پرۆژه‌یه‌کی ئاو له گه‌رمیان جێبه‌جێ ده‌کرێت پرۆژه‌یه‌کی ئاو له گه‌رمیان جێبه‌جێ ده‌کرێت
بڕی 830 ملیۆن دینار بۆ چاره‌سه‌رکردنی گرفتی ئاو له ناحیه‌ی باوه‌نوور له گه‌رمیان ته‌رخان کراوە و ئێستا ڕێکاره ئیداری و یاساییه‌کان بۆ جێبه‌جێکردنی پرۆژه‌که ده‌ستی پێ کردووه.
سالار عه‌زیز، وته‌بێژی به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی ئاوی ده‌وروبه‌ری گه‌رمیان، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگه‌یاند: “به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی ئاوی گه‌رمیان به هاوکاریی ئیداره‌ی گه‌رمیان سه‌رقاڵی جێبه‌جێکردنی پرۆژه‌یه‌کین بۆ ناحیه‌ی باوه‌نوور و گونده‌کانی ده‌وربه‌ری، پرۆژه‌که به دیاریکراوی بریتییه له دروستکردنی پاڵاوگه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئاو بۆ دانیشتووانی ناحیه‌که و گونده‌کانی ده‌وربه‌ری که ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه گرفتی که‌میی ئاو یه‌کێک بووە له کێشه به‌رده‌وام و سه‌ره‌کییه‌کانی هاووڵاتییان له ناوچه‌ی باوه‌نوور (پێباز)، بۆیه خۆشبه‌ختانه ئێستا لەلایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمه‌وه بڕی 830 ملیۆن دیناری بۆ ته‌رخان کراوه که بە دوو قۆناغ جێبه‌جێ ده‌کرێت”.
گوتیشی: “ئێستا ڕێکاره ئیداری و یاساییه‌کان بۆ جێبه‌جێکردنی پرۆژه‌که ده‌ستی پێ کردووه و ته‌نده‌رینی پرۆژه‌که دراوه به کۆمپانیای تایبه‌تمه‌ندی بواره‌که و له ئاینده‌یه‌کی نزیکدا هه‌نگاوه کردارییه‌کان ده‌ست پێ ده‌کات”.
ڕوونیشی کرده‌وه: ”هه‌رچه‌نده ده‌بوو چه‌ند ساڵێک پێش ئه‌م واده‌یه‌ی ئێستا پرۆژه‌که جێبه‌جێ بکرایه، به‌ڵام به‌هۆی ئاماده‌نه‌بوونی کۆمپانیاکان بۆ وه‌رگرتنی پرۆژەکه و مه‌ترسییان له قه‌یرانی درایی بۆ ئێستا دوا که‌وت”.