رۆژنامەی ھەولێر

خۆپارێزی لە دەرەنجامەکانی هەڵچوون و تووڕەیی

عومەر چنگیانی
وەك ئەركی پیرۆزمان لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی، وامان بە باش زانی كە هەینی ڕابردوو 15ی ئابی 2025 یەكێك لە بژاردەكانی بەردەمی مامۆستا بەڕێزەكانی مزگەوتەكانی كوردستان، باسكردن بێت لەو ناونیشانەی نووسراوە و، بەڕێز (د. عەبدوڵا شێركاوەیی) دەقەكەی بە زمانی عەرەبی نووسی و، ڕێزدار (مەلا وەزیر باپیر) وەریگیڕایە سەر زاراوەی سۆرانی و بۆ ئامادەكردنیشی بۆ گۆشەكە دەقە پیرۆزەكانم وەرگێڕا و، داڕشتنەوەم بۆ گوتارەكە كرد تا ببێتە توێشووی گوڵخەرمانەكەمان.
خوای گەورە لە پێداهەڵگوتنی بە مسوڵمان و بڕواداری چاكدا، لە ٣٧ـەمین ئایەتی سوورەتی (شورا)دا، دەفەرمێت: (ئەوانەی كە خۆیان لە گوناه و تاوانە گەورەكان دەپارێزن و لێیان دوور دەكەونەوە ـ وەك زینا و دزی و كوشتن و ترسنۆكی لە ئاستی دژمن و ناوزڕاندنی خەڵكی و بێهۆشكەربەكارهێنان و، هتد ـ گەر تووڕەییش زۆری بۆ هێنان، لێبوردن بۆیان دەبێتە سیما لە باتی بە تووڕەیی كاركردن)؛ لە ئەبی هورەیرەوە (خودای لێ ڕازی بێت) هاتووە کە پیاوێک بە پێغەمبەری وت: ئامۆژگاریم بکە، فەرمووی: (لا تغضب)، تووڕە مەبە. چەند جارێک دووبارەی کردەوە، فەرمووی: (لا تغضب). (البخاری)
تووڕەیی شتێکی سروشتییە کە زۆرێک لە خەڵکی لەسەری ڕاهاتوون، کەم کەسیش هەیە لە خراپە و بەڵاکەی سەلامەت بێت. بەڵام لە بەندەکانی خودا کەسانێک هەن کە خودا سەرکەوتوویان دەکات و بەسەر تووڕەییەکەیاندا زاڵ دەبن، هەیشیانە لە بەردەم تووڕەییدا لاواز دەبن. تووڕەییش دوو جۆرە، جۆرێکیان باش و پەسەندکراوە و جۆرەکەی تریان خراپ و سەرزەنشتکراوە. جۆرە پەسەندکراوەکەی ئەوەیە کە لەبەر غیرەت بێت بۆ دینی خودا و تووڕەبوون بێت لەسەر پێشێلکردنی سنوورەکانی خودا. جۆرێکی تریشی هەیە کە سەرزەنشتکراوە، ئەویش ئەوەیە کە لە پێناو ئارەزووی نەفس و شەیتان و بەتاڵیدا تووڕە بیت.

شوێنەوارە خراپەکانی تووڕەیی:
گومانی تێدا نییە کە تووڕەیی یەکێکە لە دیارترین هۆکارەکان کە دەبێتە هۆی دەرەنجامی خراپ و کارەساتی وا کە هەندێک جار دەگاتە ئاستی کوشتن و وێرانکاری.
تووڕەیی یەکێکە لەو سیفەتە خراپانەی کە دەقە شەرعییەکان بەخراپی باسیانکردوە و لەمەترسیەکانی ئاگاداریان کردوینەتەوە. چەندین جار تووڕەیی بووەتە هۆی دوژمنایەتی و ڕق و کینە و، جیابوونەوەی نێوان هاوسەران و، پەرتەوازەبوونی خێزانەکان. چەندین کێشە و ئاژاوە و خوێنڕشتن بەهۆیەوە ڕووی داوە و، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ هەموو بەڵا و مسیبەتێک. ڕەنگە مرۆڤ یەک جار تووڕە بێت و لە خولەکێکدا ئەوە بڕووخێنێت کە بە درێژای تەمەنی دروستی کردووە. بۆیە هەرکەسێک لە کاتی تووڕەییدا زاڵ بێت بەسەر خۆیدا، ئەوا بەهێزە.
یەک لەو سیفەتە گەورانەی کە ئیماندار پێی جوان دەبێ، سیفەتی خواردنەوەی تووڕەییە (كظم الغيظ) و پەلەنەکردنە لە تووڕەبووندا. چونکە تووڕەییخواردنەوە پەیوەندییەکانی نێوان خەڵکی دەپارێزێت و، ڕێگری لە تەشەنەسەندنی ناکۆکییەکان دەکات و، نەفس لەسەر ئارامگری پەروەردە دەکات و، وا لە مرۆڤ دەکات هەڵچوون بەرزەفت بکات لە جیاتی ئەوەی هەڵچوون بەرزەفتی بکا. خودای گەورەش ستایشی ئەو کەسانەی کردووە کە ئەم ڕەوشتەیان هەیە.

دەرەنجامەکانی خواردنەوەی تووڕەیی
بە دڵنیاییەوە تووڕەییخواردنەوە دەرەنجام و سوودی گەورەی هەیە، لەوانە:
یەکەم: یارمەتیدەرە لەسەر کۆنترۆڵکردنی نەفس، ئەمەش هێز و ئازایەتی و سیفەتێکی هەرە باشی ئەخلاقییە.
دووەم: بەندە پاداشتی ئارامگری و سیفەتی لەخواترسان بەدەست دەهێنێت.
سێیەم: بڵاوکردنەوەی چاکە و سەرکەوتن و برایەتی لە کۆمەڵگەدا و، وادەکات مرۆڤ بە ئاسوودەیی بژی.
چوارەم: جێبەجێکردنی فەرمانی پێغەمبەر و ئامۆژگارییەکەیەتی کە فەرمووی (لا تغضب).
پێنجەم: هۆکارێکە بۆ چوونە بەهەشت.
چەندین نموونەی زۆر لە ژیاننامەی پیرۆزی پێغەمبەردا هەن، کە ئاماژە بە فەزڵی تووڕەیی خواردنەوە و مامەڵەی جوان دەکەن، کە کاریگەریی لەسەر دڵەکان زیاترە وەک لە تۆڵەسەندنەوە.