كارزان گلی – ههولێر
رۆژی هەینی، هەردوو سەرۆك، دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پۆتین، لە ولایەتی ئالاسكا كۆبوونەوە، كە بە دیدارێكی مێژوویی ناوی دەهێنرێت و بە گرنگترین دیداری دیبلۆماسی ناوی دەبەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، باسكردنی ئالاسكا، لە میدیا جیهانییەكاندا گرنگی زۆری پێدەدرێت وقتی مێژووی ئەو ولایەتە لێكۆڵێنەوەی وردی لەبارەوە دەكرێت، كە پێشتر سەر بە رووسیا بووە.
هەردوو سەرۆك، لە شاری (Anchorage)ی پایتەختی ئالاسكا كۆبوونەوە، بەڵام ئەگەر ١٥٠ ساڵ بەر لە ئێستا ئەو دیدارە رووی بدایە، دەمانگوت ئەو دیدارە لە خاكی رووسیا روویداوە، چوونكە ئەوكات ئالاسكا سەر بە روسیا بووە و پاشان بە ئەمریكای فرۆشتووە.
ئالاسكا، كە سەردەمێك خاكی رووسیا بووە، ئێستا لەڕووی فراوانییەوە فراوانترین خاكی ئەمریكایە، هەروەها لەڕووی رووبەڕی زەوییەوە یەك لەسەر پێنجی خاكی ئەمریكا پێكدەهێنێت.
ئالاسكا، دەكەوێتە باكووریی رۆژئاوای ئەمریكا، فراوانییەكەی ٨٢ كیلۆامەترە و لەرێگەی گەرووی بێرینگەوە لەرووسیا جیا دەبێتەوە.
كاتێك ترەمپ گوتی با دیدارەكە لە ئالاسكا بێت، بەرپرسانی رووسیا كە دەستنیشان كرابوون بۆ دیاریكردنی شوێنی دیدارەكە گوتیان: ”فڕینی هەردوو سەرۆك لە گەرووی بێرینگ، تا رادەیەكی زۆر لۆژیكییەوە و كۆبوونەوەیەكی لووتكەی گرنگ دەبێت.“
بەڵام پەیوەندیی مێژوویی نێوان رووسیا و ئالاسكا لە ١٧٠٠ەوە دەستپێدەكات، واتە لەدوای سیبیریا، خاكی ئالاسكا دێت كە فراوانترین خاكی رووسیا بووە.
لە ١٧٢٨، بەسەرۆكایەتیی دەریاوانی دانیماركی ڤیتووس بێرینگ، گەڕانێكیان كرد و ئالاسكایان دۆزییەوە، واتە ئەوكات ئالاسكا بەهیچ شێوەیەك سەر بە رووسیا نەبووە، بەڵام بەهۆی س ئەوكاتە تەمێكی زۆر هەبووە، سەركەوتوو نەبوونە لە دۆزینەوەی ئالاسكا و گەشتەكەیان هەڵوەشاندووەتەوە. بەڵام لە ١٧٤١، دووبارە بەسەرۆكایەتیی بێرینگ، گەڕانێكی تریان ئەنجام داوە و بەسەركەوتوویی توانیویانە ئالاسكا بدۆزەنەوە و مرۆڤیان بردووەتە سەر وشكانی ئەو خاكە، كە بۆ ژیان گونجاو بووە.
لەو گەشتەدا، توانیان بازرگانییەكی زۆر گرنگ و گەورە بدۆزنەوە، ئەویش دۆزینەوەی سمۆرەی ئاویی بووە، كە خورییەكەی بەكارهێنراوە بۆ دروستكردنی پاڵتۆ و یەكەم شوێنیش رووسیا بووە كە ئەو خورییەیان بۆی هێناوە و بازرگانییان پێیەوە كردووە. پاشان ئەمریكا و بەریتانیا و ئاسیاش، هاتنە ناو ئەو بازرگانییەوە.
لە سەدەی ١٩دا، ئەمریكا و بەریتانیا، بوونە ركابەریێكی سەرسەختی رووسیا بۆ بازرگانی خوری، بۆیە ئەمە وای لە رووسیا كرد، لە ١٨٢٤دا، لەگەڵ ئەمریكا و بەریتانیا بكەوێتە ناو رێككەوتنی فەرمی بۆ بازرگانی خوری.
بەڵام ئەوەی وای كرد، كە رووسیا رازی بێت ئالاسكا بە ئەمریكا بفرۆشێت، كۆتایی هاتنی سمۆرەی دەریایی بووە، چو1خونكە نەوەكانیان لەناوچوون و نەتوانرا پارێزگاریان لێ بكرێت، بەمەش بازرگانی بەخوری سمۆرەی دەریا نەما و ئالاسكاش بایەخی خۆی لەدەستدا.
ویلیا سیوارد، ئەوكات وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بوو، توانی لەگەڵ رووسیادا بكەوێتە گفتوگۆ بۆ كڕینی ئالاسكا، پێشنیارەكەی پێشكەشی كۆنگرێسی ئەمریكا كرد، لە ١٨ی ١٨٦٧، كۆنگرێس قبوڵی كرد بە بڕی حەوت ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلار ئالاسكا لە رووسیا بكڕێت، ئەوكات پایتەختەكەی سیتكا بوو و ئیدی بە ئەمریكاوە بەسترایەوە.
سەرەتا ئۆپۆزسیۆن لە ئەمریكا سەرزەنشتی ویلیامیان كرد، گوتیان شوێنێكی كڕیوە هیچی لێ نییە و ئەمە كڕینێكی زۆر گەمژانەیە. ئەو پارەیەی ئەوكات بە ئالاسكایاندا، بە سەردەمی ئێستا دەكاتە ١٠٠ ملیۆن دۆلار و ئێستا گەورەترین ولایەتی ئەمریكایە لەڕووی خاكەوە.
لەدوای سەدەی ١٩، لە ئالاسكا ئاڵتون دۆزرایەوە، پاشان نەوت و گازی سرو شتیی و ئەمەش بووە نیعمەتێكی گەورە بۆ ئەمریكا و پارەیەكی خەیاڵیان لەو سەرچاوە سرووشتییانە دەستكەوت، بۆیە لە ١٩٥٩، بووە ٤٩یەمین ولایەتی ئەمریكا.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی (BBC) توركی، لە ئالاسكا ١٢ هەزار رووبار بوونی هەیە، هەروەها چەندین گۆمیش بوونی هەیە، هەروەها تاكە ولایەتی ئەمریكایە، كە بە كەشتی و فڕۆكە دەگەیتە پایتەختەكەی.
بنكەی فڕۆكەوانی دەریایی (هۆت گۆل)، بە سەرقاڵترین بنكەی فڕۆكەوانی دەریایی دادەنرێت لە جیهاندا، لە رۆژێكدا ٢٠٠ فڕۆكەی لێ دەنیشێت و دەفڕێت، بنكەكە ٦٤ هەزار دۆنمە.
ترەمپ و پۆتین، لەو ولایەتە كۆبوونەوە، كە رووسیا وەكوو سینییەكی ئاڵتوونی پێشكەشی ئەمریكای كرد و ساڵانە ملیارات دۆلار سوودی بۆ گەلی ئەمریكا هەیە.

