ئارام كۆشكی – سلێمانی
پرسی ژینگە، پرسێکی یەکڕەهەندی نییە و پێمان وابێت تەنها بریتییە لە پیسداگەڕانی هەوا، یان بەبیابانبوونی بەشێک لە خاکی وڵاتان. نەخێر، پرسی پیسداگەڕانی ژینگە پرسێکی گەلێک گرنگ و فرەڕەهەند و بەرفراوانە و ئێمە هەوڵ دەدەین بەپێی توانا بەشێک لە وزە و ئەرکی خۆمانی بۆ تەرخان بکەین و هەر جارێک لەسەر لایەنێکی ئەم پرسە سەرنج و بۆچوونی کورت بخەینەڕوو و ئەمە تەنها لەپێناو سەرڕێخستنی بەشێک لە وشیاریی ژینگەیی، کە ئەرک و بەرپرسیارێتی هەموانە بە میدیاشەوە تا ئەمە لە ئەستۆ بگرن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کتێبێکی ناوازە و تایبەتمەندم سەبارەت بە پەیوەندی ژینگە و پەیوەست بە خۆراک خوێندەوە، کە گەلێک سەرنجڕاکێش بوو. کتێبەکە لە چوارچێوەی پڕۆژە ژینگەییەکانی “ڕێکخراوی ئازادبوون”دایە و بەناونیشانی “ئەو خۆراکەی تۆ دەیخۆیت، بە ژەهر گەورە کراوە” بوو، کە کتێبێکە شایستەی خوێندنەوە و هەڵوەستە لەسەرکردن و بە هەندوەرگرتنە لەلایەن هەموو تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی و وەزارەتی کشتوکاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، چونکە کتێبەکە زەنگێکی وشیارکردنەوەیە لە مەترسییەک کە زۆر کەمی لەبارەوە دەزانین.
کتێبەکە چەند توێژینەوەیەکە سەبارەت بە خراپ بەرهەمهێنانی ئەو خۆراکەی کە ئێمە ڕۆژانە دەیخۆین. (خراپ) مەبەست لەوەیە بەشێوەیەکی سروشتی و بەڕێڕەوێکی ئاسایی گەشەکردندا تێنەپەڕیوە و بەرهەم نەهاتووە، بەڵکو لەڕێی ماددی کیمیاوییەوە بەزۆر گەورە کراوە و زوو پێگەیەنراوە، کە ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی بەهای خۆراکی و خاوێنی بۆ بەکارهێنان لەدەست بدات.
لە سەرەتادا کتێبەکە ڕەخنەی جۆرێک لە کاری کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی خۆراک دەکات، کە “کشتوکاڵی پیشەسازی” ناوی دەبات و ئەم کشتوکاڵە ئێستا لە جیهاندا بەربڵاوترین جۆری کشتوکاڵە و لەپێناو زۆرکردن و خێراکردنی بەرهەمدا، سەرمایەداری پەرەی پێداوە و گەشەی بە بەرهەم و باخەکان داوە، ئەمەش تەنها و تەنها لەپێناو قازانجی زیاتر و زیاتر، نەک وەک بانگەشەی بۆ دەکرا لەپێناو کەمکردنەوەی ڕێژەی برسێتیدا بێت. ئەم وتارەی سەرەتای کتێبەکە ڕەخنەی کشتوکاڵی پیشەسازی دەکات، کە هەوڵێکە بۆ بەرهەمهێنانی ژەهر لەڕێی خۆراکەوە و لەوێوە دەچێتە هەموو ماڵێک و دواتریش بۆ جەستەی هەموو تاکەکان. کەواتە دەکرێت بپرسین ئایا ئاسایشی ژینگەی خۆراکیمان پارێزراوە؟
ئەم کتێبە وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە و بەداخەوە وەڵامەکە ئەرێنی نییە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کتێبەکە بەشێوەیەکی زانستیانە و لەڕێی چەند توێژەرێکەوە کۆمەڵێک توێژینەوە و وتاری زانستییەوە دەیانەوێت وشیاریی سەبارەت بە خۆراک و ئەو خۆراکانە بڵاو بکەنەوە، کە ڕۆژانە بەکاری دەهێنین. خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە، کە توێژینەوەکان ڕەشبینانە نەنووسراون، بەڵکو هەوڵی ڕێگەچارە و چارەسەریش دراوە. هەر خودی کتێبەکەش وەکو جۆرێک لە چارەسەرنامە نووسراوە بۆ دەزگا پەیوەندیدارەکان تا ئاسایشی خۆراکی لەو مەترسییە ڕزگار بکەن، کە ڕووبەڕوومان بووەتەوە.
خاڵێکی گرنگ کە دەکرێت لێرەدا هەڵوەستەی لەسەر بکەین ئەوەیە ئەگەر جیهان لە مەترسیدایە و ئاسایشی خۆراکی گەلێک خەتەرخانە و چارەسەری ئەو خەتەرناکییە لەنێو ئەو گەلانەی خاوەنی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانن ئەستەم بێت، ئەوان دەکرێت ئێمە لەو بازنەی خەتەرناکییە بێینە دەرەوە و سوود لە بەرهەمهێنانی سروشتی و کشتووکاڵی ڕەسەن و سروشتی وەربگرین بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک و گەڕانەوە بۆ تامی ڕەسەن و جەستەی تەندروست.
هەشت نووسەر و توێژەر لەم کتێبەدا نووسویانە و سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادبوونیش سەرپەرشت و بەشدارە لە کتێبەکەدا دەشێ هەوڵێک بێت بەرەو ئاراستەی چارەسەری گرفتەکانی بەرهەمهێنانی خۆراک و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانەی کە جیهان تێی کەوتووە و ئێمە لەو بازنەی قەیرانەدا نەبین، یان لێی بێینە دەرەوە.
خاڵێک کە گەلێک جێگەی مەترسییە ئەوەیە کە ئێمە پێمانوایە ئەو خۆراکەی ڕۆژانە دەیخۆین خۆراکێکی سروشتییە و بەشێوە ڕەسەنەکە گەورە کراوە و بەرهەم هێنراوە و پێ گەیشتووە، بەڵام کاتێک لە پرۆسەی بەرهەمهێنانەکەی ورد دەبینەوە، دەبینین پرۆسەکە بەو شێوەیە نییە و بە ژەهر گەورە کراوە، بۆیە هیچکام لەو خۆراکانە ئەو سوودە خۆراکییە بە جەستە ناگەیەنن، چونکە و بەهای خۆراکییان ئاسایی و تەندروست نییە. هاوکاتیش دەشێ ببنە هۆی دەرکەوتن و سەرهەڵدانی چەندین نەخۆشی جۆراوجۆر لە دوورمەودادا. لێرەوەیە کە ئەم کتێبە دەروازەیەکە بۆ ئاگاداری لەو مەترسیانە و هاوکات ئەو کەسانەشی لە بواری کشتوکاڵیدا کار دەکەن و خاوەنی ویژدانێکی زیندووی مرۆیین و دەیانەوێت بەشێوەی تەندروست خۆراک و بەرهەمەکانیان پەروەردە بکەن دەتوانن دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە لە زانیارییەکانی نێوی بەهرەمەند بن.
دەستخۆشی بۆ تیمی ژینگەیی ڕێکخراوی ئازادبوون و چاپکردنی ئەم کتێبە بەنرخە و بەهیوام ئەمە یەکەم کتێب و دوا کتێب نەبێت بۆ خزمەتکردن بە ژینگەی کوردستان و بڵاوکردنەوەی وشیاریی ژینگەیی.

