سیاسەت لەسەر فێڵ بینا ناکرێت.

ڕابەر مەحمود

بەوردی، گوێم بۆ پەیامەکەی بەرهەم ساڵح گرت کە ئەو ئێستا لەدواساتەکانیەتی لە کۆشکی سەلام وەک سەرۆک کۆماری عێراق، لە وتارەکەیدا کە وەک مەنەفێستی دووبارە خۆ کاندیدکردنەوەی پێشکەشی کرد بەئاماژەکانی دەستی نوساوی ترسی گەڕانەوە بۆ مێرگەپانی پێ دەگوتین، یەک یەک وشەی بریقەداری دەخستە ڕستەوە، سەرەتا وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی لە پەسنی ئەو کەسانەوە دەست پێ دەکات کە کاری پێیان هەیە، ئەو بێ ئەوەی بزانێ خولی داهاتووی پەرلەمان چۆن کارەکانی ئەنجام دەدات و چەند پڕۆژە یاسا و بڕیاری گرنگی لێ دەردەچێ کەوتە بەیت و بالۆرەی جوان جوانی هونەری و شاعیرانە بۆ پەرلەمانتاران، ئەمەش تەنها بۆ سەرنج ڕاکێشانیانە تاکو دەنگی پێ بدەن.
بەرهەم ساڵح کە سیاسەت بە یاری تۆپی پێ تێگەیشتووە کێ باشتری بداتێ و کێ مووچەکەی یان پۆستەکەی چەورتر بکات ڕوو لەوێ دەکات، ئەو وتی دەبێ کەسێکی خاوەن بڕیار سەرۆک کۆماری عێراق بێت، وا دەزانێ ڕابردووی ئەوەندە دوورە کە کەس شارەزانی نەبێت، نەک تەنها کورد بەڵکو هەموو لایەک دەزانن کە ئەو چۆن “ناوەندی بڕیار” لە دژی مام جەلال دروست کرد و چۆن دووبارە سەرکزانە بۆ یەکێتی گەڕایەوە، هەموو کەس دەزانێ کە پێش ئەوەی کفنەکەی مام جەلال زەرد ببێ بۆ جارێکی تر حیزبێکی تری دروست کرد و ئەمجارە لەپێناو پۆستی سەرۆک کۆماردا، حیزبی بە پڕۆگرام و هاودیدەوە جێ هێشت و هەم دیسان گەڕایەوە ناو یەکێتی و لە سەرۆک کۆماریشدا ڕابردووی خۆی و یەکێتی و تەنانەت کورد و کەرکوکیشی لەیاد کرد.
بەرهەم ساڵح لە وتارەکەیدا باسی ئازادی و ژیانی شکۆمەندانە بۆ عێراقییەکان دەکات، لێرەدا پێویست بەقسەی ئێمە ناکات، تەواوی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆرترین پێشێلکاری ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا لە سلێمانی و لە سەردەمی خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011بوو کە ئەو سەرۆکی کابینەی ئەوکاتی حکومەتی هەرێم بوو، باسی گەندەڵی بەفیرۆدانی سامانی نیشتمانی دەکات وەک ئەوەی ئەو پێشتر جێگری سەرۆک وەزیری عێراق نەبووبێ و دەیان مەلەفی گەندەڵی لە بەفیڕۆدانی پارە سامانی ئەو وڵاتەی لە بەغدا لەسەر نەبێت کە لە ڕابردوودا لەبەر خاتری مام بۆی هەڵنەدراوەتەوە!
لەبەشێکی تری گوتارەکەیدا باسی هێرشەکانی داعش و هەماهەنگی پێشمەرگە دەکات، لەکاتێکدا ئەوەی کەمێک شارەزایی لەو هێرشە کورت مەودا و کورت ماوانە هەبێ ئەزانێ مەبەست تەعریب کردنی ئەو ناوچانەیە کەخاکی ڕەسەنی کوردستانە، وە ئەو دەیتوانی بە حوکمی سەرۆک کۆمار بێت یان (ئەگەر) کاریگەری هەبێت بەهۆی کەسایەتی و پێگەو پەیوەندییەکانی کار بۆ نەهێشتن یان کەمبوونەوەی ئەو هێرشانە بکات.
ئەوانە بەلای منەوە هەموو ئاسایین بۆ کەسێکی وەک بەرهەم ساڵح کە هەمیشە خۆی لە بارودۆخەکان دزیوەتەوە ئەشێ وەک چۆن هەزاران لە هاودیدانی نادید گرت ئاواش سەدان مەلەفی خوی نادیدە بگرێ.
بەڵام، ئەوەی سامناکە و خەفەتبارم دەکات ئەوەیە کە ئەو لە پەیامەکەی دا ئاماژەی پێدا وتی (پێویسته‌ قۆناغی ئاینده‌ قۆناغی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌نده‌ ده‌ستوورییانه‌ بێت كه‌ به‌ ئه‌زموونی كار ده‌ركه‌وتووه‌ هۆكاری ته‌نگژه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی وڵاتن) کە ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە و بەدیدی ئەوانەی لە شەقامی عەرەبی پشتیوانی ئەو زاتە دەکەن ماددەی 140ی تایبەت بە کەرکوک و ماددەی 117ی تایبەت هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو ماددانەی تایبەتن بە دەسەڵاتەکانی هەرێم لە ڕابردوودا زۆرترین تەنگژەی لەسەر دروست بووە و کێشمەکێشمی هێناوەتە نێو کۆبوونەوە و بڕیارەکان، بۆیە پێویستە هەرچی زووترە ڕێ لەو مرۆڤە بگیرێت کە نەک تەنها لە عێراق مەترسیدارە بگرە نابێت هەرێمیش پۆستی سیادی پێ بدرێت.
دواجار پێویستە ئەوە وەبیر ئەو کاندیدەی سەرۆک کۆمار بهێنێنەوە و پێی بڵێین:
کاک بەرهەم، خۆت وتەنی (مرۆڤ دەبێ حورمەتی هەبێ، سیاسەت لەسەر فێڵ بینا ناکرێ)

ھەواڵی زیاتر