رۆژنامەی ھەولێر

رۆژئاوای كوردستان تەنیا بە فیدڕاڵی پرسەكەی یەكلایی دەبێتەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

لەم چەند رۆژەی رابردوودا، ناكۆكی و گرژییەكانی نێوان هەسەدە و حكوومەتی راگوزەری سووریا چڕ بووەتەوە، هەسەدە داوا دەكات، سووریایەكی لامەركەزی بوونی هەبێت و مافی كوردی تێدا فەراهەم بكرێت، بەڵام حكوومەتی سووریا ئەوە رەتدەكاتەوە و داوا دەكەن، سوپای هەسەدە بچێتە سەر وەزارەتی بەرگریی سووریا.

ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی باڵای هەسەدە، سەردانی دیمەشقی كردووە و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا گفتوگۆی چڕیان كردووە، لەبارەی ئەوەی رۆژئاوا ببێت بە فیدڕاڵی، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.

بەگوێرەی بۆچوونی بەشێك لە شڕۆڤەكارانی سیاسی لە توركیا، حكوومەتی راگوزەری سووریا، نموونەیەكی جوانی پێشكەش نەكرد و نەیتوانی هەموو پێكهاتەكانی سووریا كۆ بكاتەوە، بەتایبەت كورد و عەلەوی و دوورزییەكان، بۆیە ئەمە وای لە كورد كرد، متمانە بە حكوومەتەكەی ئەحمەد شەرع، سەركۆماری سووریا نەكەن.

لازقییە، كە عەلەوییەكان لەوێ زۆرینەن، سوپای سووریا پەلاماری دان و كۆمەڵكووژییەكی گەورەی ئەنجامدا، بەتۆمەتی ئەوەی ویستویانە بەهێز كودەتا بكەن و لازقییە لەژێر دەستی حكوومەت دەربهێنن.

هەر چەند مانگێك دوای ئەو شەڕە، لە سوەیدا و لە شەڕێكی سەختدا لە نێوان حكوومەتی راگوزەری سووریا و هێزە دوورزییەكان، شەڕێكی سەخت رویدا و زیاتر لە ١٢٠٠ دوورزی كوژران، پاشان ئیسرائیل سوپای سووری بۆردومان كرد و وەكوو پاڵپشتییەك بۆ دوورزییەكان نەیهێشت ئەو شارە بكەوێتە دەستی سوپای سووریا. دوای ئەو رووداوە، دوورزییەكان داوای سەربەخۆیی دەكەن و لە خۆپیشاندانێكدا داوایان كرد لە سووریا جیا ببنەوە.

لەڤێنت گولتەكین، لێكۆڵەر و شڕۆڤەكاری سیاسی لە توركیا، پێی وایە لە سووریا كورد بەرەو فیدڕاڵی دەڕوات، چونكە ئیدی متمانەیان بە ئەحمەد شەرع نەماوە كە مافی كورد بدات، هەروەها ئەو دوو كۆمەڵكووژییەی سوەیدا و لازقییە، بەتەواوی كوردی بێئومێد كرد لە حكوومەتی شەرع.

لە ١٠ی ٣ی ٢٠٢٥، رێككەوتنێكی هەشت خاڵی لە نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە ئیمزا كرا، بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە بێت، دەبێت هەسەدە بچێتە سەر وەزارەتیی بەرگری سووریا، بەڵام ئیلهام ئەحمەد، دەڵێت رێككەوتنەكە بەو شێوەیە نییە، بەڵكوو هەسەدە رۆژئاوای كوردستان دەپارێزێت، بەڵام سەر بە مەركەز دەبێت.

توركیا بەهەموو شێوەیەك دژی ئەوەیە رۆژئاوای كوردستان فیدڕاڵی وەربگرێت، چونكە بەمەترسی بۆ سەر باكووری كوردستانی دەزانێت، بەڵام كەمیش نین ئەو كەسانەی پێیانوایە فیدڕاڵی باشترین چارەسەرە بۆ سووریای نوێ و بەمە دەتوانن رێگە لە دابەشبوون و شەڕی ناوەخۆ بگیرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان، یەك لەسەر سێی خاكی سووریا لەدەستی هەسەدە دایە، ئەو خاكەی هەسەدەی تێدایە، رۆژئاوای كوردستانە و جگە لەوەی زۆرینەی كورد، هەروەها كریستیان و عەرەب و توركمانیشی تێدایە.

ئێفا محەمەد، شڕۆڤەكاری سیاسی، دەڵێت لە ٢٠١٤ەوە تاوەكوو ئێستا، هەسەدە لەو خاكەی لەدەستی دایە نموونەیەكی جوانی پێشكەش كردووە، بەوەی هیچ یەكێك لەو پێكهاتانەی وەكوو كریستیان و عەرەب و توركمان، تووشی زوڵم و كوشتن و دەركردن نەبوون، بۆیە ئەمە وڵاتانی ئەورووپیشی دڵخۆش كردووە.

بەڵام نیگەرانە لەوەی حكوومەتی راگوزەری سووریا، نەیتوانیوە وەكوو هەسەدە پێكهاتەكان لەباوەش بگرێت، بەپێچەوانەوە ئەو دەستوورە كاتییەی نووسیویانە، بەهیچ شێوەیەك باس لە مافی كورد و عەلەوی و دوورزییەكان ناكات.

هەسەدە داوا دەكات، سووریای نوێ مەركەزی نەبێت و لامەركەزی بێت، بۆ ئەمەشیان جیا لەوەی پێویستە حكوومەتی راگوزەری سووریا رازی بكرێت، دەبێت توركیاش رازی بكرێت، چونكە نزیكترین هاوپەیمانی سووریای نوێ توركیایە، تەنانەت ژێرخانی سەربازی سووریا دراوەتە دەستی توركیا، بۆیە لەرێگەی ئەو كۆمیسیۆنەی لەناو پەرلەمانی توركیا دروست بووە بۆ پرۆسەی ئاشتی، باس لە ئاییندەی كورد لە سووریاش دەكرێت، واتە پڕۆسەی ئاشتی تەنیا بۆ باكووری كوردستان نییە و رۆژئاوای كوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام روون نییە.

نووسەرانی باكووری كوردستان، نموونەی هەرێمی كوردستان دەهێننەوە، بەوەی توانیویانە هەرێمی فیدڕاڵی بۆ كورد بەدەست بهێنن و هیچیش مەترسی نین بۆ سەر توركیا و ناوچەكە. هەروەها باس لە سەرۆك بارزانی دەكەن، كە لە رێگەی ئەو نموونەیەی پێشكەشیان كردووە، ئیلهامیان داوەتە رۆژئاوای كوردستان، كە بە فیدڕاڵی كەمتر رازی نەبن. هەروەها باس لەوەش دەكرێت كە سەرۆك بارزانی، رۆڵی گرنگ و بەرچاو دەگێڕێت تا رۆژئاوای كوردستان بگات بە فیدڕاڵی و لەسووریای نوێدا كورد پێگەی بەهێز بێت.