رۆژنامەی ھەولێر

بەرجەستەکردنی واقیعی باو لە هەردوو ڕۆمانی (گێلــــــــە پیاو) و (برایم زەبۆک) دا!

 

خدر ئیبراهیم خدر

 

لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی مرۆڤەکان لەتوانایاندایە کەم و زۆر درک بە گرفت و ئاریشە کۆمەڵایەتی و کەلتووری و فەرهەنگی و ئابووری و سیاسییەکان بکەن، بەڵام لەوەدا ئەوەندە بەرخوردار نین بتوانن ئەو گرفت و ئاریشانە بگوازنەوە ناو کایەی نووسین و، تەوزیفی بکەن. ئیدی لە کڵاوڕۆژنەی هەر سووژەیەکی ئەدەبییەوە بێت، جیاوازییەک دروست ناکات. بە هەمانشێوە لەوەدا بەرخوردار نین بتوانن بە بوێرییەوە لەناو عەوامدا دەنگی لێ بهێین و بە زمانێکی ڕوون و ئاشکرا قسەی لەبارەوە بکەن و، لە پەنایشیەوە دیدی خۆیانی لەبارەوە دەرببڕن.
لێرەوەیە جیاوازی لەنێوان مرۆڤێکی ئازا و قەڵەمبەدەستێکی هەقنووس و ڕاستبێژ لەگەڵ ئەوانی دیدا دێتە ئاراوە کە بوێری دەداتە بەرخۆیی و، بە پشتبەستن بە زەخیرە مەعریفی و کولتووری و فەرهەنگییەکانی دەتوانێت شۆڕ ببێتەوە بەناو قووڵایی ناخی کۆمەڵگەدا و، لە چوارچێوەی قسەکردن و نووسین سەبارەت بە گرفت و ئاریشە جۆراوجۆرەکان، بەدواداچوونی ورد بۆ پاشخان و ئێستا و داهاتووی ئۆردوی چین و توێژەکانی خەڵکی بکات و، بە چاوی کڕیار شتەکان هەڵبسەنگێنێت. ئەمەش تەنها لەپێناوی بەرجەستەکردنی مەیل و خواستێکی تایبەتی ئەبستراکتدا نییە، بەڵکو لەوە واوە دەڕوات و، بۆ ئەوەیە کە وەک ڕۆشنبیر و مەعریفەکارێک هەڵە و خەوش و کەموکوڕییەکان بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە و کاراکتەرە دەستڕۆیشتووەکانی ناو کایەی دەسەڵات دەستنیشانبکات و، پەنجە بخاتە سەر زام و برینە بەسوێ و دەڵەمەکان. لە هەمانکاتیشدا هەمووان بۆ ئەوە بانگهێشت بکات کە لەپێناو چارەسەریدا بکەونە خۆ و قۆڵی لێ هەڵبماڵن، بەچاوپۆشین لەوەی ئەو چارەسەرییە هەنووکەیی بێت یاخود قۆناغ بە قۆناغ و درێژخایەن بێت.
ئەو چەشنە مرۆڤە قسەکەرە ئازا و قەڵەمبەدەستە هەقنووس و ڕاستبێژانە لەوە بەئاگان کە ئەرکی مرۆڤی هوشیار و ڕووناکبیر ئەوەنییە ڕتووشی ئەو هەڵە و خەوشانە بکات کە لەلایەک بەرپرسانی دەسەڵات، لەلایەکی تریشەوە بەشیک لە مرۆڤەکان کۆمەڵگە هۆکاری بوون، بەڵکو ئەرکی ئەوان ئەوەیە پەردە لەسەر ئەو هەڵە و خەوشانە لابدەن و، لە فۆرمێکی ئەدەبی و ئیتیکی خوازراودا لێیان لەهەڵلا بدەن و، هەڵەکار و خەوتوو و بێئاگاکان هوشیاربکەنەوە.
*
وەختێک قەڵەمبەدەستیكی وریا و بەئاگا و وردبینی وەک (عەزیز نەسین) دێت لە ڕێگەی تەوزیفیکردنی هەڵە و دزێوییەکانی ناو هەناوی کۆمەڵگەی تورکی لەلایەک و دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتە لەلایەکی ترەوە تەوزیفی وشە و نووسین دەکات و، لە بۆتەی چیرۆک و داستان و ڕۆماندا ڕەنگڕێژیان دەکات. ئیحای ئەوە بە تاکەکانی کۆمەڵگە و دەسەڵات دەدات کە کام تای تەرازووی ژیان لە ڕووی کولتووری و ئابووی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە لارە و، نیازی بەوەیە بە شێوەیەکی ئەقڵانی و لۆژیکی هاوسەنگ بکرێتەوە.
ئەو لەوەدا هەمان ڕێچکەی هونەرمەندی کۆمتراژیدی جیهانی (چارلی چاپلن)ــی گرتۆتە بەر لە دەرخستن و پەردەهەڵماڵین لەسەر ناشیرینی و دزێویەکانی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی سیاسیدا. تەنها جیاوازییە لەوەدایە کە (چارلی چاپلن) لە ڕیگەی وێنەوە ئەوە بە دیدی بینەر دەگەیەنێت و، (عەزیز نەسین) لە ڕێگەی وشەوە موخاتەبەی دید و ئەقڵ و زاکیرەی خوێنەر دەکات. لە هەمانکاتدا لەو دەمەی (چارلی چاپلن) واقیعی ژیانی ژێر سێبەری دەسەڵاتی سەرمایەداری و مۆدیلی بەماددەبوونی ژیان لە کورتەفیلمە بێدەنگەکانیدا بەردەستە دەکات، (عەزیز نەسین) دێت واقیعە کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی و سیاسییەکەی کۆمەڵگەی تورکی ژێر هەژموونی دەسەڵاتێکی ڕەگەزپەرست و تۆرانی دەخاتە ڕوو.
(چارلی چاپلن) لە رێگەی فیلمەوە کەسێتی و کار و ڕەفتارە شەڕانگێزەکەی کەسێکی وەک (ئەدۆلف هیتلەر)ی سەرکردەی پارتی (نازی) لە ئەڵمانیا لە ڕوانگەیەکی کۆمیدییەوە ڕەخنەباران دەکات. (عەزیز نەسین) لە ڕێگەی وشە و گفتارەوە ڕەفتار و هەڵوێستە سیاسییە شەڕاشۆیانە و ڕەگەزپەرستانەکەی بەرپرسانی تورک دەخاتە بەر نەشتەری ڕەخنەی قەڵەمەکەی و، لە میانی دیدارێکی لەگەڵ گۆڤارێکی ئەڵمانیدا کە لە سەرەتای نەوەدەکاندا (کە نووسەری ئەم وتارە، ساڵی ١٩٩٤ وەریگیڕاوەتە سەر زمانی کوردی و، هەر ئەو ساڵە، لە یەکێك لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی برایەتیدا بڵاو کراوەتەوە) بە سەرسامییەوە پرسیاری ئەوە دەکات کە ئایا وڵاتەکەی، کوردی لێ هەیە یان نا؟! ئەگەرچی یاسای دەوڵەتی تورکیا بە فەرمی دان بە بوونیاندا نانێت وەک نەتەوەیەکی جیا لە تورک، بەڵام خودی ئەو یاسایە بڕیاری داوە لە مامەڵە فەرمییەکاندا وەرگێڕی تورک دابنرێت بۆ وەرگێرانی قسەکانی ئەو کوردانەی بە مەبەستی کارەکانیان ڕوو لە فەرمانگە حکومەییەکان دەکەن! ئەمەش بە جۆرێک لە تەنز و گاڵتەپێکردنەوە دەردەبڕێت و، ئاراستەی دەسەڵاتدارانی سیاسیی وڵاتەکەی دەکات.
(عەزیز نەسین) لەو دیدارەدا بەرپرسە سیاسییەکانی وڵاتەکەی ڕێنوێنی دەکات کە چیتر درێژە نەدەن بە سیاسەتی نکۆڵیکردن لە کورد وەک ڕەگەزێکی جیا لە تورک لە وڵاتەکەیدا. چونکە ئەوە نابێتە هۆی ئەوەی سەلامەتی وڵات بپارێزرێت، بەڵکو ڕێگە خۆش دەکات تاکو هەمووان بکەونە چاڵێکەوە خۆیان هەڵیانکۆڵیوە و، چەندی توانیویانە قووڵیان کردووە!
*
ئەوەی (عەزیز نەسین) لە توێی چیرۆک و داستان و ڕۆمانەکانیدا نووسیویەتی و، تیایدا پشتی بە واقیعە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سایکۆلۆژی و سیاسییەکەی خەڵکی وڵاتەکەی بەستووە، دەکرێت لە چەندین ڕووەوە هەم بەسەر واقیعی کۆمەڵگەی کوردەواریدا پراکتیزە بکرێت و، هەم بەسەر واقیعە کۆمەڵایەتییەکەی زۆر کۆمەڵگەی تری ڕۆژهەڵاتیدا لە کیشوەری ئاسیادا. نەک هەر ئەوە، بەڵکو دەکرێت پانتایی ئەو پراکتیزەکردنە، ڕووبەڕیکی جوگرافی گەورەی کیشوەری ئەفریقیا و ئەمەریکای لاتینیش بگرێتەوە. چونکە جگە لەوەی لە زۆر ڕووەوە چوونیەکییەکی فەرهەنگی و ئایینی و کۆمەڵایەتی لەنێوانیاندا هەیە، لە هەمانکاتدا لە ڕووی سیاسییشەوە تا ڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی یەکتری، لەژێر هەژموونی ستەم و نادادی و گەندەڵی و خراپەکاری ئیداریدا دەناڵێنن. ئیدی ئەو ستەم و نادادی و گەندەڵی و خراپەکارییە سەرچاوەکەی تاکەکەسی بێت یاخود گروپ و دەستەی تایبەتی بێت یاخود حزبی بێت، چ جیاوازییەکی نابێ.
*
(عەزیز نەسین) لە میانی دوو ڕۆماندا کە لەژێر ناوی (گێلەپیاو) و (برایم زەبۆک)دا نووسیونی و بڵاوی کردونەتەوە، بەشێوەیەکی وەستایانە دیوێک لە دیوە نەرێنییەکانی کۆمەڵگەی تورکی خستۆتە ژێر تیشکی وشەکانی و، بە جۆرێکی سەرنجڕاکێش ڕەخنەی لێ گرتووە. ئەگەرچی نووسەر لەو دوو ڕۆمانەدا دوو واقیعی پێکدژ لەناو هەناوی کۆمەڵگەدا بەرامبەر بە یەکتری ڕادەگرێت کە لە یەکێکیاندا تاکەکەسێک گیرۆدەی فێڵ و ساختەکاری و تەڵەکەبازیی عەوامە. بە پێچەوانەشەوە لە ئەوی تریاندا عەوام گیرۆدەی فێڵ و ساختەکاری و تەڵەکەبازیی تاکەکەسێکە. بەڵام هەردوو نموونەکە وەک سووژەی ڕۆمانەکان لەوەدا یەک دەگرنەوە کە کۆمەڵگەیەکی نەخۆش و دەردەدار لە وڵاتەکەیدا هەیە و، زۆرینەی مرۆڤەکانی ئەو کۆمەڵگەیە لە ڕاستەڕێی ژیانێکی رێک و بێوەی و بێمزەڕەت لایان داوە.
*
نووسەر لە ڕۆمانی (گێلەپیاو)دا کۆمەڵگەی کردۆتە سەنتەر و تیادا نمای کەسێکمان نیشان دەدات کە بەهۆی دڵسافی و ساویلکەییەوە بەدەست خراپەکارییەکانی عەوامەوە گیرۆدەیە و، بەشی زۆری مامەڵە و هەڵسوکەوت و هەڵسان و دانیشتنی لەتەکیاندا بەوە کۆتایی دێت کە بکەوێتە زیندان و، لە پشت میلە و شیشی زیندانەوە درێژە بە ژیانی فیزیکی خۆی بدات.
هەڵبەت، نووسەر لە میانی ڕۆمانەکەوە دەیەوێت ئەوە بە خوێنەر بڵێت کە ئەگەرچی کۆمەڵگە بێبەزەیی و بەرژەوەندخواز و خۆپەرستە، بەڵام خودی (گێلە)ش خەتابارە، بەوپێیەی درێژەدان بە دڵسافی و ساویلکەییەکەی وادەکات بەردەوام فریو بخوات، هەروەها نەشتوانێت بایی ئەوەندە ئیرادە و ئازایەتی بداتە بەر خۆی، لێیەوە توانستی ئەوەی بۆ دروست ببێت ڕووبەڕووی فێڵ و ساختەکاری و تەڵەکەبازی ئەوانی تر ببێتەوە. بە کورتییەکەی نەتوانیت درک بەو ڕاستییە بکات کە بڕوا و ڕۆحیەت و ئیرادەیەکی بەهێز لەتوانایدایە لە زۆر لە گرفت و دژوارییەکان قوتاری بکات و، لەجێگەی ئەوە وەک ڕێویەکی دۆڕاو بکەوێتە زیندان، وەک شێرێکی نەبەزیو لە دەرەوەی زیندان هەناسەی ژیان بدات.
لەو ڕۆمانەدا (گێلە)ی تامەزرۆی (شامی کەباب) و (هاوەڵی هەمیشەیی ژووری زیندان) نمای کەسێتییەکی شکستخواردوو هەیە کە لە بۆتەی سەرخانی کۆمەڵایەتی تورکیادا بەردەوام جەڕڕە و فەڕڕە دەدرێت و، هێشتاش ناتوانێت بەوهێندە ئەقڵ کۆ بکاتەوە لە داوی فێڵ و ساختەکاری و تەڵەکەبازییەکان ڕزگاری ببێت.
لە هەمانکاتدا نووسەر لە میانی ڕۆمانی (برایم زەبۆک)دا تاکەکەسێکی کردۆتە سەنتەر و تیایدا نمای کەسێکمان نیشان دەدات کە تابڵێی ساختەکار و دووڕوو و بەرژەوەندخواز و خۆپەرستە و، کۆمەڵگە بەدەستییەوە وەزاڵە هاتووە و، مرۆڤەکانی سەری دنیایان لێ هاتۆتەوە یەک.
فێڵ و ساختەکاری و تەڵەکەبازییەکانی (برایم زەبۆک) وەک پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە بەڕادەیەک مرۆڤەکانی کۆمەڵگەی نائارام و پەشیو کردووە کە هەمووان بە تەواوی بێنە سەر بڕوایەی کە وەکچۆن پێشێنان گوتوویانە “هەزار دۆستت هەبێت کەمە، بەڵام یەک دژمنت هەبێت زۆرە”. ئەوانیش لەسەر هەمان ڕیتم بڕۆن و شیمانەی ئەوە بکەن کە ” هەزار پیاوچاک هەبن کەمە، بەڵام یەک پیاو خراپ هەبێت، زۆرە”.
نووسەر لە ڕێگەی ئەو ڕۆمانەوە دەیەوێت پێمان بڵێت کە خراپەکاریی ئەو کەسە تەنها پەیوەست نییە بە نیازخراپی و بچووکی و بەرژەوەندخوازیی خۆیەوە، بەڵکو پەیوەستیشە بە بەرپرسانی دەسەڵاتەوە. چونکە دەسەڵات نەک هەر نەیتوانیوە ڕێگە لە دەرکەوتن و مانەوەی ئەو چەشنە کەسانە بگرێت لە کۆمەڵگەدا، بەڵکو بەشێک لە بەرپرسانی دەسڕۆیشتوو لەڕوانگەی بەدەستهێنانی دەستکەوتی ماددی و قازانجی شەخسییەوە ئامادەن بە ئاشکرا و نهێنی دەستی ئەو چەشنە کەسانە بگرن و، بۆیان ببنە فریادڕەس و لە ئۆقیانووسی مەترسییەکان بیانپەڕێننەوە.
چەندەش بەرژەوەندی بەرپرسانی دەسەڵات لەگەڵ ئۆردووی خراپەکاراندا زیاتر یەکانگیر ببێت، گۆمەڵگەش زۆرتر بەرەو وێرانی دەچێت و، ڕایەڵە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی دووچاری لێکترازان دێت.
*
من وای دەبینم، (عەزیز نەسین) وەک نووسەرێکی بەئەزموون بەر لەوەی وشە بخاتە سەر کاغەز و، سەبارەت بە دزێوی و ناشیرینییەکانی وڵاتەکەی بە زمانێکی تەنزئامێز بنووسێت و بدوێت، هەوڵی داوە لە نزیکەوە لە مرۆڤەکانی وڵاتەکەی ڕابمێنێت و، گفتار و کردار و ڕەفتار و مامەڵە و جموجۆڵیان بخاتە ژێر چاودێری. بۆ ئەمەش لە کاتی کڕینی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیدا، بە وردی سەرنجی بابای فرۆشیاری داوە. لەکاتی سەرکەوتن بۆ ناو پاس یاخود تەکسیدا، بە وردی سەرنجی کابرای شوفێری داوە. لە کاتی پیاسە و گەڕاندا، بە وردی سەرنجی لە ڕێبواران و پیادەڕەوان و ماتۆڕسواران داوە. لەکاتی سەردان و وتاردانی بەرپرسانیشدا، بە وردی سەرنجی گفت و بەڵێن و ئەتەکێتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئیدارییەکەی ئەوانی داوە. . .
لەمەشەوە ئەو ڕاستییە تاڵەی بۆ دەرکەوتووە کە پیاوخراپان لایان وایە مرۆڤی چاک و خزمەتگوزار لە کۆمەڵگەدا نەماون. پیاوچاکانیش لایانوایە هەموو بنیادەمەکانی کۆمەڵگە پیاوچاک و خزمەتگوزارن. هەروەها ئەو ڕاستییە تاڵەی بۆ دەرکەوتووە کە هەر کەسێک بەڕبەی خۆی شتەکان دەپێوێت و، بەتەرازووی هەڵسەنگاندنی ئەوانی دی ڕازی نییە. بەهەمانشێوە ئەو ڕاستییە تاڵەی بۆ دەرکەوتووە کە “قسەی چاک درەنگ دەگاتە جێگەی خۆی، بەڵام قسەی خراپ هەمووان پۆستەچین بۆی”. . .
ئەو ڕاستییە تاڵەشی بۆ دەرکەوتووە کە ئەوانەی هیچ نازانن، بەردەوام قسەدەکەن و وشە بەملاولادا فڕێ دەدەن، بەڵام ئەوانەی کە دەزانن، تەنها لە کاتی پێوست و لەو سەروەختەدا دەدوێن کە پرسیاریان لێ دەکرێت یاخود نیازێکی گەورە ناچاریان دەکات بدوێن و قسە بکەن.
ئەو ڕاستییە تاڵەی بۆ دەرکەوتووە کە ئەوانەی بە دوای خەوش و کەموکووڕی و هەڵەی ئەوانی ترەوەن، لە هەمووان زیاتر هەڵە و خەوش و کەموکووڕییان لە بنیادی خویاندا هەیە و، مەبەسەتیانە لەو ڕێگەیەوە کێماسییە گەورەکانی خۆیان دابپۆشن.
دوواجاریش ئەو ڕاستییە تاڵەی بۆ دەرکەوتووە کە ئەوانەی دەتوانن لە بارودۆخە ئاسایی و نائاساییەکاندا هاوسەنگییە مرۆییەکەی خۆیان ڕابگرن کەمینەن و، ئەوانەشی ناتوانن ئەو هاوسەنگییە ڕابگرن، زۆرینەن. . .
*

بڕوانە:
– گێلەپیاو- ڕۆمان، عەزیز نەسین، وەرگێڕان: عەبدوڵڵای حەسەنزادە، چاپی حەوتەم، هەولێر، ٢٠١٠
– برایم زەبۆک، عەزیز نەسین، وەرگێڕان: سەعید یەحیا، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، بەغدا، ١٩٨٥