لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن
جۆرج ئۆروێل، ساڵی ١٩٤٥، لە سەروبەندی کۆتاییهاتنی دووهەم جەنگی هەرە گەورەی جیهان کێڵگەی ئاژەڵانی بڵاو کردەوە. ئەوەندە سەرنج لە تەنزە تەمسیلییەکەی بۆ ستالینیزم درابوو، یەکجێ بووە کتێبێکی گرنگی سەدەی ٢٠ و ٢١یش؛ بەکارهێنانی ئاژەڵان بۆ ڕەخنەگرتن لە ئاکاری مرۆڤەکان، هۆکاری سەرکەوتنی کتێبەکەیە و وەها لێهاتووانە ڕەخنەگیرانەیە، کەمترین کەس بتوانێت نکۆڵی لە لێکچونی بەرازەکانی ناپلیۆن و سنۆباڵەکانی ستالین و ترۆتسکی بکات. لانیکەم زانینی زانیاریی کۆمۆمنیستی (شۆڕشەکەی ئۆکتۆبەری ١٩١٧)، خوێنەر دەگەیەنێتە ئامانج و مەبەستی سەرەکی کتێبەکە. لەم وتارەدا لە ڕووداوەکانی کتێبەکە دەکۆڵینەوە و بەمێژووی ڕووسیای کۆمۆنیستی بەراوردی دەکەین.
کاتێک ئۆروێل بڕیاریدا کێڵگەی ئاژەڵان بڵاوبکاتەوە، یەکێتی سۆڤیەت لەجەنگی دووەمی جیهان، هاوپەیمانی ئیتالیاو ناڕەزایی زۆربوو. تا ڕادەیەک هەموو دەزگا گەورەکان (گانس، فیبراند فیبەر)، ڕەتیانکردەوە و دەزگای (جۆناسان کیپ)یش بەڵێنی چاپکردنی دابوو، بەنهێنی و ڕەنگە کارمەندێکی وەزارەتی زانیاریی بەریتانیا، ڕازی کردبێت گرێبەستەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
کاتێک دەزگای (سێکەر و وابورگ) دوای کۆتایی جەنگی دووەمی جیهان لە ساڵی ١٩٤٥ کتێبەکەی چاپ کرد، سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆی. بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیەکانی شەڕ و دەرکەوتنی ئاماژەکانی جەنگی سارد، تای کێڵگەی ئاژەڵان، خوێنەرانی ئەمریکای گرتەوە. خوێنەرانی ئەورووپی متمانەیان بە کۆمۆنیزمی سۆڤیەت و خوێنەرانی ئەمریکا بە سۆسیالیزم نەما.
ڕووسیای سەرەتای سەدەی٢٠، دوو جەمسەری کەمینەی دەوڵەمەند و زۆرینەی جووتیاران بوو. کە کرێکاران، جوتیاران و ژمارەیەک ڕووناکبیر، دژی چینی سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکان ڕاپەڕین، بەو ئومێدەوە بوون بەهۆی بنەما سیاسی و ئابوورییەکانی مارکس، بەردی بناغەی شارە یۆتۆپیاکەیان دابنێن. مارکس لەکتێبی سەرمایەدا، ئابووریی جەبرگەرای مێژووی مرۆڤایەتی ڕاڤە کرد و بەڵگەی هێنایەوە کۆمەڵگا، لەسەرخۆ و سروشتییانە، لە پاشایەتی و ئەرستۆکراسیەوە، دەگۆڕێت بۆ سەرمایەداری و لەکۆتاییدا کۆمۆنیزم، واتا یەکسانی ڕەها.
زۆربەی جوتیاران ئومێدیا بە بەڵێنەکەی مارکس هەبوو، کرێکاران قەرەبووی کەرامەتیان بکرێتەوەو مرۆڤەکان لەئاستێکدابن. ئایدیای هۆشیارانەی مارکس مانیفێستێکی سادەی دەخواست، دروشمی “کرێکارانی جیهان یەک گرن!”ـی بەرزکردەوە و کارەکەی کرد.
ڕووسیای ساڵی ١٩١٧، بەجدی هەوڵی دا خەونەکانی مارکس بێنێتەدی، بەڵام دوای شەڕی ناوخۆی سیاسی و ئاڵۆز، قەیسەر نیکۆلای دووەم، ناچار کەوت واز لە تاجوتەختی پاشایەتی بێنێت. بۆ ماوەیەکی کەم (ئەلێکساندەر کێرنسکی)ـە سۆسیالیست بوو بە سەرۆکوەزیران، بەڵام بەرەنجامی هەمان ناکۆکی سیاسیی ناوخۆیی، ناچار کەوت دەسەڵات ڕادەستی لینین بکات و ببێتە وتەبێژی هاوشانی.
لینین لە حکومەتە کۆمۆنیستییەکەی، زەوی و پیشەسازی لە هەژمونی تایبەتی وەرگرتەوە و خستییە ژێر چاودێری حکومەت. ئەم قووڵبونەوەی سیستمە ئابوورییەکان، یەکەم هەنگاویان گەیشتنبوو بە بووژانەوەی ئایدیالی خەڵک پێش شەڕ و هێنانی ژێرخانە مۆدێرنەکان، کارەبا بۆ گوندەکان.
لە ساڵی ١٩٢٤ دوای مردنی لینین، ستالین بەهۆی (زینۆڤیڤ و کامێنێڤ)ەوە هاوپەیمانییەکی دژی ترۆتسکی پێکهێنا و لەچەند ساڵێکدا توانی ترۆتسکی سەرەتا لە مۆسکۆ، پاشان حزبی کۆمۆنیست و ساڵی ١٩٢٧ لە سۆڤیەت وەدەرنێت و ببێتە دیکتاتۆری بێڕکابەری سۆڤیەت. ترۆتسکی ڕایکردە مەکسیک و لەوێ بە بڕیاری ستالین، لە ساڵی ١٩٤٠ تیرۆر کرا.
دواتر، زینۆڤیڤ و کامێنێڤ لەم وێنەیەدا سڕدرانەوە
ساڵی ١٩٣٤، سێرج کیرۆڤ هاوپەیمانی ستالین لە لینینگراد کوژرا. ئابووری ئەوکاتەی سۆڤیەت زۆر ناسەقامگیرو ئیفلاس بوو. ستالین هەموو ڕێککەوتنە ترسناکەکانی ترۆتسکی ڕکابەری قۆستەوە. یەک، زیادکردنی پڕوپاگەندەکانی حزب دژی ترۆتسکی، خەڵک هەست بە ئاسایش دەکەن کە سەردەمی ترسناک و ڕابەری گەندەڵیان تێپەڕاندوەو بەهێزتر لەگەڵ ئابووری ئیفلاس و توندوتیژی دەوڵەت ڕابێن و دوو، بیانویەک بۆ پاکسازیی گەورە بهێنرێتەوە.
لە ساڵی ١٩٣٦ تا ١٩٣٨، ستالین پاکسازییەکی گەورەی کرد. هەموو نەیارەکانی ستالین بە پاساوی دژەستالینی بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو. بڕیاری هەموو دادگاکان دیاریکراو بوو و دانیشتنەکانی دادگا تەنیا نمایش بوو. بەپێی بەڵگەی فەرمی سۆڤیەت کە لە سەردەمی خرۆشۆڤ بڵاو کرایەوە، تەنها لە ساڵی ١٩٣٧ و ١٩٣٨، نزیکەی ٦٩٢.٨٦٨ کەس لەسێدارە دران.
چیرۆکی کێڵگەی ئاژەڵان، کۆگایەکی کێڵگەکە دەستپێکی چیرۆکەکەیە. ئاژەڵەکان، لەدەوری بەراز مێجەری پیر (هێمای لینین و ئایدیالی مارکسیستییەکەی) کۆبوونەتەوە و گوێیان گرتووە لە وتاری چەند سەدەیەکە خاوەن کێڵگەکان زاڵمانە فەرمانڕەوایی ئاژەڵەکانیان کردووە. مێجەری پیر بەپێی یەکڕیزی و ناڕەزایەتی، سرودی “ئاژەڵانی بەریتانیا” (هێمای ئینتەرناسیۆنالیست) پێشنیاز دەکات و هەوڵدەدا لەمێشکییاندا شێوە بە وێنا و ئایدیالەکانی دنیای دوای ئازادی بدات. هەر چەندە تەمەنی مێجەری پیر گەشە بەشۆڕشی کێڵگە نادا، ئاژەڵەکان جۆنزی خاوەن کێڵگەیان دەرکردووە و بەئازادی سەرەتایی گەیشتوون. پاشان، دووبەراز، سنۆبال (هێمای لیۆن ترۆتسکی) و ناپلیۆن (هێمای ستالین)، سەرۆکایەتی کێڵگەکە دەکەن و بۆ سەقامگیریی یاسا و بەپێی وتارەکەی مێجەری پیر دەسەڵات ٧ ماددەی دەستووری پەسند کردووە و لەسەر دیواری کۆگاکە نوسیویەتی: (یەک، هەمووئەوانەی بەدوو لاق دەڕۆن، دووژمنن. دوو، ئەوانەی بەچوار لاق دەڕۆن، یان باڵییان هەیە، دۆستن. سێ، هیچ ئاژەڵێک مافی پۆشینی جلوبەرگی نییە. چوار، هیچ ئاژەڵێک بۆی نییە لەسەر سیسەم بخەوێت. پێنج، خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان بۆ هەموو ئاژەڵێک قەدەغەیە. شەش، هیچ ئاژەڵێک مافی کوشتنی ئاژەڵێکی تری نییە. حەوت، هەمووئاژەڵەکان یەکسانن).
کێڵگەی ئاژەڵان، جگەلە بنجامینی وڵاخ، وازیان لە کاری قورسی جەستەیی هێنا و بڕیاریاندا زیاتر شیر و سێو بخۆن. بنجامینی وڵاخ (هێمای هاوڵاتییانی بەتەمەنی سۆڤیەت)، هەموو ڕۆژێک کار و ئەرکەکانی ڕادەپەڕێنێت و گوێ بە بارودۆخی نوێ نادات و کاتێک ئامۆژگاری دەکەن پشوو بدات و واز لە کارکردن بێنێت یان لانی کەم کارێک بۆ شۆڕش بکات، تەنیا دەڵێت: “کەرەکان تەمەنیان درێژە.” بنجامین پاسیڤانە بەردەوام دەبێت تا سەرنج دەدات گیانی هاوڕێکەی، باکستەر لە مەترسیدایە.
بۆ یەکەمجار کاردانەوەی دەبێت، بەڵام هیچی پێ ناکرێت. هەندێک دوای ئازادی، سنۆبال پێشنیار دەکات ئاشێکی با دروستبکەن و ڕوونیدەکاتەوە بەدروستکردنی، ژیانی دانیشتوانی کێڵگەکە ئاسوودە تر دەبێت. ناپلیۆن بەهۆی سوپای سەگەکانی (هێمای NKVD) پلانی سنۆبۆڵ دەدزێت و لە کێڵگەکە دەیکاتە دەرەوە.
ناپلیۆن لە درێژەی چیرۆکەکەدا بە هێواشی ٧ مادەکەی دەستوور پێشێلدەکاو دەچێتەناو جوتیارەکان، جلوبەرگ دەکاتەبەر، لەسەر کورسییەکەی دەخەوێ، مەی دەخواتەوە و هەتا ئاژەڵیتری لە دار داوە یان وەک باکستەر ڕەوانەی کوشتارگەی دەکات (هێمای پاکسازیی گەورەی ستالین). لە دوالاپەڕەی کتێبەکەدا، ئاژەڵەکان لەودیو پەنجەرەوە، سەیری خانوی کێڵگەکە دەکەن کە بەرازەکان بە جلەوە دانیشتوون و پێشوازیی لە جوتیاران و تەنانەت جۆنزی خاوەنی پێشتری کێڵگەکە دەکەن. بەرازەکان کتومت وەک مرۆڤەکان ڕەفتار دەکەن کە هاوڕێیانی کێڵگەکە بۆیان لێکجیان ناکرێنەوە. لە ڕاستیدا دیمەنی کۆتایی چیرۆکەکە هەموارکردنەوەی یاسای حەوتە: “هەموو ئاژەڵەکان یەکسانن، بەڵام هەندێکییان لەوانی تر یەکسانترن”.

