رۆژنامەی ھەولێر

پارتی حزبی چارەنووسە سەختەکان

فازڵ میرانی
“ئێمە کارمان کرد و سەرکەوتین لە دەرخستنی ناسنامەیەکی ڕاستەقینە بۆ کارپێکردن و ئاسانکارییەکانی ژیان و دامەزراوەکان و تەرکیزکردن لەسەر هەموو گۆشە و دیمەنێکی کوردستان”
یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانە. ساڵێک بە دەستکەوت و تەحەداوە تێپەڕی و ساڵێکی نوێ دێت، کە گەلەکەمان دەستکەوتەکانی لێ دەچنێتەوە و ڕووبەڕووی ئەو تەحەدا و ئاستەنگانە دەبێتەوە کە مێژووی پڕ لە ململانێ و خەبات و تێکۆشانمان بۆی تۆمار کردووین. بە یارمەتیی خوای گەورە، شانبەشانی هاوبیرانمان لە ڕێبازی ڕزگاریخوازی و هاوڕێیانمان لە بیروباوەڕ و خوشک و براکانمان لە ئینتیما، ئەرکەکانمان بە ئەمانەتەوە بەجێ دەگەیەنین، بە بێ ئەوەی سەرپێچی لە سوێندەکانمان بکەین، یان کەمتەرخەمیی ئەنقەست لە بەرپرسیاریەتییەکانماندا بنوێنین.
ئەم ڕێبازە شکۆدارەی مێژووی نەتەوەکەمان، وەفاداریی کادرەکانمان لە ئێستا و ئایندەدا لە پێش هەموو شتێکەوەیە. ئەو بناغەیەی کە لەگەڵ ڕیشەی بەردی چیاکانماندا تێکەڵ بووە و خوێنی شەهیدان و بریندارانمانی بەسەردا ڕژاوە. دواتر بە تێپەڕبوونی ساڵانێک لە باروود و دووکەڵ گەڕاوەتەوە بۆ زەوی، ئینجا بوو بە ئاشتی کۆمەڵایەتی و گۆڕەپانی بونیادنانی مرۆڤ. ئێمە ئایندەی گەلەکەمان لەگەڵ ئێستادا گرێ دەدەین. گرنگترین دەستکەوت ئەوەیە کە ئێمە پشتی گەلەکەمانمان بەرنەداوە و هیچ کەمتەرخەمییەکمان نەکردووە لەپێناو چارەسەرکردنی ئەو دۆسییە ئاڵۆزانەی کە بە هۆی سیاسەتە یەک لەدوای یەکەکانەوە سەریانهەڵداوە، کە ئامانج لێیان نەهێشتنی نەتەوە بووە بە هەموو جۆرەکانی کوشتن و ئامرازەکانیەوە: ماددی و مەعنەوی، تیرۆرکردنی ڕۆحی و زەوتکردنی.
لەو ڕۆژەدا بەتایبەتی، وێنەکان چڕ دەبنەوە لەسەر هەر پیاو و ئافرەت و منداڵێک، کە خۆڕاگر بوون و لە ساڵانی ناخۆشی و تەنگانەدا بەخشندە بوون، ئەو ساڵانەی کە ئێمە تێیدا نەوە لەدوای نەوە خەباتمان کردووە بۆ تێگەیاندنی دەسەڵاتدارانی ستەمکار، کە ئێمە گەلێکی ئازادین و لەپێناو ئازادیدا گیان و تەمەنمان فیدا دەکەین، تاوەکو تاوانبارێک یان سەرکێشێک یان گەوجێک یان نەفامێک نەبێتە گەورەمان. بۆیە پارتی ئێمە ڕاستەوخۆ دوای لەدایکبوونی، بە ئامادەیی و دڵنیاییەوە، لە هەموو قۆناغەکاندا شۆڕشی کرد، شۆڕشی سیاسی، بەرگریی سەربازی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی کرد و بە هەموو شێوە و ناوەڕۆکەکانی ڕێکخستنەکانییەوە، نەک تەنها لەپێناو نەتەوەکەمان، بەڵکو لەپێناو عێراقیش و پەیامێکی ڕوونی پێشکەش بە هەموو ناوچەکە و جیهان کرد کە ژیان و کەرامەت و گوزەران و سەلامەتیی مرۆڤ، ئەو ماددەیە کە ئێمە لە خەباتیدا لەگەڵ حکوومەتە جیاوازەکان بەرگریی لێ دەکەین.
دوژمنەکانمان پێش دۆستەکانمان، بە بەڵگە و دڵنیاییەوە، دەزانن مانای ئەوە چییە کە پارتەکەمان بچێتە ناو خەباتەوە و کاریگەرییەکانمان و مامەڵەمان دەزانن تەنانەت لەگەڵ دوژمنیشدا. ئێمە ئەوانە نین لە دەستدرێژی یەکەم بین و ئەوانەش نین کە پەلە دەکەین لە بەکارھێنانی چەک و نە ئەوانەین کە لەلایەن ھێزی ترەوە ڕابەرایەتی دەکرێین. ئێمە ئەوانە نین کە تۆڵە دەکەینەوە، و نە ئەوانەشین کە مێژوو و ڕووداوەکان بە پێوەری خۆمان دەپێوین.

هاوکێشە ناوخۆییەکان
پارتەکەمان بە ڕابەرایەتیی مستەفا بارزانی، لە سەرەتاوە ئەو پێگەیەی هەبووە کە لە هاوکێشە ناوخۆیی و هەرێمییەکاندا حسابی بۆ کراوە. پابەندبووە بە دەستوور و لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا گونجاوبووە، بەبێ ئەوەی تێکگیرانی لەگەڵ ڕۆحی دەقی پەیامی کوردی هەبێت، هەم لە عێراق و هەم لە بەشەکانی تری کوردستان و تەنانەت لەگەڵ ئەو حکوومەتانەش کە ئێمەیان بەش بەش کردووە.
لە چارەنووسە سەختەکانی نەتەوەکەمان دابەشبوونی هێزەکانە بە شێوەیەکی نایەکسان. پارتەکەمان لە دژی ئەو حکوومەتانە وەستایەوە کە دەسەڵاتیان قۆرخ کردووە و دەزگە پاشکۆکانیان لە هیچ هێزێکی سەربازی یان ئەمنی یان ئابووری یان ڕیکلامی یان پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کەمتر نەبوون. لەگەڵ هەموو ئەوەشدا توانیمان شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە و سەرکەوتن بۆ خۆمان هەڵبژێرین، بێ ئەوەی هیچ کات چاوپۆشی لە دوو فاکتەری گرنگ بکەین: یەکەمیان گەلەکەمانە و دووەمیان ئەو پەیوەندییە بەهێزانەی کە بە تێپەڕبوونی کات گەشەیان کرد، مەبەستم تۆڕی پەیوەندییە کاریگەرەکانە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە ئەندازیارەکەی ڕەحمەتی خوا لێ بێت ئیدریس بارزانی و سەرۆک مەسعود بارزانی بوون.
تەنها بیرکردنەوە لە دۆسییەکانی بەڕێوەبردن و بەردەوامیدان بە بەرەی ناوخۆیی نەتەوەکەمان و پارتەکەمان لە قۆناغی پێش شۆڕشی ئەیلوولەوە تا ڕێککەوتننامەی ئازار و پاشان لاکردنەوی حکومی لێ و پەنابردن و هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، ئەوە دەگەیەنێت کە عەقڵییەتێکی فراوان و ڕۆحێک لە توخمێکی تایبەت هەبووە، کە توانیمان بەرگەی سەخترین شەپۆلەکانی توندوتیژی و هەوڵەکانی سڕینەوە بگرین کە ئاڕاستەی ئێمە کرابوون، بەتایبەتی کاتێک کە مستەفا بارزانیمان لەدەست دا، پاشان ئیدریس بارزانیمان لەدەست دا.
لە چارەنووسە سەختەکان ئەوەیە کە ئێمە ڕێگایەکمان هەڵبژاردووە کە تێیدا هەموو بەرپرسیاریەتییەک لە ئەستۆ دەگرین لەبەرامبەر سیستەمی حوکمڕانیی دڵڕەق و هەوڵ دەدەین تا دەتوانین هیچ کاریگەرییەک نەخرێتە سەر گەلەکەمان و گەلی عێراق، ئەوانەی کە سزای دەسەڵاتیان بەر دەکەوێت .
ئەو سیاسەتە لە پرۆسەکانی ئەنفال و ڕاگواستن و دەرکردن و بێسەروشوێنکردن و بۆردومانکردنی کیمیاییدا دەرکەوت.
لە چارەنووسە سەختەکان گەڕانەوەبوو لە گۆڕەپانەکانی جەنگ بۆ بونیادنانی مرۆڤ و زەوی. دوای ساڵی 1991 تاقیکردنەوەکە بوو کە ماددەکانی کەڵەکە بوون و وشەکانی سەخت بوون، کاتی ئاشکراکردنی ڕاستیی دروشمەکان هات، مسۆگەرکردنی ژیانی گەلەکەمان، بەردەوامیدان بە مسۆگەریی ژیان، ڕێگریکردن لە تەقینەوەی تۆڵە، دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان، کارپێکردنی دامەزراوەکان، دروستکردنی سیستەمێکی حوکمڕانی بە ڕەوایەتیی یاسایی و خێراکردن لە لابردنی ڕەوایەتیی چەکداری.
لە چارەنووسە سەختەکان چارەسەرکردنی پاشماوەی سیاسەتێکی حکومیی پلان بۆ داڕێژراو بوو بۆ وێرانکردن، وێرانکردنی مرۆڤ و شار و گوندەکان و لەناوەڕاستی دوو گەمارۆدا: گەمارۆی نێودەوڵەتی و گەمارۆی حکومی لەسەر کیانە نوێیەکەی کوردستانی عێراق.
ئەو ساڵانەی کە لە 1991ەوە تا نیسانی 2003 بوون، ئەگەر 12 ساڵیش بووبن، بەڵام ساڵانێکن پڕ لە وزە و گۆڕانکاریی گەورە بوون لە ژیانی نەتەوەکەماندا، کە تێیدا پارتەکەمان و هاوپەیمانەکانی ڕاستگۆیی دەستکەوت و توانای بونیادنانیان دەرخست تەنانەت لەگەڵ لاپەڕەیەکی بەئازاریش کە ڕێڕەوی ئێمەی دواخست، مەبەستم شەڕی ناوخۆیە.
ئێمە کارمان کرد و سەرکەوتین لە دەرخستنی ناسنامەیەکی ڕاستەقینە بۆ کارپێکردن و ئاسانکارییەکانی ژیان و دامەزراوەکان و تەرکیزکردن لەسەر هەموو گۆشە و دیمەنێکی کوردستان: لە پەروەردەوە بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی، بۆ ئازادیی بیروباوەڕ، و پاراستنی فرەیی و پێکەوەژیانی ئایینەکان و ڕۆشنبیری و هونەر، و پاراستنی سنوورەکان و یاسادانان بۆ چەک، و پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی بنەمای یاسادانان کە نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی کوردستان دەکات، هەڵبەت بە پشتیوانیی حکومەتە هاوبەشەکان بۆ پاراستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەت و ڕێکخراوەکان، لە خۆگرتنی تێکۆشەرانی ڕزگاری و هەڵبژاردنی ئارەزومەندانە بۆ مانەوە لە عێراق.
هەموو کارەکانی پارتەکەمان بە دوو دیدگای فکریی یەکگرتوودا تێدەپەڕن: بەرژەوەندیی نەتەوەکەمان، و پاراستنی عێراق و پێشخستنی بیری دەسەڵاتەکەی بەرەو دادپەروەری و تەواوکردنی ناسنامەی دروستی هاووڵاتیبوون.
پارتەکەمان بە درێژایی دەیان ساڵ لە کارکردنیدا، بەرگەی زۆر شتی گرتووە، لەپێناو بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکەی کە هەڵگرتووە و دەڵێین ئەمە ئەرکی ئێمەیە و منەت بەسەر کەسەوە ناکەین.
هەر پێشمەرگەیەک و بەندکراوێک و بریندارێک و شەهیدێک و ئاوارەیەک، هەر ماڵێک کە خێزانەکەی لەژێر بۆردوماندا خەوتوون و بە بۆمبێک ڕووخاون، هەر دەستەیەک کە لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی تر ڕۆیشتووە و مەشخەڵی خەباتی هەڵگرتووە، هەر مامۆستایەک و قوتابییەک، هەر ژنێک و دایکێک و خێزانێک کە نانێکیان داوەتە تێکۆشەرێک، هەر پزیشکێک و ئەندازیارێک و جووتیارێک و کاسبێک کە ئازاری چەشتووە و لەپێناو ئازادیدا بەخشیویەتی، هەموو ئەوانە تێکۆشەرن با ناسنامەی پارتی ئێمەشیان هەڵنەگرتبێت. هەموو ئەوانە سەرمایەی نەتەوەن و ئەوانەن کە بوونەتە ماددەیەک بۆ بارزانی و ئەویش بە هۆی ئەوانەوە لە واقیعێکی خنکاوەوە بەرەو گۆڕەپانەکانی ئازادی و کاریگەری پەڕیوەتەوە.