رۆژنامەی ھەولێر

چین هەموو شتێک بە عێراق دەفرۆشێت و تەنیا نەوتی لێ دەکڕێت

 

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

چین وەک زلهێزێکی ئابووری و پیشەسازی زۆر بە خێرایی پێوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان پەرە پێداوە و بە بە تایبەتی لە دەیەی ڕابردوودا چین زۆر زیاتر لە جاران خۆی خزاندووەتە نێو کەرتی بازرگانیی عێراق و کوردستان و هەناردەی ئەو وڵاتە ساڵ بە ساڵ زیاتر دەکات.

چین بەو وڵاتە ناسراوە کە بەرهەمەکانی بەراورد بە بەرهەمی وڵاتانی ڕۆژئاوا هەرزانترە و هەرزانیی دەستی کرێکار و خێراتر دەستپێڕاگەیشتن بە مادەی خاو وای کردووە خەرجییەکانی بەرهەمهێنان لە چین هەرزانتر بوەستن و دواجار هەرزانتر بە دەستی کڕیارەکان لە تەواوی وڵاتانی جیهان بگات.
وڵاتانی تری پیشەسازی بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیان باجیان سەپاندووە بەڵام عێراق لێی بێبەری بووە چونکە پێویستی بە هەموو جۆرە بەرهەمێکی چین هەبووە و تەنیا نەوتی پێ فرۆشتووە.
کوالێتیی بەرهەمی چینی لە چاو بەرهەمی وڵاتانی ڕۆژئاوا نزمتر بووە هەر چەندە لەم دواییانەدا چینیش بەرهەمی نایاب و بە کوالێتی خستووەتە بازاڕەوە و جگە لە پێداویستیی وردی ناوماڵ و پیشەسازی و کەرستەی جوانکاری و قوماش و پێداویستیی وردی سەرجەم کەرتەکان، ئۆتۆمبێل و ئامێری گەورەش دەخاتە بازاڕەوە.
ئەگەر سەرنجێکی بازاڕەکانی کوردستان بدەین تا دە ساڵ لەمەوبەر ئۆتۆمبێلی چینی لە کوردستان بە دەگمەن دەبینرا بەڵام ئێستا لە هەموو شوێنێک ئۆتۆمبێلی چینی بەرچاو دەکەون و بە دیزاین و مۆدێلی زۆر ناوازە و هەرزانتر لە بەرهەمی رۆژئاوا خراونەتە بازاڕەوە ئەمە بەدەر لەو سەدان جۆر کەرەستەی ئەلیکترۆنیی نوێیەی کە بازاڕەکانی داگیر کردووە.
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ چین لە ساڵی ڕابردوودا بریتی بوو لە پەنجاو چوار ملیار دۆلار کە لەو قەبارەیە سەرووی شازدە میلیار دۆلار بەهای هەناردەی چۆن بووە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەوەی چین هەناردەی کردووە زۆربەی پێداویستییەکانی بازاڕ لەخۆ دەگرێت بەڵام هەناردەی سەرەکیی عێراق بۆ چین زیاتر نەوت بووە.
بە پێی ئامارەکانی چین هەناردەی وڵاتەکە بۆ عێراق لەمساڵدا زیادی کردووە چونکە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوو چین بە بەهای هەشت ملیار و سەد و سی و سێ ملیۆن دۆلار شتومەکی هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کردبوو بەڵام ئەمساڵ تا کۆتایی مانگی حوزەیران بەهای هەناردەکارییەکە گەیشتە نزیکەی هەشت ملیار و نۆسەد ملیۆن دۆلار کە دەیسەلمێنێت بە ڕێژەی دە لەسەدا بەرزبوونەوەی هەناردە ڕوویداوە.
بەپێچەوانە هەناردەی عێراق بۆ چین لە جیاتی ئەوەی زیاد بکات کەمی کردووە و ئامارەکان دەری دەخەن بە نزیکەی نۆ لەسەدا پاشەکشەی هەناردە ڕوویداوە کە بە جۆرێک پاشەکشەی بازرگانیی عێراق هەژمار دەکرێت.
بەپێی ئامارەکە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لە عێراقەوە بە بەهای حەڤدە ملیار و حەوتسەد ملیۆن دۆلار نەوت و هەندێک پێداویستیی تر هەناردەی چین کراوە لە کاتێکدا قەبارەکە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا بریتی بوو لە نۆزدە ملیار و چوارسەد ملیۆن دۆلار و دوو ملیار و سێسەد ملیۆن دۆلار لە بەهای هەناردەی بازرگانیی عێراق دابەزیوە.
دەرەنجامەکە ئەوە دەسەلمێنێت کە هەناردەی چین بۆ عێراق زیادی کردووە و لە هەمان کاتدا هەناردەی عێراق بۆ چین کەمی کردووە.
بۆ نموونە عێراق لە نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا یازدە هەزار ئۆتۆمبێلی چینی هاوردە کرد لە کاتێکدا لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی حوزەیران هەژدە هەزار ئۆتۆمبێلی هاوردە کردووە و تەنیا لە ئۆتۆمبێلدا چین بە ڕێژەی شەست و سێ لەسەدا پەرەی بە هەناردەکاری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان داوە.