پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ، وەک جێبەجێکردنی بڕیاری ڕاگەیاندنی ماتەمینی گشتی، و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی نوخشە ناسح پارێزگاری هەڵەبجە، ئاڵاکان لە
دیوانی پارێزگا بۆ نیوەی ستوونەکان داگیران.
دوو ڕۆژی ڕابردوو، لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرە گەورەکەی گوندی مۆردین و چنار، هاووڵاتییەکی خۆبەخش بەناوی ئاری موختار و کارمەندێکی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە بەناوی محەمەد شێخ حەیدەر، لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا، سووتان و گیانیان لەدەستدا. بەو بۆنەیەوە، پارێزگای هەڵەبجە، دوو ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیاند.
پارێزگای هەڵەبجە، ئاماژەی بەوە کرد، “ئەم هەنگاوە دەربڕی خەمی قووڵی پارێزگای هەڵەبجەیە بۆ لەدەستدانی ئەو دوو هاووڵاتییە خۆشەویستە و دووپاتکردنەوەی هاوبەشیی خەمە لەگەڵ بنەماڵەکانیان”.

