سلێمان تاشان – ههولێر
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی خۆی بەگەڕ خستووە بە هاوکاریی بەغدا کارێک بکات بەشێکی بەرچاو لە پڕۆژەی رێگای ستراتیجیی گەشەپێدان بە خاکی کوردستاندا تێپەرێت و هەرێمی کوردستان لە خێر و بێری ڕێگاکە سوودمەند بێت. پێشنیازەکەی هەرێم بۆ بەغدا جگە لە پتەوتربوونی ئارامیی ناوچەکە و کورتکردنەوەی دەیان کیلۆمەتر رێگا، خەرجییەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیش کەم دەکاتەوە.
دوێنێ چوارشەممە شاندێکی هەرێمی کوردستان بە بەشداریی ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرانی پلاندانان وگواستنەوە و گەیاندن و سەرجەم لایەنە پێوەندیدارەکانی پڕۆژەی ستراتیجیی رێگای گەشەپێدان کۆبوونەوە و یەکێک لەو بابەتانەی تاوتوێ کراوە ئەوە بووە پڕۆژەکە لە جیاتی ئەوەی بە رۆژئاوای رووباری دیجلەدا بەرەو سنووری تورکیا راکێشرێت بە رۆژهەڵاتی دیجلەدا تێپەڕ ببێت.
ئانۆ جەوهەر پێی وایە تێپەڕبوونی رێگاکە بە رۆژهەڵاتی دیجلە کە بە دەشتی نەینەوادا تێپەڕ دەبێت لە کۆمەڵێک رووەوە بە قازانجی عێراق و هەرێمی کوردستان و دانیشتووانی ناوچەکەیە چونکە سی و دوو کیلۆمەتر رێگاکە کورت دەکاتەوە و لەگەڵ ئەمەدا رێگایەکی ئارامترە و خەرجییەکانی پڕۆژەکە کەم دەکاتەوە و پێکهاتەکانی کورد، ئاشووری، کلد، تورکمان، مەسیحی، کاکەیی و سەرجەم پێکهاتەکانی تر لێی سوومەند دەبن.
بەپێی ئەو پێشنیازە پڕۆژەکە دواجار بەقەزای زاخۆدا تێپەڕ دەبێت و دەچێتە خاکی تورکیا و ئەگەر پڕۆژەکە بەم شێوەیە جێبەجێ بکرێت ئەوا لە داهاتوودا بەو هێڵەی شەمەندەفەرەیش دەبەسترێتەوە کە پلان هەیە لە هەڵەبجەوە دەست پێ بکات و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە یەکتر گرێ بدات.
هێشتا بەغدا ئەو داخوازییەی نە رەت کردووەتەوە و نە قبوڵی کردووە و پلانیان هەیە ئەوانیش شاند بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن و لە نزیکەوە شوێنەکە بەسەر بکەنەوە و بە یەکەوە بە کۆدەنگییەک بگەن کە هەموو عێراق لێی سوودمەند بێت.
بە پێی ئەو پڕۆژەیە ڕێگایەکی زۆر پێشکەوتوو بە درێژیی هەزار و دووسەد کیلۆمەتر دادەمەزرێت کە لە بەسڕاوە دەست پێ دەکات و لە زاخۆ کۆتایی دێت و جگە لە ڕێی ئۆتۆمبێل ڕێگای شەمەندەفەریش لەخۆ دەگرێت و لە ناو خاکی تورکیاش سێسەد و بیست کیلۆمەتر ڕێگای ئۆتۆبان و شەشسەد و پازدە کیلۆمەتر ڕێگای شەمەندەفەر بنیات دەنرێت بۆ ئەوەی ڕێگای گەشەپێدان بە ڕێگای ئەوروپا گرێ بدرێت.
جێی باسە جگە لە عێراق و تورکیا، هەر یەک لە قەتەر و ئیماراتیش لەو پڕۆژەیەدا ڕۆڵی کارایان هەیە و ئامانجە سەرەکییەکە گرێدانی ئاسیا بە ئەوروپایە.
رێگاکە ئەگەر لە مەدوایەکی کەمیشدابێت هەر بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت بەڵام ئەگەر بە رۆژئاوای دیجلەدا ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت ئەوا لە هەولێری پایتەخت دوورتر دەبێت و هەرێمی کوردستان تەنیا لە نزیک زاخۆ دەستی بە رێگاکە دەگات.
ئەگەر بنەمای راکێشانی رێگاکە ئابوورییانە و بازرگانییانە بێت و دوور بێ لە بەرژەوەندیی سیاسی ئەوا دەبێت لە رۆژهەڵاتی دیجلەوە تێپەڕێت نەک رۆژئاوا و کورد هیوادارە ویستی خۆی لەم بارەیەوە سەربخات.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودان عێراق و تورکیا چەندین جار لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کۆبوونەوە و دانیشتنیان هەبووە. پڕۆژەکە زۆر بەرفراوانە و ئامانجەکە ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٥٠ سەرجەم قۆناغەکانی جێبەجێ بکرێن.
شاندەکانی عێراق و تورکیا لە ٢٩ی ئابی ساڵی ڕابردوو لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوە و پاڵپشتییەکانیان بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە دووپات کردەوە و لە ئایاری ئەمساڵیش محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا تاوتوێی پرسی راکێشانی رێگاکەیان کرد.
یەکەم جار لە ٢٢ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٤ هەر چوار وڵاتی بەشدار لەو پڕۆژەیە ڕێککەوتننامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد و لە بەیاننامەیەکدا پێداگریان کرد کە پڕۆژەکە ستراتیجییە و پەرە بە پێوەندی و گواستنەوەی بازرگانی لە تەواوی ناوچەکە و جیهان دەدات و خەرجییەکانی گواستنەوە کەم دەکاتەوە و خەرجییەکانی گواستنەوەی کاڵا لە بەندەری فاوەوە بۆ ئەوروپا لەچاو کەناڵی سوێس زۆر کەمتر دەکاتەوە و لە ڕووی کاتیش پازدە ڕۆژ کورتی دەکاتەوە.
تورکیا پڕۆژەکە بە ڕێگای ئاوریشمی نوێ دەزانێت و تێچووی کۆی پڕۆژەکە حەڤدە ملیار دۆلارە بەڵام چاودێرانی ئابووری پێیان وایە دەستکەوت و داهاتی پڕۆژەکە لە داهاتوودا بەرانبەر خەرجییەکانی بنیاتنانی، زۆر زیاترە و سوودێکی زۆر بە عێراق و تورکیا و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی بەشدار لە پڕۆژەکە دەگەیەنێت.

