هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
دوای ئەوەی عادل عەلی ڕاهێنەری وەرزی ڕابردووی شێروانە وازی لە پۆستەکەی هێنا، یانەکە کامەران عەلیان وەک ڕاهێنەری تیپەکە دەست نیشان کرد و گرێبەستی چوار یاریزانی وەرزی ڕابردوویشیان نوێکردەوە، لەلایەکی تر بۆ وەرزی نوێی خولەکانی کوردستان یانەی ئاکرێ گرێبەستی دوو یاریزانی نوێ کردەوە.
ئاکرێ گرێبەستی هێرشبەرێکی نوێکردەوە
بەفەرمی سانی سەلام واژۆی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەیانەی ئاکرێ کرد، ئەو هێرشبەرەی پێشووی یانەی شەقڵاوە، ماوەی سێ وەرزە لەگەڵ یانەی ئاکرێ یاری دەکات و نازناوی جامی هەرێمی کوردستان و خولی نایابی کوردستانی لەگەڵ ئەو یانەیە بەدەستهێناوە، دوای دەسبەکاربوونی هێور مستەفا وەک راهێنەری تیپەکە، لە ئێستادا یانەکە سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان و گرێبەستی چەند یاریزانێکی نوێکردۆتەوە و لەماوەی داهاتووشدا گرێبەست لەگەڵ چەند یاریزانێکی نوێ واژۆ دەکات.
بەر لە چەند ڕۆژێکیش بەرگریکاری زاخۆی یوسف ئەحمەد بۆ وەرزی دووەم لەسەریەک گرێبەستی لەگەڵ ئاکرێ نوێکردەوە.
شێروانە گرێبەستی چەند یاریزانێکی نوێکردەوە
بەفەرمی یانەی شێروانە کامەران عەلی ڕاهێنەری پێشووی یانەی نەورۆزی وەک ڕاهێنەری تیپەکە دەست نیشان کرد، راگەیاندنی یانەی شێروانە بڵاویکردەوە: كامەران عەلی وەكوو ڕاهێنەری نوێ یانەکەمان دەستنیشانكرا بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان” ”
ئەو ڕاهێنەرە پێشوی نەورۆز پلەی دووەمی جامی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ نەورۆز کوردستانی بەدەست هێناوە.
هەروەها لە هەنگاوێکی تردا، کارگێڕی یانەکە هەڵمەت عادل کە چەندین ساڵە لەو یانەیە یاری دەکات و کاپتنی تیپەکە بوو، وەک یاریدەدەری ڕاهێنەر دەست نیشانی کرد، دوای ئەوەی ئاراز مستەفا کە وەرزی ڕابردوو یاریدەدەری ڕاهێنەر بوو، ئەم وەرزە وازهێنانی خۆی لە یانەکە ڕاگەیاندبوو.
دوای دیاریکردنی ستافی هونەری یانەکە، شێروانە گرێبەستی سێ یاریزانی بۆ وەرزی داهاتوو نوێکردەوە، دیاکۆ فواد و محەمەد حوسێن یاریزانانی هێڵی ناوەڕاست گرێبەستیان لەگەڵ شێروانە نوێکردەوە، هەروەها یەکێک لەو یاریزانانەی وەرزی ڕابردوو ئاستێکی بەرزی لەگەڵ شێروانە پێشکەش کرد کۆڕەنگ محەمەدی بەرگریکار بوو، ئەویش بەفەرمی واژۆی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی یانە گەرمیانیەکە کرد، دوا یاریزانیش کە ئەم وەرزەیش لەگەڵ شێروانە بەردەوام دەبێت و گرێبەستەکەی نوێکردەوە، یاریزان کوردۆ قاسم بوو.
یانەی شێروانە وەرزی رابردوو توانی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا نازناوی خولی نایابی کوردستان بەدەست بهێێنت.
.
یانەی هەولێر گرێبەستی لەگەڵ یاریزانێکی نێجیری واژۆ کرد
بە فەرمی یانەی هەولێر گرێبەستی لەگەڵ بەرگریکارێکی هەڵبژاردەی نایجیریا واژۆ کرد یانەی هەولێر رایگەیاند: ” ئیمپراتۆر بۆندی لەگەڵ یاریزانی هەڵبژاردەی نایجیریا و هێلی بەرگری ندوکا جۆنیۆر ی ٢١ساڵ واژۆ کرد، ندۆکا پێشتر یاریزانەی هەڵبژاردەی نایجیریا بووە لە دڵی بەرگری یاریی دەکات و لەگەڵ هەڵبژاردەکەی خاوەنی گۆڵێکە.
جۆنیۆر لە دڵی بەرگری یاری دەکات و پێشتر یاری بۆ یانەکانی بیۆند، لیمیتس، ڕێمۆ ستارس لە خولی نێجیری کردووە، لەگەڵ یانەی ڕێمۆ ستارس ١٣٢ یاری کردووە و خاوەنی ٨ گۆڵە.

