پارێزگاری هەولێر:پرسی بە کرێدانی شەقامەکان دەنگۆیە و وەزارەتی شارەوانی پێداچوونەوە بۆ ئەو پرسە دەکا

ئومێد خۆشناو، پاریزگاری هەولێر، ڕایدەگەیەنێت؛ پرسی بە کرێدانی شەقامەکانی هەولێر، پەیوەندی بە وەزارەتی شارەوانییەوە هەیە و ئێستا تەنیا دەنگۆیە.

پاریزگاری هەولێر، لە لێدوانیدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، تیشکی خستە سەر ئەو دەنگۆیانەی باس لە بە کرێدانی شەقامەکانی نێو شاری هەولێر دەکەن و گوتی؛ پرسی بەکرێدانی شەقامەکانی هەولێر، پەیوەندی بە وەزارەتی شارەوانیی–ەوە هەیە، گرێبەستێک هەیە لەنێوان وەزارەت و کۆمپانیایەک کە مێژوەکەی بۆ ساڵی 2017دەگەڕێتەوە، ئەوەی ئێستا هەیە تەنها دەنگۆیە، ئەوەندەی ئاگاداربم وەزارەت سەرقاڵی پێداچونەوەی ئەو پرسەیە، بەڵام پێتان رادەگەیەنم هەولێر جیاوازی نییە لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە، هەرگیز ئێمە کارێک ناکەین زیان بە هاووڵاتیانی خۆمان بگەیەنین.
ئومێد خۆشناو، جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە گۆڕانکارییە ئیدارییەکان بەشێکیان پەیوەندیان بە کەمتەرخەمییەوە هەبووە لەو لافاوانەی ڕابردوو لە شاری هەولێر دروستبوو، سەبارەت بەو پرسە ڕایگەیاند؛ گۆڕانکاری لە پۆستە ئیدارییەکان کارێکی ئاساییە، بەشێکیش لەسەرۆک شارەوانییەکان بەهۆی کەمتەرخەمیان لە روداوی لافاوەکەی شاری هەولێر دورخراونەتەوە، بەشێکی دیکەشیان زۆر باش بوون و بۆیە دوردەخرێنەوە تا لەشوێنی دیکە سوودیان لێوەربگیرێت.
پاریزگاری هەولێر، باسی لە داخستنی ئەو شوێنانە کرد کاری نایاساییان تێدا کراوە و گوتی؛ ،بەشێک لەو شوێنانەی داخراون مۆڵەتی کافتریایان بۆ وەرگیراوە، بەڵام کاری نەشیاویان تێداکراوە، لەوڵاتی ئێمە کاری لەشفرۆشی و قومارکردن بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، بەمەبەستی رێگریکردن لێی ئەو هەڵمەتانەمان ئەنجامداوە و بەردەوامیش دەبێت.

ھەواڵی زیاتر