زیلان سارمەمی
شانۆگەری (باڵندەی کامەرانی)، نووسراوی شوان کەریم شانۆگەرییەکی بوێرانە و تەنزاوییە؛ بە پێکەناندن و تێڕوانینێکی تیژ بە قووڵی برینەکانی میللەت دەردەخات، بە زیرەکی پچڕانی پەیوەندی نێوان سیاسەتمەداران و خەڵک ئاشکرا دەکات و، ئەوە نیشان دەدات کە چۆن بەرپرسان زۆرجار خۆیان لە پرسە ڕاستەقینەکان بەدوور دەگرن، لەبری ئەوەی سەرنجیان لەسەر پرسە ڕاستەقینەکان بێت، لە کۆبوونەوەکاندا کات بەفیڕۆ دەدەن و، باس لە بابەتی ناڕوون دەکەن کە یارمەتی کەس نادات و تەنها لە بەرژەوەندیی خۆیاندایە، هەندێک لە کارەکتەرەکان تەنانەت نازانن بۆچی لە ژوورەکەدان، ئەو دیمەنە لەبەر چاوی بینەر کۆمیدییە، بەڵام زۆر ڕاستە سەبارەت بەوەی کە چۆن دەنگدانی کوێرانە دەبێتە هۆی
هەڵبژاردنی کەسانی ناشایستە لە
دەسەڵاتدا.
شانۆگەرییەکە؛ خۆی لە تەوەرە گەورەکان بەدوور ناگرێت: گەندەڵی لە دادگاکاندا، بەهای کات و بەفیڕۆدانی کات و، جیاوازییەکی پڕ لە ئازاری نێوان هێزەکانی حکومەت و یاخیبووان و شۆڕشگێڕان کە سەردەمانێک خەونیان بە داهاتوویەکی باشترەوە دەبینی، بەڵام بەسەرهاتەکان بە شێوەیەکی نەچاوەڕوانکراو پێچ دەکەنەوە.
بەبێ ئەوەی شتی زۆرتر لەسەر شانۆکە ئاشکرا بکەم، دەڵێم لە کاتی سەیرکردنیدا پێکەنیم و گریام و، بەڕاستی چێژم لێی وەرگرت؛ مەرگی لەناکاوی ئەنارکیستێکی داریۆ فۆی بیر خستمەوە، هەردووکیان تەنز بەکار دەهێنن بۆ ئاشکراکردنی شکستی دامەزراوەیی، هەردووکیان داوامان لی دەکەن سەرنج بدەین و هۆشیار بین.
یەک لە پێناسەکانی شانۆ ئەوەیە کە (شانۆ
قوتابخانەی گەلە)، لەو روانگەیەوە دەتوانین
بڵێین کە وانەیەکی باش لەو قوتابخانەیە پێشکەش بە خەڵک
دەکرێت، بۆیە بە پێویستی دەزانم کە لە هۆڵێکی فراوانتر کە بینەری زۆرتر لە خۆی بگرێ نمایش بکرێت. جۆش و
خرۆشی بینەران و بینینی ئەوەی کە لەیەکەم رۆژی نمایش شوێن نەمابوو بۆ دانیشتن ئەوەی دەرخست کە خەڵک چەند تینووی شانۆ و کاری هونەرین.
یەک بە یەکی ئەندامانی ئەو شانۆگەرییە جێگەی دەستخۆشین کە تینوویەتیی ئەو خەڵکەیان ئەگەر تۆزێکیش بێت شکاند.
ئەگەر گرنگی بەم وڵاتە دەدەیت و هونەردۆستی، بڕۆ سەیری شانۆگەری (باڵندەی کامەرانی) بکە و لەدەست خۆتی مەدە!

