رۆژنامەی ھەولێر

دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە جێگری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا کرد

دوێنێ، شاندێکی باڵای پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) بە سەرۆکایەتی بەڕێز (زافەر سیراکایە) جێگری سەرۆک و بەرپرسی کاروباری دەرەوەی پارتی ناوبراو، سەردانی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی له‌ پیرمام کرد و، لە لایەن دەستەی کارگێڕ و مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازییان لێکرا.

له‌دیدارەکەدا، کە هۆشیار زێباری و سیداد بارزانی و مەحمود محەمەد ئەندامانی دەستەی کارگێر و زاگرۆس فەتاح ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەی بوون، هۆشیار زێباری بەناوی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە به‌خێرهاتنی شاندی میوانی کرد، کە بۆیەکەمجارە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، هەروەها سڵاوی جەنابی سەرۆک بارزانی ئاستەی شاندەکە و سەرۆک ئۆردوگان کرد و، تیشکی خستە سەر پەیوەندی پتەو و لەمێژینەی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان هەردوولا و هەرێمی کوردستان و وڵاتی توکیا. هاوکات تیشکی خستە سەر گرنگی ئەو پەیوەندییانە لەپێناو ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە و هەنگاوی هاوبەش بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتی تورکیا.
زافەر سیراکایە، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئه‌و دیدار و پێشوازیه‌ گه‌رمه‌ی كه‌ له‌ مه‌كته‌بی سیاسی لێی كرا، سوپاس و پێزانینی پارتەکەی و سەرۆک ئۆردوگانی ئاراسته‌ی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و پارتی كرد بۆ هەوڵە کاریگەر و بەردەوامەکانیان لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە پێناو سەقامگیری ناوچەکە و هاندانی هێز و لایەنەکان بۆ گرتنەبەری رێگای دیالۆگ و گفتوگۆ لە چارەسەرکردنی گرفتەکان و قوڵکردنەوەی برایەتی نێوان گەلی کورد و تورک و گەلانی ناوچەکە بەگشتی کە سەرئەنجام هەموومان برای یەکین و قەدەرمان لەم ناوچەیەدا بەیەکەوەیە.
هەروەها بەڕێزیان پیرۆزبایی (٧٩)یەمین ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی کە پارتی لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا بە دەستی هێنا کرد و، ئومێدی خواست کە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دڵخۆشکەری لێ بکەوێتەوە و تیشکیشی خستە سەر پەرۆشیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا ئایندەی ناوچەکە و گۆڕانکاری و ئاڵنگاریەکان خرانە بەر باس، ئاماژە بەوەدرا کە کێشە لە هەر وڵاتێک کاریگەری دەبێت لەسەر وڵاتەکانی دیکەی ناوچەکە، بۆیە ئەرکی هەموولایەکە دوربینانە لە پێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیانیان و گەلانی ناوچەکە و چەسپاندنی دیموکراسی هەنگاوبنێن.
لە کۆتاییدا، هەردوولا جەختیان لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پارت و هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا کردەوە و، هاوڕابوون لەسەر هەماهەنگی بەردەوام بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی و نەهێشتنی مەترسیەکانی تیرۆر و چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوەژیان.