سه‌ردار ئه‌سعه‌د*
ئه‌ته‌كێت بریتییه له كۆمه‌لێك یاسا ڕێسا و ڕه‌وشت، كه په‌یوه‌ندیی هەیە بەوانەوە: ڕه‌وشتبه‌رزی، گفتوگۆی ڕێك، ڕوخساری شایسته، ڕێكپۆشی، په‌یوه‌ندی كاریگه‌ر، ڕێزگرتن له به‌رامبه‌ر، هاوكاری و یارمه‌تیدان، پابه‌ندی به كات، قبووڵكردنی ڕه‌خنه، دانه‌بڕان له جیهانگیری و، هتد؛ ده‌بێته هۆی هێزگرتنی كه‌سایه‌تی و پته‌وبوونی هه‌ماهه‌نگی نێوان مرۆڤه‌كان له ژینگه‌ی كاركردندا و، ئامانج له ئه‌ته‌كێتی كاركردن بریتییه له ڕه‌خساندنی ژینگه‌یه‌كی ئه‌رێنی و پڕ به‌رهه‌م و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییەکی سەرکەوتووی پیشه‌یی؛ گرنگترین لایه‌نه باشه‌كانی ئه‌ته‌كێت له‌م چه‌ند خاڵانه‌ی خواره‌وه باس ده‌كه‌ین:
یه‌كه‌م: په‌یوه‌ندییه‌كی كاریگه‌ر (Effective communication)، پێویسته مرۆڤ په‌یوه‌ندییه‌كی كاریگه‌ر دروست بكات له نێوان خۆی و كه‌سانی ده‌وروبه‌ری خۆی و كۆمه‌ڵگه، هه‌روه‌ها ده‌بێت گوێگرێكی باش بێت و گفتوگۆی ڕوون بێت و به ڕێزه‌وه قسه بكات و، زمانپاراو بێت و خۆی به‌دوور بگرێت له ده‌سته‌واژه‌ی ناڕێك و پێشنیاری نه‌گونجاو؛ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ده‌بێت مرۆڤ بچێتە سه‌ردانی نه‌خۆش و، لە شین و شایی و پرسه و بۆنه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی دیکەیشدا بەشدار ببێت، تاكوو په‌یوه‌ندی نه‌پچڕێت له‌گه‌ڵ خه‌ڵك.
دووه‌م: كه‌سی سه‌ركه‌وتوو له كاتی پێویست هاوكاری ده‌وروبه‌ری خۆی ده‌كات و یارمه‌تییان ده‌دات بۆ گه‌یشتن به ئامانجی هاوبه‌ش (Cooperation and assistance)، هه‌روه‌ها خۆی به‌دوور ده‌گرێت له خۆپه‌رستی و كه‌مكردنه‌وه‌ی توانای براده‌رانی تر؛ مه‌به‌ست له هاوكاری مه‌رج نیه ته‌نها لایه‌نی ماددی بێت به‌ڵكو زۆرجار هاوكاری مه‌عنه‌وی زۆر كاریگه‌رییەکی باشی دەبێ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان مرۆڤه‌كان.
سێیه‌م: سەروەختی یاخود پابه‌ندی به كاتەوە (Commitment to appointments)، پێویسته مرۆڤ له كاتی دیاریكراو له كۆبوونه‌وه و كۆڕ و سمینار و چاوپێكه‌وتن وسهردانهكان ئاماده بێت و، له هه‌مان كاتدا ده‌بێت ڕێز له‌و كاته بگرێت كه بۆ براده‌رانی خۆی و خزموكهس و ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی ته‌رخانی ده‌كات؛ كه‌سی سه‌ركه‌وتوو پلان بۆ كاتی خۆی داده‌نێت وكار له‌سه‌ر چه‌ند ئامانجێكی دیاریكراو ده‌كات.
چواره‌م: ده‌بێت مرۆڤ ڕواڵه‌تێكی شایسته یان ڕوخسارێكی ڕێك‌وپێك (Decent appearance)ـی هه‌بێت له پاكوخاوێنی و پۆشینی جلوبه‌رگی گونجاو له ژینگه‌ی كاركردن، تاكوو له‌ناو خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه ڕێكپۆش دیار بێ و، له هه‌مان كاتدا خۆی به‌دوور بگرێت له زێده‌ڕۆیی له جوانكاری و شتی سه‌رنجڕاكێش، چونكه زۆرجار زێده‌ڕۆیی له‌و بواره زیان به كه‌سایه‌تی ده‌گه‌یه‌نێت و، بێزراویان دەکات له‌ناو خه‌ڵكدا، به‌تایبه‌تیش له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا كه‌وا ڕێزێكی زۆر له دابونه‌ریتی ڕه‌سه‌نی خۆمان ده‌گرین.
پێنجه‌م: ڕێزگرتن له تایبه‌تمه‌ندیی كه‌سێتی (Personality characteristics) واته خۆهەڵنەقورتان و تهداخولنهكردن له كاروباری هاوڕێیانی خۆی و كه‌سایه‌تییان و، خۆبه‌دوورگرتن له‌و پرسیارانه‌ی كه‌وا وه‌ڵامه‌كانیان ده‌زانین و بۆ شكاندنی به‌رامبه‌ر ده‌كرێن و، پێویسته پارێزگاری له زانیاری تایبه‌تی براده‌ره‌كانت بكه‌ی و نهێنییان بپارێزیت، چونكه ئه‌و كه‌سانه‌ی نهێنی خه‌ڵكی ده‌پارێزن كه‌سانی زۆر به‌هێزن له ڕووی كه‌سایه‌تی و بیركردنه‌وه‌یه‌كی ژیرانه‌یان هه‌یه و سهركهتوون له ژیاندا.
شه‌شه‌م: په‌یوه‌ندییه‌كی كاریگه‌ر له‌سه‌ر ئه‌نته‌رنێت و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان (Effective online communication)؛ ئێستاکە خه‌ڵكانێك له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و ناوخۆیی خه‌ریكی ناشیرینكردنی ئه‌و دهسكهوتانهن كە لە باشووری كوردستان به خوێنی شه‌هیدان وخه‌بات و كۆڵنه‌دان به‌ده‌ستمان هێناون، بۆیه ده‌بێت زۆر هۆشیار بین و كارەكتهرێكی باش و ڕۆڵێكی كاریگه‌ر بگێڕن و، هه‌ڤاڵان و خزموكهس و دۆستانمان ئاگادار بكه‌ینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و پۆست و بابه‌ت و كۆمێنتانه‌ی كه‌وا له سۆشیال‌میدیا به نادروستی له‌سه‌رمان بڵاو ده‌كرێنه‌وه و، ناكرێ ناحه‌زانمان به كه‌یفی خۆیان بابه‌تی نادروست بڵاو بكه‌نه‌وه و ئێمەیش هیچ نەڵێین و، ته‌نها سه‌یریان بكه‌ن.
حه‌وته‌م: وەرگرتنی ڕه‌خنه (Accepting criticism)؛ مرۆڤ هەقە ڕه‌خنه‌ی بنیادنه‌ر به سینگێكی فراوانەوە وه‌ربگرێت و، هه‌وڵ بدات سوود له‌و ڕه‌خنانه وه‌ربگرێت كه له ئه‌نجامی هه‌ندێ كه‌موكورتی لێی گیراون؛ لەگەڵ ئەوەشدا، نابێت ڕێگا بدات ڕه‌خنه‌ی ڕووخێنه‌ر یان تێكده‌ری لێ بگیرێت، چونكه كه‌سانێكی نابه‌رپرس كاریان ڕووخاندن و لاوازكردنی كه‌سی سه‌ركه‌وتووه؛ ئه‌و جۆره كه‌سانه پێویسته بە توندی وەڵام بدرێنه‌وه، ڕێگه‌یان پێ نه‌درێت به‌رده‌وام بن.
له كۆتاییدا هیوادارین هه‌موومان چاو بخشێنینه‌وه به ئه‌ته‌كێتی خۆمان و، گرنگییەکی زیاتر بدەینە خاڵه به‌هێزه‌كانی خۆمان و، خاڵه لاوازه‌كان ده‌ستنیشان و چاره‌سه‌ر بكه‌ین، با خاڵه لاوازه‌كانمان له ڕووی ئهتهكێتهوه نه‌بێته نه‌خۆشییەکی گوازراوه بۆ دووروبه‌ری خۆمان و، لاساییمان بكه‌نه‌وه، چونكه كه‌سه‌كان سەرمایەی مرۆیین و، پێویسته سوود له توانا مرۆییهكەیان وه‌ربگیرێت بۆ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگه له سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی وڵات.
* ماسته‌ر له جوگرافیای سروشتی

