رۆژنامەی ھەولێر

پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی بە پەلەی نیشتمانییە

غەفوور مەخمووری*
پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرسێکی نیشتمانییە، ئەم بابەتە وەک پرسێکی نیشتمانی پێویستی بە خوێندنەوە و ڕوانین و بۆچوونی جیاواز هەیە، بۆ ئەوەی هەموومان لە کوردستان لە ڕوانگەی سیاسی جۆراوجۆرەوە قسەمان لەسەر ئەم پرسە هەبێت، پێویستە بە گرنگییەوە لەم بابەتە بڕوانین و کار بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەین.

لەمڕووەوە، ڕوانینی من بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕوانینێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و، وەک پرسێكی نیشتمانی کە پەیوەندی بە تێكرای لایەنە سیاسییەكان و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانەوە هەیە، سەیری ئەم پرسە دەکەم، بۆیە پێویستە هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان وتەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان پشتگیری ئەم پرۆسەیە بكەن بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا كابینەی دەیەم پێكبهێنرێت.
ئامانجی گرنگ لە زوو پێكهێنانی كابینەی دەیەم ئەوەیە كە ئەم كابینەیە تەواوكاری بەرنامەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت و دەرفەتێكی دیكە بە بەڕێز مەسرور بارزانی بدرێت بۆ ئەوەی ئەو بەرنامانەی لە كابینەی نۆیەمدا کاری لەسەرکرد، کە بریتی بوو لە بنیاتنانەوەی ژێرخانی کوردستان و سیستماتیکردنی دەزگاو دامەزراوەکانی کوردستان و پاراستنی ئاسایشی کوردستان و بەهێزکردنی پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکەو وڵاتانی عەرەبی و بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپاو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و چەندین کاری گرنگی دیکە لەڕووی ئابووری و کشتوکاڵ و سوود وەرگرتن لە ئاوی سەرزەوی و دروستکردنی بەنداوو بە بازاڕکردنی بەروبوومی جوتیارانی کوردستان و زۆر کاری دیکەش، پێویستە هەموو ئەو کارانە لەكابینەی داهاتوودا تەواوبکرێن، بێگومان بەرهەمی ئەو کارانەش بۆ بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان دەبێت، لێرەدا ئاماژە بە بەشێك لەو کارانە دەكەم كە لەكابینەی نۆیەمدا ئەنجامدراون و کاریان لەسەر کراوە:
١- بەرنامەی كابینەی نۆیەم لە دەستپێكەوە بەرنامەی دەوڵەتسازی بووە لە كوردستاندا، بۆ ئەمەش ئەولەویەتی ئەم كابینەیە هەوڵدان بووە بۆ بونیادنانەوەی ژێرخانی كۆی سێكتەرە جیاوازەكانی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستاندا، هەر لەم كابینەیەدا بەرهەمی بونیادنانەوەی ئەو ژیرخانەمان بینی بەتایبەتی لە بوارەكانی بایەخدان بە ” سیستماتیکردنی دەزگاو دامەزراوەکان، رێگاوبان و پردەكان، مامەڵەی دروست لەگەڵ سەرچاوەكانی ئاوی ژێر زەویی و دروستكردنی دەیان بەندا و پۆنت و چارەسەرکردنی بەشێکی زۆری کێشەی ئاوو کارەبا و .. هتد”.
٢- لەسەر ئاستی فراوانكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان بەهێزتر کردووە و لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی عەرەبی و بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپاو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پەیوەندییەکی باشی بنیاتناوە، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی کەنداو کە پێشتر پەیوەندییەکان لەو ئاستەدا نەبوون، بەڵام لە ئێستادا کابینەی نۆیەم توانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەهێزتر بکات و بیانباتە ئاستێکی باش، لەهەمان کاتدا هەوڵیداوە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كونسوڵگەری یان نوێنەرایەتیان لە هەرێمی كوردستان نیە پەیوەندی دیپلۆماسی تازە بونیاد بنێت و، زەمینەیەكی گونجاوی دروستكردووە بۆ ئەوەی هەم ئەوان كونسوڵگەری و نوینەرایەتی خۆیان لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە و هەمیش هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتیی خۆی لەو دەوڵەتانەدا بکاتەوە.
٣- سەبارەت بەرەوشی ئاسایشی کوردستانیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانی ئاسایشی کوردستان بپارێزێت و خۆی لەو کێشەو ململانێیانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوویاندا و روودەدەن بەدوور بگرێت و سیاسەتێکی هاوسەنگ پیادە بکات و بێلایەنی خۆی بپارێزێت.
٤- خاڵی هەستیار كە لە كابینەی نۆیەمدا دەكرێت ئاماژە پێبدەین و هەڵوەستەی لەسەربكەین، ئەوەیە هەر لەدەسپێكەوە لە كۆتایی ساڵی ” 2019 تا 2025″ ژینگەی كاركردنی ئەم كابینەیە بەردەوام سەقامگیر نەبووە و ڕووبەڕووی كێشەگەلێكی سەخت بۆتەوە كە لێرەدا ئاماژە بە هەندێكیان دەكەین:
ا- لە كۆتایی ساڵی 2019، بەهۆی خۆپیشاندانەكەی تشرینەوە، باردۆخی سیاسیی عیراق تێكچوو و هەتا گەیشتە ئەوەی د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق دەست لەكار بكێشێتەوە، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی ئەو رێككەوتنەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنەكانی شیعە بۆ پێكهانی ئەو حكوومەتە كردبوویان ببێتە مەرەكەبی سەر كاغەز و جێبەجێ نەكرێت، ئەم باردۆخە درێژەی كێشا تا پێكهێنانی كابینەكەی محەممەد شیاع سۆدانی لە ساڵی 2022.
ب- لە سەرەتای ساڵی 2020 پەتای كۆرۆنا وەك پەتایەكی جیهانی بڵاوبۆوەو هەرێمی كوردستانیشی گرتەوە، جگە لەوەی باردۆخی كەڕەنتینە راگەیەنرا و بازاڕ پەكی كەوت، لەهەمانكاتدا نرخی نەوتیش زۆر دابەزی.
ج- دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە كۆتایی 2021، جارێكی دیكە بەهۆی لێكترازانی تەیاری سەدر لەلایەك و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لەلایەكی دیكە، پرۆسەی سیاسیی لە عێراقدا پەكی كەوت، لەم باردۆخەدا هەرێمی كوردستان بووە ئامانجی هێرشی گروپە چەكدارەكانی شیعە بە درۆن و رۆكێت، لەمەش زیاتر دواتر گەیشتە ئەوەی چەند جارێك سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە رۆكێتی بالیستی هەولێری پایتەختی كردە ئامانج.
د- دادگای فیدرالی كرایە ئامرازێك و دژی هەرێمی كوردستان بەكارهێنرا و چەندین بڕیاری نادەستووری دژی هەرێمی كوردستان دەركرد، وەك “ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كوردستان”.
ه- ئالنگاریی سەرەكیش لەسەر ئاستی ناوخۆ بۆ كابینەی نۆیەم ئەوەبوو كە ئەو لایەنە سیاسیانەی هاوپەیمانیان پێكهێنابوو بۆ پێکهێنانی كابینەی نۆیەم، وەك ئۆپۆزسیون مامەڵەیان لەگەڵ كابینەی نۆیەم دەكرد و هاوكاری سەرۆكی حكوومەت نەبوون بۆ ئەوەی بتوانێت بەرنامەكانی بەسەركەتوویی جێبەجێ بكات.
و- بڕینی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە یەکێکە لەو کێشانەی کەوا گرفتی زۆر و کێشەی ئابووری بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان دروستکردووە.
لەناو ئەو هەموو ئاستەنگ و ئالنگارییانەی کە ڕووبەڕووی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوونەوە، جەنابی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆڕاگرانە درێژەی بەکارەکانیدا و رووبەڕووی ئالنگارییەکان بۆوە، لەگەڵ ئەوەی نەتوانرا كۆی بەرنامەی كابینەكە بە تەواوەتی و وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، بەڵام توانرا مامەڵەیەكی لۆژیكیانە لەسەر ئاستی ” بەڕێوەبردنی تەنگژەكان و دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ كێشەكان” بكرێت، لەمەش زیاتر توانرا ئەو زەمینەیە بهێنرێتە ئاراوە كە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەیەكی بێکێشە و سەركەتوانە بەڕێوە ببرێت.
بۆیە بە بڕوای من لەدوای هەڵبژاردنی خوڵی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە، وەک ئەڕکێکی نەتەوەیی نیشتمانی پەلە بکەین لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمەش پێویستە هەموومان پشتگیری ئەوە بكەین كە دەرفەتێكی دیكە بدرێتە بەڕێز مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرنامەی كابینەی نۆیەم درێژە پێبدات و هەرێمی كوردستان بەهێزتر بكات، كە ئەمەش شایەنی ئەوەیە هەموومان پشتیوانی بكەین.
وەك سەرۆك مەسعود بارزانی ڕابەری بزاڤی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی كوردستان، نەخشە ڕێگەی پرۆسەی سیاسیی داهاتووی كوردستانی خستۆتەڕوو، نەخشە ڕێگەكە زیاتر خواستی شەقامی كوردستانی بەرجەستە كردووە كە ئەویش یەكبوون و یەكڕیزی نیشتمانییە لە چوارچێوەی ” یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكوومەت، یەك هێزی پێشمەرگە”، بەجێبەجێكردنی ئەم نەخشە ڕێگەیە ئێمە دەتوانین ببینە خاوەنی حكوومەتێكی یەكگرتوو، بێگومان ئەو حكوومەتە یەكگرتووە دەتوانێت پێگەی هەرێمی كوردستان لەناو هاوكێشە سیاسیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەو ناوچەی ئێمە تێیدا دەژین، بەهێزتر بكات، كە پێویستە ئەمەش خواستی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بێت و، لەم پێناوەشدا پێویستە هەموو لایەکمان پشتیوانی لەو حكوومەتە یەكگرتووە بكەین.
لایەنێكی دیكە؛ كە گرنگە هەڵوەستەی لەسەر بكەین ئەوەیە كە نابێت ئێمە وەك لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك حكوومەتی ئەم حزب و ئەو حزب سەیر بكەین، بەڵكو دەبێت بەوشێوەیە سەیری بكەین كە حكوومەت حكوومەتی هەموو خەڵكی كوردستانە و، گرنگیشە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی بەسەر هەموو جوگرافیای كوردستاندا هەبێت و، تەنیا بەم ئاراستەیەش ئێمە دەتوانین بەرەو داهاتوویەكی گەش هەنگاو هەڵبگرین، ئەمەش وا دەکات کەوا لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عێراق و ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەنگمان دلێرتر بێت، دەتوانین لە چارەسەركردنی كێشەكانمان لەگەڵ عێراق زیاتر پێدابگرین و مافەكانی خۆمان بەدەستبهێنێن و مەرجەکانمان بسەپێنێن و، لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش حسابێكی دیكەمان بۆ دەكرێت.
كەواتە ئەم خوێندنەوەیە ئەوەمان پێدەڵێت” بەهێزی ئێمە وەك هەرێمی كوردستان لە حکومەتێکی یەکگرتوو و یەكبوون و یەكڕیزی كۆی لایەنە سیاسیەكانی كوردستاندایە، دەبێت هەوڵبدەین یەك گوتار و یەكهەڵوێست و یەكدەنگ بین، هەوڵیش بدەین ئەو كارنامەیەی لەكابینەی نۆیەمدا تەواو نەكراون لەكابینەی دەیەمدا تەواو بكرێن.
لەسەر هەموو لایەکمانە لەڕوانگەی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە سەیری پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەین و، پێویستە ئەو لایەنە سیاسییانەی براوەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستانن، ڕەچاوی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بكەن و ئامادەبن و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێرن و پەرلەمان کارا بكەن، لەم قۆناخەدا پێویستیمان بەوەیە “بەرگی تەنگی حزبی” فڕێبدەین و هەموو پێكەوە “بەرگی كوردستانیبوون” بپۆشین.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شەڕو باردۆخە ئاڵۆزەی کە ئێستا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی هەیە، شەڕی غەزە و لوبنان و ئیسرائیل و، هەروەها بەلەبەرچاوگرتنی شەڕی رووسیا و ئۆكرانیا كە کاریگەری بۆ سەر ئەوروپا و بەشێکی زۆری جیهانیش هەیە، بێگومان پێشهاتە سیاسییەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە زۆر رووداوی دیکەش لە ناوچەکەدا روودەدەن، دەبێت لەوە ئاگاداربین ئەمانە هەموویان كاریگەرییان لەسەر باردۆخی ئێمە دەبێت، بۆیە پێویستمان بەوەیە لەم قۆناخەدا ئێمە ئامادەسازییەك بكەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو باردۆخە و دەرهاویشتەو ئەگەر و پێشهاتەكانی ئەو باردۆخە ئاڵۆزە دەكەین، بۆیە لەئێستادا پێویستمان بەوەیە هەموومان هاوكارو پشتیوانی یەكدی بین و هەوڵبدەین پێگەی كوردستان بەهێزتر بكەین و، روانینمان ئەوە بێت کە سەركەوتنی كوردستان سەركەوتنی هەموو لایەكمانە، پێویستە هەر لەو روانگەیەشەوە سەیری ئەم پرسە نیشتمانییە (پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان) بكەین.
* سکرتێری گشتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
تێبینی: ئەم وتارە بە زمانی عەرەبی لە رۆژنامەی (الدستور)ی ئوردەنی، ژمارە 20820، رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی 13 / 8 / 2025 دا، بڵاوبۆتەوە.