رۆژنامەی ھەولێر

ڕێبازە پیرۆزەکەی بارزانیی نەمر

فەزیلە شۆرش
ڕێبازە پیرۆزەکەی بارزانیی نەمر، ڕێبازی مرۆڤایەتی و ڕزگاریخوازیی میللەت و نیشتمانە. ئەمە ڕێبازی ژیانێکی شکۆدار و سەربەرزانەیە بۆ هەموو کوردستانییان؛ ڕێبازێکە کە هیوای نەتەوەی کوردی لە خۆیدا کۆکردووەتەوە و گەلی کوردی لە دۆخێکی بێهیواییەوە بەرەو دۆخێکی پڕ ئومێد و دوارۆژێکی پڕشنگدار بردووە. ئامانجەکانی ڕوونن و بنەماکانیشی بە شێوەیەکی واقیعیانە جێبەجێ کراون و دەکرێن. فەلسەفەی ئەم ڕێبازە، لە دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ کوردستان و کوردستانییان هەڵقوڵاوە و لە ناخی ڕزگاریخوازانی گەل و نیشتماندا چەسپاوە. هاوکات، ڕێبازێکی ئاشتیخوازانە و قوتابخانەی خۆڕاگری، خۆنەچەماندن و ئارامییە.
شازدەی ئاب، ڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئومێدبەخشترین ڕۆژی کوردستانییانە. لەم ڕۆژەوە تا ئێستا، کاروانی خەبات و شۆڕشی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و ئێستاش بە پێشەوایەتیی سەرۆک بارزانی، بەردەوام لە خزمەتی کوردستاندایە. بێگومان لەم کاروانەدا، ئافرەتان، قوتابییان و لاوان هەمیشە ڕۆڵ و بەشدارییەکی بەرچاویان لە خەبات و شۆڕشەکاندا هەبووە، بۆ سەرخستنی دۆزی نەتەوەی کورد بەسەر زوڵم و ستەمکاریی حکوومەتە شۆڤێنییەکانی عێراقدا.
پێشمەرگە قارەمان و گیانفیداکان هەمیشە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگریدا بوونە، بۆ پاراستنی کوردستان لە هێرشی ستەمکاران کە هەر جارە و بە شێوازێک هەوڵی پەلاماردانیان داوە.
بە شانازییەوە، ئەو ڕۆحییەتە ئاشتیخوازانە و فەرهەنگی پێکەوەژیانەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان کاری بۆ کردووە، وای کردووە پێگەیەکی بەرز و بەرچاوی لەناو دڵی ڕۆڵەکانیدا هەبێت. هەر بۆیە ئاشکرایە کە زۆربەی سەرکردەکانی جیهان، بە گرنگییەوە لە ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک بارزانی دەڕوانن، بەتایبەت لە بنیاتنانی پێکەوەژیان و سەقامگیرکردنی ئارامی لە کوردستان، عێراق و ناوچەکەدا.
پارتی دیموکراتی کوردستان، هەمیشە سەلماندوویەتی کە خاوەنی ئیرادەیەکی پۆڵاینە. بێگومان وەفاداری یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانیەتی و ئەندامەکانیشی بە هەمان گیانەوە وەفادارن. هەر بۆیە دەبینین لە دۆخە نەخوازراوەکاندا، یەک هەڵوێست و ژیرانە، ڕووبەڕووی هێرشی ناحەزانی کورد دەبنەوە.
بەداخەوە، ناحەزان هەمیشە لە هەوڵی خوڵقاندنی دۆخی نالەباردان بۆ ئەوەی تاکی کورد بێئومێد بکەن. بەڵام کوردستانییان، بە ڕابەرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی، توانیویانە شکست بە خەونی ناحەزانی کورد و کوردستان بهێنن و سەربەرزانە مێژوویەکی پڕ شکۆ تۆمار بکەن.