گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌با: پێوه‌ری زیره‌ك ده‌كرێته‌وه‌ 40 ئه‌مپێر

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێم رایده‌گه‌ێنێت، تەنیا ئەم مانگە کارەبای نیشتمانی 30 ئەمپێر دەبێت و دووبارە دەیکەینەوە بە 40 ئەمپێرەکەی جاران
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بە هۆی بارینی بەفر و بارانێکی زۆر و دابەزینی پلەکانی گەرما، کە چەندین هێڵی کارەبا لەکار کەوتبوون، بڕیارمان دا ئەمپێری کارەبای ماڵان کەم بکەینەوە، تاوەکو ژێرخانەکەمان سەلامەت بێت.
ئەحمەد گوتیشی: لە کاتێکی وەهادا، دابینکردنی کارەبا کولفەیەکی زۆری دەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئەوەی شوێنە ستراتیژییەکانی وەک نەخۆشخانە و پڕۆژەی ئاو و شوێنە پێویستترینەکان بێ کارەبا نەبن، وەزارەتی کارەبا ئەوپەڕی هەوڵی دا کۆمەڵێک بڕیار بدات، کە بە هەوڵ و ماندووبوونی ستافی کارەبا و  کۆنتڕۆڵەکان و چاکسازییەکان، نەمانهێشت گرفتەکان لە کۆنتڕۆڵ دەرچن و هەرچۆنێک بێت کۆنتڕۆڵ کرا.
ناوبراو روونیشی کردەوە: بۆ ئەوەی خەڵکێک کارەباکەی فوول نەبێت و خەڵکێکیش بێ کارەبا نەبێت، بەم مینیتەیشنەی پێشتر کە چل ئەمپێر  بوو، کردمان بە 30 ئەمپێر، بۆ ئەوەی کە کاتەکانی بوونی کارەبا زیاد بکەین، کە بە داتا بەردەستە کاتەکەی زیاد کرا.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا دەشڵێت: خاڵێکی تریش ئەوەیە، تەواوی کارگە گەورەکانمان ئاگادار کردەوە، کە کەمترین ئاستی بەکارهێنانیان هەبێت و مێگاواتی کارەباکە بگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتیان، هەموو ئەم مێگاواتەی گەڕایەوە، لەگەڵ ئەو مینیتەیشنەی کە کە کردمان بە 30 ئەمپێر، لە قازانجی خەڵک خۆیدا بوو، کە کاتەکانی بوونی کارەبایان باش بێت و فشار لەسەر محاویلەی دەرەوە دروست نەبێت.
ئاماژەی به‌وه‌ش داوه‌: ئەم کەمکردنەوەیەی ئەمپێری کارەبا، تا کۆتایی مانگی شوباتە و دووبارە دەیکەینەوە بە 40 ئەمپێرەکەی جاران

ھەواڵی زیاتر