عومەر چنگیانی
ئیمڕۆ كە سێشەممەیە، 26ـی ئابی 2025، دەكاتە سێی مانگی ڕەبیعی یەكەمی ساڵی1447ـی كۆچی، یان وەك دەڵێن مانگی مەولوو، ساڵانە لایەك لە مسوڵمان نەخاسمە كورد و لە كورستانیش شاری هەولێر، زۆر بە تایبەتی، هەموو مانگەكە تایبەتمەندییەكی خۆی هەیە لەلایان و، سەرباری بە پشوودانانی ڕۆژی دوانزەی مانگەكە لەلایەن حكوومەتەوە، دەكرێتە ڕۆژی دەربڕینی جۆرە خۆشییەك، گوایە وەك هەندێك سەرچاوە ئاماژەی بۆ دەكەن لە ئاوا ڕۆژێكدا دوایین پێغەمبەری خوا محەمەدی كوڕی عەبدوڵای قورەیشی _ دروود و سڵاو لەسەر گیانی پاكی خۆی و خانەوادەكەی بێت _ هاتۆتە دنیاوە و، بەو بۆنەیەوە وەك لاساییەكی خەڵكی تر لەلایەك و وەك بەڕەوازانینی كارەكە لەلایەن هەندێكەوە لەلایەكی ترەوە، دەست دەكرێت بە نیشاندانی هەندێك خۆشی و ڕێوڕەسمی تایبەتی بۆ ساز دەكرێت، كە گومان لەوەدا نییە دڵخۆشكردنی هەژاران بە بەخشینی شیرینی پێیان چەند كارێكی باش بێت، لەو باشتر ئاوڕدانەوەیە لێیان، چ لەلایەن دەسەڵاتەوە بێ، یان لەلایەن زەنگینەكانی وڵاتەوە كە زۆرێكیان خاوەنی سەدان كرێچی و كارگوزارن، ئەگەر ئەو خۆشی دەربڕینە بۆ گەیاندنی خۆشەویستی بێت بۆ پێغەمبەر _ دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت _ نوێكردنەوەی پەیمان لەگەڵ خوا بۆ شوێنكەوتنی قورئان و سوننەت پبرۆزتر و باشترە، لای خۆمەوە بە ئەركی دەزانم، گوڵخەرمانەكانی ئەم مانگەم، تایبەت بكەم بە بیرهێنانەوەی چەندین ئاكاری جوانی موسڵمانانە و هەر لە دەستپێكیشدا وەك زۆر جاری دیكەیش گوتوومە “لە بریتی ئەوەی پێش خوێندنەوەی بابەتەكە بڕیار بدەی و، هەڵبچی و كاردانەوە و، دەمارگیریت پێوە دیار بێت، بەرلەوەی سەنگەرمان لێ بگری، بزانە ئەو ئاستە نزمە لە بیركردنەوەدا كە بێباوەڕەكانی مەككەی تێدا بوو _ لێیشیان قەبووڵ نەكرا _ تۆی مسڵمان تێی كەوتوویت و، وەك موجیزە باست كردووە و، بۆت گوتراوە یان نا؟ چونكە لە مێشكی قورەیشدا كاری پێغەمبەرایەتی، هێنانی گۆڕانكاریی مادی بوو! چونكە لە دەوروبەری خۆیان لە باسی موجیزەی مادیی زێدەتریان لە بارەی عیسا و مووساوە – سەلامی خوایان لێ بێت _ نەبیستبوو! چونكە لە باسی ‘سفرەوخوانی ئاسمانی هاتنەخوارەوە’ بۆ عیسا و، ‘دەستی درەوشاوەی ژێر باڵ’ـی مووسا و، ‘داری بە بەردا كێشراو’ و، ‘ئاوی وەك خوێن سووركراو’ و، ‘بۆقی زۆری لە گشت لایەك ڕژراو’ و، ‘ئەسپێتێدان’ و، ‘دەریای كەرتكراو’، لە موجیزەی پێغەمبەراندا، زیاتریان نەدەزانی، كە محەمەد _ دروود و سڵاوی خوای لێ بێت _ هات و گوتی: منیش پێغەمبەرم و، بە من كۆتایی بەو زنجیرەیە دێت، گەرچی بۆ چاخی تر و، بۆ هەتاهەتایی هات، سەروشكەكانی مەكە وەك ئەوەی گوتبێتی: من ئەندازیارێكی بیركۆڵین و، ڕێگاوبانم! لێیان دەویست بۆ چەسپاندنی ڕاستییەكانی كە هێناویەتی ئاو و، جۆبار و، باغ و باغاتیان بۆ بێنێتە بەرهەم و، لە 90ـەمین ئایەتی سوورەتی “ئیسرا”وە تا 93هەمین ئایەتی ئەو سوورەتەدا، باسیان لێوە دەكا و، دەفەرمێت:
“وتیان: “ئێمە بڕوا بەو دوعاخوێندنە، یان باسی بڵندبوونەوەی تۆ ناهێنین، تا لە زەویدا كانیاوێكی شیرینمان بۆ هەڵنەقوڵێنی!
یان باخێكی میوەی خورما و ترێت هەبێ و، بە نێویشیا چەندین دەریاچە بێن و بڕۆن و، لە زەویدا بتەقێنەوە!
یان ئەگەر _ وەك گومان دەبەیت _ دەسەڵاتت هەیە كەرتێكی ئاسمانمان وەسەردا بێنیتە خوارەوە!
یان فریشتەی خوایی بە شوێن یەكتردا بێنی!
یان ماڵێكی بلوورینت هەبێت!
یان بەرەو ئاسمان بفڕیت و بڵند ببیتەوە!
ئەوكاتیش بڕوا بەو بڵندبوونەوەیەت ناهێنین، تا نامەیەكت لە ئاسمانەوە بۆ نەیەتە خوارەوە و، بۆ خۆمان نامەكە بخوێنینەوە!
لە وەڵامیاندا بڵێ: پەنا بە خوای گەورە، باشە من لەوە زیاتر هەم، كە مرۆڤێكم و پێغەمبەرم؟!” لەو ڕیزبەندییە وردەوە ببن، لە پێشدا، مرۆڤ، پاشان پێغەمبەر _ دروود و سڵاوی خوای لێ بێت _ خوای گەورە بۆ خۆی هەڵیبژاردووە، بۆ ئەوەی ئەمانەتی ڕاگەیاندنی نامەی خوا جێبەجێ بكات، لەكاتێكیشدا كە لە وەسفیدا، لە سێهەم ئایەتی سوورەتی (نەجم)ـدا، فەرموویەتی:
“لەخۆڕا، هیچ شتێک ناڵێت”، ڕوونكردنەوەی خوایی بەوەندە نەوێستا و، خەڵكی وا تێبگەن، كە ئەم حوكمە ڕەها (موتڵەق)ــە، بەڵكو یەكسەر، لە دوای ئەو ئایەتەوە فەرمووی:
“ئەوەی كە دەیڵێت: نیگایەكە، خوا بۆی ناردووە!”، كەوابوو، ئەو سیفەتی عیسمەتەی باسی لێ كرد، ڕەها و بێسنوور نەبوو!
پابەند بوو بە نیگای خواییەوە، بە مانا، عیسمەتەكە تەنیا لە سنووری گەیاندنی پەیامەكەی خوا و، بانگكردنە بۆ ئایینەكەی، ئیتر (محەمەد)ی ڕەسوول ئەوەیە، كە نیگای ‘خوایی’ـی بۆ دێت _ دروود و سڵاوی خوای لێ بێت _ و، عیسمەتەكەیش هەر لەم سنوورەدایە، بەڵام محەمەدی مرۆڤ، لە دەرەوەی بازنەی نیگای خوایی بۆ هاتن و بانگی ئیسلامی و، راگەیاندنی ئایینەكە، دەبێتەوە بە مرۆڤێك و، ڕاستی دەپێكێت و، دەگونجێ نەیشیپێكێت.
یارەكانی پێغەمبەر _ دروود و سڵاوی خوای لێ بێت _ لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە، مامەڵەیان دەكرد؛ بەر لە دەستپێكی جەنگی بەدر، لە ساڵی دووەمی كۆچیدا، كە پێغەمبەر _ دروود و سڵاوی خوای لێ بێت _ سوپاكەی برد و، لەلایەكی شیوەڵی بەدر لایان دا، حوبابی كوڕی مونزیر (خوای لێ ڕازی بێت)، پێی گوت: “ئەرێ مانەوە لەم شوێنە، بڕیارێكی خواییە و، نابێ لێی لا بدەین و، دەبێ گوێڕایەڵی فەرمانی خوای بین، یاخود ئەمە ڕای خۆتە و فێڵێكی جەنگییە؟”، كە فەرمووی: “ئەمە ڕای خۆمە و پلان و، پیلانی جەنگە”، حوباب گوتی: دەی ئێرە باش نییە و، شوێنێكی دیكەی دیاری كرد و، پێغەمبەریش _ دروود و سڵاوی خوای لێ بێت _ ڕاوبۆچوونەكەیی پەسند كرد و، بە گوێیشی كرد. (١)
لەو كاتەدا، ئەو یارە (خوای لێ ڕازی بێت)، ڕاوبۆچوونێكی پێچەوانەی ڕای پێغەمبەری دەربڕی!
ئەوە چۆن؟!
چونكە بابەتەكە لە باسی نیگای خوایی دەرچوو، كەوتە نێو جیهانی ڕادەربڕینێکی پەتی و بەس، ڕای تایبەتی وەكو مرۆڤ.
لەم كاتەدا محەمەدی مرۆڤ بوو دەدوا، نەك محەمەدی پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لێ بێت. (٢)
پەراوێز:
(١) السيرة النبوية، أبو الحسن الندوي، طبعة دارالقلم، دمشق، ص 217 و 2.
(٢) بگەڕێنەوە بۆ لاپەڕە 3ـی خەباتی ژمارە (1632) /27/11/2004 و، (القرآن والسلطان، هموم اسلامیە معاصرە، فهمی هویدی.

