رۆژنامەی ھەولێر

پەروەردەی متمانەبەخۆبوون؛ لە گومانەوە بۆ باوەڕ و سەرکەوتن

فریشتە عوسمان

 

متمانەبەخۆبوون (خوودباوەڕی) بریتییە لە پێشبینیکردن و هەڵسەنگاندنی تاکەکەسی بۆ توانا، لێهاتوویی و کارامەیی خۆی لە بەرەنگاربوونەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و بەدەستهێنانی ئامانجەکان. متمانەبەخۆبوون تەنها پەناگەیەک نییە بۆ ڕزگاربوون لە ترس و گومان، بەڵکو ئامرازێکی گرنگ و کارایە بۆ دروستکردنی واقیعێکی نوێ و کردنەوەی دەرگاکانی سەرکەوتن. ئەو باوەڕ و توانایەی کە مرۆڤ هەیەتی، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر شێوازی بڕیاردان، مامەڵەکردن لەگەڵ بەربەستەکان و گەشەپێدانی ئامانجەکانی.

خاتوو (سەرچڵ تەیب) سەبارەت بە متمانەبەخۆبوون و سەرکەوتن، بۆ هێلین میدیا دەڵێت: “هەموو مرۆڤێک لە ژیانیدا هەوڵ دەدات ببێتە باشترین وێنەی خۆی، بەڵام ڕێگای سەرکەوتن پڕە لە بەربەست و ناخۆشی. تەنها ئەو کەسە دەتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت کە باوەڕ و متمانەی بە تواناکانی خۆی هەبێت. متمانەبەخۆبوون، توانای بینینی کێشەکانە و لە هەمان کاتدا باوەڕبوونە بەوەی کە دەتوانین ڕووبەڕوویان ببینەوە. کاتێک مرۆڤ متمانەی بەخۆی نییە، هەموو دەرفەتێک وەک کێشەیەک دەبینێت؛ بەڵام کاتێک متمانەیەکی تەواوی بە خۆی هەیە، هەموو کێشەیەک دەبێتە دەرفەتێک بۆ گەورەبوون و پێگەیشتن.
سەرکەوتن پەیوەستە بەو بیرۆکەیەوە کە لە زەینی خۆتدا باوەڕ بەوە بهێنیت کە شایستەییت. زۆر جار خەڵک لە سەرکەوتن دەترسێت، چونکە گومانیان هەیە لەوەی ئایا شایستەی ئەوەن یان نا. بەڵام لە ڕاستیدا، سەرکەوتن پێویستیی بە زانستێکی تەواو یان توانایەکی بێسنوور نییە، بەڵکو پێویستی بەوەیە کە واز لە ترس و گومان بهێنیت و دەست بە کردار بکەیت.”
کەواتە، یەکێک لە باشترین ڕێگاکان بۆ دروستکردنی متمانەبەخۆبوون ئەوەیە کە بە شێوەیەکی کرداری دەست بە ئەنجامدانی چالاکییە جیاوازەکان بکەیت، لە بچووکترین کارەوە تا دەگاتە ئەوانەی کە پێت وایە گەورەن. هەر سەرکەوتنێکی بچووک، لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە، هەست و توانایەکی زیاترت پێ دەبەخشێت و متمانەت بەهێزتر دەکات، تا دەگەیتە ئەو ئاستەی کە هەست دەکەیت هیچ سنوورێک لەبەردەمتدا نییە. بە کورتی، متمانەبەخۆبوون جێگیرترین و بنەڕەتیترین بناغەی سەرکەوتنە، و هەر کەسێک ئەم بناغەیە لە خۆیدا دروست بکات، دەتوانێت هەموو ئامانجەکانی لە ژیاندا بەدەست بهێنێت.
سەبارەت بە گرنگیی ئەم بابەتە، خاتوو (سەناریا تەیب) بۆ هێلین میدیا دەڵێت: “گەیشتن بە سەرکەوتن ئەستەم نییە ئەگەر لە بیر و دەروونی خۆماندا ئەوە بچێنین کە ئیرادەیەکی بەهێزمان هەیە، دەتوانین و سەرکەوتوو دەبین. بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، پێویستە هەمیشە هەوڵ بدەین، چونکە بەردەوامی و کۆڵنەدان دەمانگەیەنێتە لووتکەی سەرکەوتن.
نابێت لە شکست بترسین؛ بێگومان تا شکست نەهێنیت، فێر نابیت و نازانیت سەرکەوتن چییە. شکست مانای ئەوە نییە کە تۆ لاوازیت یان دۆڕاویت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، پێت دەڵێت کە تۆ بەهێزیت، نەک ئەوەی یەک جار هەوڵ بدەیت و بڵێیت ‘ئیتر ناتوانم’. نائومێد مەبە، باوەڕت بە خۆت و تواناکانت هەبێت. تۆ دەتوانیت، بەڵام هەوڵ و ماندووبوونی دەوێت.
بێگومان هەر یەکێک لە ئێمە ڕۆژانە یان لە قۆناغە جیاجیاکانی ژیانماندا، گوێمان لە قسەی نەرێنیی دەوروبەر و کۆمەڵگە دەبێت. بۆ نموونە، زۆر جار دەگوترێت: ‘تۆ هەرگیز ناتوانیت سەرکەوتوو بیت’. بەتایبەتی کاتێک ئامانجێکی گەورەت هەبێت، وا دەکەن سارد بیتەوە و پاشەکشە بکەیت. بەڵام گرنگ ئەوەیە هەرگیز گوێ بەو قسانە نەدەین. مرۆڤی گەورە و خاوەن ئامانج هەمیشە کەسانێک هەن دەیانەوێت بیڕووخێنن، بۆیە هەرگیز مەهێڵە کەسە نەرێنییەکان شوێن لە مێشک و بیرکردنەوەتدا بگرن.
بەڵکو بەپێچەوانەوە، با ئەم جۆرە هەڵوێستانە ببنە سەرچاوەی هێز و ئیرادەی زیاتر بۆ بەردەوامبوون. دەبێت خۆت باوەڕت بە خۆت هەبێت و هەوڵەکانت لەپێناو خۆتدا چڕ بکەیتەوە. گرنگ خۆت و ئامانجەکەتن، هیچ کەس ناتوانێت سنوور بۆ خەونەکانت دابنێت. ئەگەر خۆت کۆڵ نەدەیت و ڕێگە نەدەیت خەونەکانت تێک بشکێنن، متمانەت بە خۆت زیاتر دەبێت، چونکە ژیانی ئێمە بەرهەمی بیرکردنەوەکانی خۆمانە، نەک هیی دەوروبەر.
زیاتر و زیاتر متمانەت بە خۆت هەبێت. گرنگ نییە چەند جار دەکەویت. زۆر جار بارودۆخە سەختەکان تەنها بۆ تاقیکردنەوەی تۆ نین، بەڵکو یارمەتیدەرن بۆ گەیشتن بە دەستکەوتی باشتر و ناسینی کەسانی چواردەورت. ئێمە نموونەی زۆری ئەو کەسە سەرکەوتووانەمان هەیە کە شکستەکانیان کردووەتە دەرفەتی زێڕین بۆ سەرکەوتنی گەورە، کە نەک تەنها خۆیان، بەڵکو مێژوو و جیهانیش بە شانازییەوە باسیان دەکات. بۆیە هەمیشە باوەڕت وابێت کە تۆ دەتوانیت و سەردەکەویت. کێشەیەکی کاتی، کۆتایی ژیانی تۆ نییە. بەردەوام بە و کۆڵ مەدە.”