رۆژنامەی ھەولێر

پاڵپشتی حکوومەت خواستی لەسەر بەرهەمی خۆماڵی زیاد کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

بڕیارێکی حکوومەتی ھەرێم بازاڕی بەرھەمی ناوخۆیی بووژاندووەتەوە، زیادکردنی بەرھەمی ناوخۆ و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، بووەتە ھەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ ڕێکخستنی بازاڕ و پشتیوانیکردنی زیاتری جووتیاران. ئەوانیش داوا دەکەن، لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمی ناوخۆ حکوومەت بە تەواوەتی ڕێگری بکات، بۆ ئەوەی ھەم ئەوان زیان نەکەن، ھەمیش ئەو کەسەی کە دەکڕێت بەرھەمێکی باش و ساغلەمی دەستکەوێت، لە ھەمان کاتدا ھاندەرێکیش دەبێت بۆ ئەوەی ئێمەی جووتیاران زیاتر گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆ بدەین.

ئێستا لەسەر ڕەفەی زۆربەی مارکێت و دووکانەکان لە بازاڕ و شارەکانی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی خۆماڵی دەبینرێت کە لەلایەن جووتیار، باخەوانی کورد، کێڵگە و کارگەکانی کوردستانەوە بەرھەمھێنراون.
لە مارکێتەکانی ھەرێمی کوردستان، بەرھەمە ناوخۆییەکان ڕیزی پێشەوەی ھەر ڕەفەیەکیان گرتووە، ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە بۆ ساخکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆ.
خواستی خەڵک لەسەر بەرھەمی ناوخۆ زیاتر بووە، چەندین جۆر بەرھەمی ناوخۆ ئێستا لە بازاڕەکانی کوردستان و عێراق و جیھاندا بەردەستن، لەوانە ھەنجیر، ترێ، خۆخ، ھەرمێ و چەند بەرھەمێکی دیکە، چەند بەرھەمی ناوخۆ ھەبێت خەڵک زیاتر حەز لێ دەکات، جووتیارانیش داوا دەکەن، لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمی ناوخۆ حکوومەت بە تەواوەتی ڕێگری بکات، بۆ ئەوەی ھەم جووتیار زیان نەکات، ھەمیش ئەو کەسەی کە دەکڕێت بەرھەمێکی باش و ساغلەمی دەستکەوێت، لە ھەمان کاتدا ھاندەرێکیش دەبێت بۆ ئەوەی ئێمەی جووتیاران زیاتر گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆ بدەین.
بەرھەمەکان خواستێکی زۆریان لەسەرە و بەشێک لە دووکاندار و خاوەنی مارکێتەکان دەڵێن، وایلێھاتووە تا کیلۆیەک لە بەرھەمی وڵاتانی دیکە دەفرۆشین، دوو ھێندە بەرھەمی ناوخۆیی دەفرۆشرێت و ماوەیەکی کەم لە مارکێتەکاندا دەمێننەوە.
گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت بە کەرتی کشتوکاڵی، وایکردووە جووتیاران بەرھەمەکانیان ھەمەچەشن بکەن، ئەو بەرھەمانەش کە پێداویستی ناوخۆ پڕدەکەنەوە، ھەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێن، بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەرھەمە خۆماڵییەکان و پشتیوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە باخەوان و جووتیاران گەرم و گوڕیەکی زۆری بە بازاڕی عەلوەکان داوە.
چەند کارگەیەکی ناوخۆیی بە ھاوکاری و ھەماھەنگیی حکوومەت، بەرھەمی جووتیارانی کوردستان دەخەنە نێو تورەکە و کارتۆنی تایبەتەوە و لە سەریان دەنووسن “لە کوردستان دروست کراوە-Made In Kurdistan” دواتر ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوەیان دەکەن و لە بازاڕی وڵاتان دەفرۆشرێن.
ئازاد شاکر، کە لە یەکێک لە مارکێتەکان کار دەکات، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: چەند ساڵێک دەبێت خواست لەسەر بەرھەمە خۆماڵییەکان زۆر زیادیکردووە، کواڵێتیی بەرھەمە خۆماڵییەکان زۆر باشە، ئەمەش وایکردووە خواستی زۆری لەسەر بێت و فرۆشتنیشی زۆرتر بووە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو.
زۆری خواستی ھاووڵاتییان لەسەر بەرھەمە خۆماڵییەکان، وایکردووە دووکان و مارکێتەکان پشتیوانی لە بەرھەمی ناوخۆ بکەن، گرنگی پێ بدەن و ساخی بکەنەوە، کڕیارانیش دڵخۆشن بەوەی بەرھەمەکانی کوردستان لە مارکێتەکان دەبینن.
سیامەند لەشکری، جووتیارێکی سۆرانە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ناردنە دەرەوەی بەرھەمی کوردستان بۆ دەرەوە دەستکەوتێکی گرنگی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، لەگەڵ ئەوەی پاڵپشتییەکی گرنگە بۆ جووتیاران کە زیاتر ڕوو لە کاری کشتوکاڵی بکەن، چونکە ئەمجارە دڵنیا بوونەوە لەوەی کە بەرھەمەکانیان وەکو ساڵانی ڕابردوو فڕێ نادەن و ھەر بەرھەمێک لە ناوخۆی کوردستان زیاد بێت ھەناردەی دەرەوە دەکرێت.
ئەو جووتیارە، دەشڵێ: داوا لە حکوومەتی ھەرێم دەکەین ئەو کەلوپەلانەی کە پێویستن بۆ جووتیاران دابین بکەن، بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بەو کەرتە بدەن و ھەموو جۆرە بەرھەمێک ھەناردەی دەرەوە بکەن، بەمەش ئابووری ھەرێم دەبووژێتەوە.
بارزان سەنعان، ئەویش کڕیارێکە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پێش ئێستا بەرھەمی وڵاتانی دیکەمان دەکڕی، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە بەرھەمی خۆماڵی لە دووکان و مارکێتەکانی کوردستان دەبینین و دەکڕین، ھیوادارین زیاتر پشتیوانی لە بەرھەمە خۆماڵییەکان بکرێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ساڵانە خشتەیەکی کشتوکاڵی دادەنێت بەدەر لەوە بەرھەمەکانی ناوخۆ پێدەگات، لەو کاتەش بەرھەمی ھاوردەکراو قەدەغە دەکرێت، یان باجی دەخرێتە سەر ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی زیاتر پاڵپشتیی و پشتیوانی بەرھەمی ناوخۆی جووتیاران بکرێت، بۆ ئەوەی لەناو بازاڕەکان ساغ ببێتەوە.
بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەرھەمە خۆماڵییەکان و پشتیوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە باخەوان و جووتیاران، پاڵپشتی بۆ بازاڕی ناوخۆیی لە ھەرێمی کوردستان دروست کردووە. مسلح حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم پەیداکردنی بازاڕە بۆ جووتیاران، ھەروەھا ھەناردەکردنی ئەو بەرھەمەیە بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق و وڵاتانی جیھان، تەنیا ئەمسال سماق و برنجی کوردی بەشێوەیەکی زۆر باش ھەناردەی دەرەوە کراون، زیاتر لە ٤٠٠ تۆن سماق بۆ دەرەوەی ھەرێمی کوردستان نێردراوە، ھەروەھا زیاتر لە ١١٤ ھەزار تۆن پەتاتە ھەتاکۆتایی مانگی حەوت بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق ڕەوانە کراوە، ھەروەھا پیاز و تەماتە ھەناردە دەکرێت.
سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت ئەوەیە گرنگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت، حکوومەت پاڵپشتی جووتیارانە بۆ ئەوەی بەرھەمەکانیان نەمێنێتەوە و بازاڕی ھەبێت، ساڵی ڕابردوو چەند ھەنگاوێک نران و ژمارەیەک بەرھەم ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان کران. ھێمن سەید موراد، بەرێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ھەولێر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونی کردەوە، بەرنامە و سیاسەتیان گرنگیدانی زیاترە بە بەرھەمی خۆماڵی، تاکو بەھۆیەوە نرخی بەروبوومە ناوخۆیەکان بەرز ببێتەوە و کێبڕکێ بکات لەگەڵ بەرھەمە دەرەکییەکان و ڕاگرتنی ھاوکێشەی پێداویستییە ناوخۆییەکان.
عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستان، ڕایگەیاند: بەردەوام ھەنگوینی کوردستان ھەناردەی دەرەوە دەکرێت، پێشتر کۆمپانیا لە ئێمەی دەکڕی و بەناوی خۆیان دەیان بردە دەرەوە، بەڵام ئێستا لەسەر بڕیاری حکوومەتی ھەرێم بەناوی کوردستان ھەناردەی وڵاتان دەکرێت.
سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستان، جەختی لەوەشکردەوە: لە دەرەوە خواستێکی زۆر لەسەر ھەنگوینی کوردستان ھەیە بەھۆی ئەوەی ھیچ دەستکاری ناکرێت و دەرمانی پێنادرێت، بەھۆی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ھەنگوینی کوردستان ئێستا خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە بەخێوکردنی ھەنگ کردووە و خولێکی زۆر بۆ ھاووڵاتییان کراوەتەوە، بۆیە ڕۆژبەڕۆژ ڕێژەی ھەنگ و بەخێوکەری ھەنگیش زیاد دەبێت، ئەوەش دەستکەوتێکی دیکەیە بۆ حکوومەتی ھەرێم.