سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی لە پەیامێکدا بە بۆنەی 79هەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی و کادیران و ئەندامان و جەماوەری پارتی و لە پێش هەموویان سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و هەڵوێستەکانی پارتی لە پاڵپشتیکردنی ڕێڕەوی دیموکراسییەتی بەرز نرخاند.
عەمار حەکیم لە پەیامەکەیدا هیوای بەردەوامبوون و سەرکەوتنی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان خواستووە لە خزمەتکردنی گەلی کوردستان و عێراق و پتەوکردنی بنەماکانی دیموکراسییەت و بەیەکەوەژیانی هاوبەش لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا.
لە پەیامەکەی سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیدا هاتووە: “هەڵوێستەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پاڵپشتیكردنی ڕێرەوی دیموكراسییەت بەرز دەنرخێنین و هانی سەرجەم هێزە نیشتمانییە چالاكەكانی گۆڕەپانی عێراقی دەدەین كە زمانی گفتوگۆ و بەرژەوەندیی نیشتمانیی باڵا ڕەچاو بكەن و بەسەر هەر بەرژەوەندییەكی دیكەدا زاڵی بكەن”.
داواشی کردووە “كاری هاوبەش بكرێت بۆ چەسپاندنی یەكگرتنی نیشتمانی و پاراستنی دەسكەوتە دیموكراسییەكان و بنیاتنانی عێراقێكی بەهێز و سەقامگیر و پێشكەوتوو بۆ هەموو رۆڵەكانی”.

