەگەڵ دیكۆدا، ڕاگەیاندراوێكی فەرمی بڵاو بكەنەوە. بە ئەگەری زۆر، بڕیاری مانەوەی ئەو یاریزانە دەدەن لە یانەكە، كە گرێبەستی خۆشی تا ساڵی 2029ـیە.

ریاڵ مەدرید ڕەزامەندیی دا لەسەر یاریزانێكی میلان بچێتە خولی ئینگلیزی
یاریزانی ئیسپانی ئەلێكس خێمێنێز، بەرگریكاری یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی، لە چوونی بۆ یانەی پۆرنمۆسی ئینگلیزی نزیك دەبێتەوە، ئەوەش لەم ماوەیەی گواستنەوەی هاوینەدا، كە كاتێكی كەمی ماوە.
خێمێنیز، پێش چوونی بۆ یانەی رۆسۆنێری، لە یانەی ریاڵ مەدرید بوو، بەڵام یانەی ریاڵ مەدرید پارێزگاریی لێ كرد و بە شێوەی بژاردەی ئەگەری دووبارە كڕینەوەی ئەو یاریزانە 20 ساڵە، گرێبەستی لەگەڵ یانەی میلان كرد.
لەو چوارچێوەیەدا، فابریزیۆ رۆمانۆ، شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران لە ئەورووپا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی (ئێكس) بڵاوی كردەوە: ئەلێكس خیمێنێز، دەچێتە یانەی پۆرنمۆس، گرێبەستەكە تەواو بووە دوای ڕێككەوتنی یانە ئینگلیزییەكە لەبارەی ئەو یاریزانەوە، كە بە شێوەی خواستن دەیباتە ریزەكانیەوە لەگەڵ بوونی بژاردەی كڕینی هەمیشەیی، لەگەڵ پێدانی مووچەی تەواوەتی.
ڕۆمانۆ باسی لەوەش كردووە: یانەی میلان بە شێوەی زارەكی لەگەڵ یانەی پۆرنمۆس گەیشتووەتە ڕێككەوتن، بۆ ئەوەی ڕێوشوێنە پزشكی و فەرمییەكان تەواو بكەن لە ماوەی 24 كاتژمێری داهاتوودا. وەك چۆن یانەی ریاڵ مەدرید، ڕەزامەندیی لەسەر گرێبەستەكە داوە، لەگەڵ پارێزگاری لە خاڵی نێو گرێبەستەكە، بەوەی بتوانێ ئەو یاریزانە بكڕێتەوە.
بۆ بیرهێنانەوە، ئەو یاریزانە ئیسپانییە، بە باشی لە هەردوو لای ڕاست و چەپی بەرگری دەتوانێ یاری بكا، بەڵام خراپبوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ راهێنەری یانەی ئەی سی میلان ماسیمیلانۆ ئەلێگری، هۆی دابڕانیەتی لە یانەی میلان.