رۆژنامەی ھەولێر

لە عێراق هەزاران دەرچووی بوارە پزیشکییەکان بــــــــــــێکار ماونەتەوە!

 

و. هۆنیار عەبدوڵڵا

سەندیکای پزیشکان و دەرمانسازانی عێراقی زەنگی مەترسی لێ دەدەن لەبارەی هەزاران دەرچووی کۆلێژەکانی پزیشکی و دەرمانسازی و بوارە تەندروستییەکانی دیکە کە لە بێکاریدا دەخولێنەوە؛ ئەوەش بەھۆی ئەو ژمارە زۆرەی ڕوو لەو بوارانە دەکەن، بێئەوەی نەخۆشخانە حکوومییەکان توانای ئەوەیان ھەبێت ھەموویان وەربگرن.

نەقیبی پزیشکانی عێراق حەسەنەین شەبەر گوتی: “ئامۆژگارییەک بۆ دەرچووانی ئامادەیی، بڕیار مەدەن بچنە کۆلێژی پزیشکی تا سەرجەم بژاردەکان نەخوێننەوە، قسەی باوک و باپیران مەرج نییە بۆ داھاتوو گونجاو بێت، تەنانەت بۆ داھاتوویەکی نزیکیش.”
ھەروەھا نەقیبی دەرمانسازانی عێراق حەیدەر فوئاد سائغ نووسیویەتی: “کوڕان و کچانی دەرچووی شەشەمی زانستی و خانەوادە بەڕێزەکانتان، کاتێک بڕیار دەدەن لەسەر ئەو کۆلێژەی داواکاری پێشکەش دەکەن، بەر لە پێشکەشکردن بۆ کۆلێژەکانی دەرمانسازی، بە باشی بیر بکەنەوە.”
سائغ وتیشی: “دوای ٥ ساڵی دی، دامەزراندنی حکوومی بۆ ئێوە بەردەست نابێت، دەرفەتەکانیش لە کەرتی تایبەتدا زۆر دەگمەن دەبێت! داھاتووی خۆتان بە ھەڵبژاردنی خۆتان دروست دەکەن.”
نەقیبی پزیشکان، ئەرکان عەزاوی لە ڕێگەی تەلەڤیزیۆنەوە بانگهێشتی خوێندکارانی کرد کە ڕوو لە زانکۆ دەکەن و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “عێراقیە”ی حکوومی دەرکەوت بۆ ئەوەی ئامۆژگاری ھاوشێوە بدات. سەبارەت بە ھەڵنەبژاردنی بەشی ددانپزیشکی، حەسەنەین شەبەر: گوتی پێش خوێندنەوەی سەرجەم بژاردەکان، بڕیار مەدەن بچنە کۆلێژی پزیشکی. ئەم بانگەوازانە پەیوەستن بە واقیعی کار و پێداویستییەکانی بازاڕی کارەوە، چونکە ئاماژە بە کێشەیەکی ڕاستەقینە دەکەن کە پەیوەندی ھەیە بە زۆری ژمارەی دەرچووانەوە، بەراورد بە کەمی دەرفەتەکانی دامەزراندن لە کەرتی حکوومیدا .
ئەم بانگەوازانە ھاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی وەرگرتنی دەستەیەکی نوێی دەرچووانی ئامادەیی لە زانکۆکاندا، ئەمەش بووە ھۆی دروستبوونی ڕاڕای و مقۆمقۆ لە نێوان لایەنگرانی کە ھۆشداری دەدەن لە زۆربوونی ئەم بوارانە و پێیان وایە ژمارەی دەرچووان لە پێویستی وڵات زیاترە و دەرچووە نوێیەکان دەرفەتی کارکردنی حکوومی یان تایبەتی سەرکەوتوو نادۆزنەوە، و ئەوانی دیکە کە پێیان وایە بوارە پزیشکییەکان ھێشتا بژاردەیەکی خوازراو و پێویستن لە بازاڕی عێراقیدا.
ھەندێک لە گەنجان کە ڕوو لە زانکۆ دەکەن و کەسوکاریان داوایان لە حکوومەت کرد پلانی دابنێت بۆ ئەوەی بتوانن لە کۆلێژە زانستییەکاندا جێگەیان ببێتەوە و نەخۆشخانە و سەنتەری زیاتری پزیشکی دروست بکەن لە جیاتی ئەوەی بانگهێشتیان بکەن بۆ ئەوەی پزیشکی نەخوێنن.
لە چوارچێوەی مشتومڕەکاندا دەربارەی بوارە پزیشکییەکان، خوێندکاران و کەسوکاریان سکاڵایان کرد لەوەی کە دەرفەتەکانی کارکردن لە بوارەکانی تردا کەمترن لە دەرفەتەکانی کارکردن لە بوارە پزیشکییەکاندا، لەگەڵ ئەوەی دانیان بەوەدانا کە واقیعی بازاڕی کار تەنانەت بۆ پزیشکان و دەرمانسازانیش چیتر کەڵکی نییە.
لە دیارترین ھۆکارەکانی ڕووکردنە پزیشکی، ئەو پێگەیە کۆمەڵایەتییە بەرزەیە کە ئەو پیشەیە دەیدات، ھەروەھا سەلامەتیی کار و مووچەی بەرز بەراورد بە بوارەکانی تر لەژێر بارودۆخی ئابووری ناجێگیردا، سەرەڕای فشاری زۆر خێزانی و کۆمەڵایەتی کە لەسەر منداڵان دەکرێت بۆ دڵنیایی لە داھاتوویەکی “باش”. جگە لەوەش کەمیی ھۆشیاری پێویست سەبارەت بە گرنگی بوارەکانی تر و ڕۆڵی گرنگیان لە بنیادنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن.
لە ئەنجامدا ژمارە زۆرەکانی خوێندکارانی پزیشکی دەبنە بار بەسەر دەوڵەتەوە، ئەوەش بە ھۆی کەمیی کادیرە پسپۆڕییەکان و ژێرخانی پێویست بۆ ڕاھێنانی پراکتیکی. چونکە قوتابی لە کۆلێژی پزیشکی ھیچ بوارێکی پراکتیکی تەواوی نییە و پێویستی بە کارلێکی ڕاستەوخۆ و چڕ ھەیە لەگەڵ حاڵەتە نەخۆشییەکان لەژێر چاودێری وردی پزیشکانی پسپۆڕدا، ھەروەھا ڕاھێنان لەسەر نوێترین ئامێر و تەکنەلۆژیاکان.
دەرچووانی بوارە پزیشکییەکان بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد و وتیان ئەوان چەند ساڵێک پێش ئێستا گوێیان بە ئامۆژگاریی ھاوشێوە نەداوە و ئەمڕۆ بەھۆی ھەڵبژاردنی ئەو بوارانەوە دەناڵێنن کە دەرفەتی کارکردن یان داھاتی ماددی باشیان بۆ دابین ناکات. ھۆشدارییەکان دەربارەی ئەم ڕەوتە چەندین جار لە ساڵانی ڕابردوودا دووبارە بوونەتەوە، لە ساڵی ڕابردوودا سەندیکای پزیشکانی ددان ھۆشداری دا لە زیادبوونی زۆری ژمارەی دەرچووان، ئەوەش دەبێتە ھۆی زیادبوونی بێکاری و دابەزینی کوالێتی ئەو خزمەتگوزاریانەی کە پێشکەش بە ھاووڵاتییان دەکرێت.
سەندیکاکە ھۆکاری ئەم قەیرانەی گەڕاندەوە بۆ زیادبوونی ژمارەی وەرگیراوان لە کۆلێژەکانی ددانپزیشکی بێ ئەوەی ھیچ لێکۆڵینەوەیەکی جددی یان پلاندانانێکی پێشوەختە ھەبێت، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی ژمارەی پێویستی پزیشکانی ددان تێپەڕێنێت و بازاڕەکە ئاتاجی پێ نەبێت.
ئەنجومەنی سەندیکاکە لە ٣٠ـی ئابی ٢٠٢٤دا باسی لە ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ناڕەزایەتی کرد لەسەر زیادبوونی ژمارەی وەرگیراوان لە کۆلێژەکانی پزیشکیی ددان کە ژمارەیان لە ڕادەی دیاریکراو زیاتر بوو، پێویستی ڕاستەقینەی دانیشتووانەکەی تێپەڕاند و ھۆشدارییەکیان دا بە ھاووڵاتییان کە منداڵەکانیان لە پزیشکیی دداندا تۆمار نەکەن بۆ ساڵی نوێی خوێندن.
ئەمە یەکەم ھۆشداری نییە لەلایەن سەندیکاکەوە، لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا، سەندیکاکە بەیاننامەیەکی سەندیکایی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و لەو کاتەدا ڕایگەیاند کە ڕێوشوێنەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا گیراونەتەبەر بۆ دیاریکردنی ژمارەی وەرگیراوان لە کۆلێژەکانی پزیشکی ددان و ڕێگریکردن لە دروستکردنی کۆلێژی نوێی ئەھلی و حکوومی، بۆ پاراستنی ئەم پیشەیە و نوقم نەکردنی لە بازاڕی بێکاریدا بەھۆی خراپ پلاندانانەوە. ھەروەھا دەریخست کە حکوومەت توانای دامەزراندنی پزیشکانی ددانی نییە بەپێی شایستەی یاسایی و نوقمکردنی بازاڕی تایبەت لەو شوێنەی کە لەو کاتەدا بە “زۆنگاوی بێکاری” ناوی دەبرد
سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق ماجد شنگالی جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بە ڕێژەی ٢٠٠ لەسەدا ژمارەیەکی زۆری پزیشک و دەرمانسازی ھەیە
شنگالی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: “عێراق ژمارەیەکی زۆری دەرمانسازی ھەیە کە لە ٢٠٠ لەسەدا زیاترە، و ھەمان بڕ زیادبوون لە ژمارەی پزیشکانی ددان و یاریدەدەرانی تاقیگەکاندا ھەیە.
ڕوونیشی کردەوە کە: “کورتهێنانی زۆری کادیرانی پەرستاری و کارگێڕی و پزیشکان لە چەندین بواردا ھەیە.”
ژمارە زۆرەکانی خوێندکارانی پزیشکی بوونەتە بار بەھۆی کەمی کادیرە پسپۆڕییەکان و ژێرخانی پێویست بۆ ڕاھێنانی پراکتیکی. ھەروەھا وتی: “حکوومەت کار لەسەر شەراکەت دەکات لەگەڵ کەرتی تایبەتدا، لەو چوارچێوەیەدا کۆمپانیایەکی ئیتاڵی لێکۆڵینەوەیەکی بۆ نەخۆشخانەیەکی ناوخۆیی ئەنجامدا و تەنها حەوت دەرمانسازی لە کۆی ٢٠٠ دەرمانسازی ناو نەخۆشخانەکەیان ویستووە و ئەم ژمارە زۆرە، پێچەوانەی ئەو کورتهێنانە زۆرەی بوارەکانی تری پزیشکییە؛ وەک پزیشکی فریاکەوتن و پزیشکی دادوەری و نەشتەرگەری مێشک و سنگ.
ئاماژەی بەوەش کرد کە “لیژنەکە ھەوڵ دەدات دامەزراندن لە دامەزراوەکاندا بەپێی پێویستی و بەپێی ئەو بوارانە بێت کە بۆ چارەسەرکردنی زیادبوونی زۆر لە ژمارەکاندا پێویستن.
لە ساڵانی ڕابردوودا عێراق ڕووبەڕووی دەرچوونی زۆری خوێندکاران لە بوارە پزیشکییەکاندا بووەتەوە، بەڵام زۆرێکیان دەرفەتی کارکردنی حکوومی یان تایبەتی ڕاستەقینەیان نەدۆزیوەتەوە، ئەوەش بەھۆی زۆری کۆلێژە ئەھلییەکان و ژمارەی وەرگیراوان بەپێی یاسای پلەبەندی پزیشکی، بەجۆرێک کە ژمارەی کۆلێژەکانی پزیشکی ددان گەیشتووەتە ٦٠ کۆلێژ، سەرەڕای ئەوەش ئەو خوێندکارانەی کە لە دەرەوە دەخوێنن، ئەوەش ژمارەی دەرچووان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە
دەیان دەرچووی بوارە پزیشکییەکان لە عێراقدا ناچار دەبن چەندین ساڵ چاوەڕێ بکەن پێش ئەوەی لە دامەزراوە تەندروستییە حکوومییەکاندا کارێک بدۆزنەوە، سەرەڕای بەڵێنە بەردەوامەکان بۆ دڵنیایی لە دامەزراندنی ناوەندی بۆ ئەم بوارانە؛ ئەوەش وای لە دەرچووانی بوارە پزیشکییەکان کرد خۆپیشاندان ڕێک بخەن بۆ داواکردنی دامەزراندنیان، لەنێو بەشەکەیدا کە شایەتحاڵی دامەزراندنی بەشێکیان بوو، لە کاتێکدا ئەوانی تر چەندین ساڵە چاوەڕێن.
حکوومەتی عێراق ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر دامەزراندنی ژمارەیەکی زۆری دەرچووانی بوارە تەندروستییەکان دوای خۆپیشاندانێک کە لەلایەن نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی دەرچووانی پیشە پزیشکی و تەندروستییەکانەوە لە حوزەیرانی ٢٠٢٢دا لە بەردەم دەروازەی ناوچەی سەوز لە بەغدا ڕێک خرابوو.
چاودێران دەڵێن دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکی ددان و دەرمانسازی ڕووبەڕووی بێکاری دەبنەوە لە ھەردوو کەرتەکانی تایبەت و گشتیدا، چونکە ژمارەی دەرچووان لە ساڵانی داھاتوودا زیاتر دەبێت لەوەی کە لە ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵدا دەرچوونە.
جەختیش دەکەنەوە کە ئەم داتایانە و ئەوانی تر بوونەتە ھۆی بێهیوایی خوێندکارانی زانکۆ و کەمبوونەوەی ئومێدیان لە داھاتوودا، بەھۆی جێبەجێ نەکردنی یاسای پلەبەندی پزیشکی بەشێوەیەکی نموونەیی و پشتگوێخستنی حکوومەت بۆ ئەم چینە گرنگەی وەرگیراوان لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدا.
زانکۆ ئەھلییەکان. کورتهێنانی زۆر لە بوارەکاندا وەک پزیشکی فریاکەوتن. مامۆستای پزیشکی لە زانکۆی عێراقی دکتۆر عەبدوڵڵا تەیف دلێمی وتی قەیرانەکە بەھۆی ئەو ژمارە زۆرەی کۆلێژە ئەھلییەکانەوەیە کە بۆ مەبەستی بازرگانی کراونەتەوە، لەگەڵ پاشەکشەیەکی زۆر لە دروستکردنی نەخۆشخانەکاندا.
ژمارە زۆرەکانی کۆلێژەکانی پزیشکی گشتی و پزیشکی ددان و دەرمانسازی ئەھلی، کە لە عێراقدا لەلایەن کابینەکانی پێشووەوە دروستکران و ساڵانە ھەزاران خوێندکار دەردەچوێنن، کە کێبڕکێ لەگەڵ دەرچووانی کۆلێژە حکوومییەکان دەکەن لەسەر دامەزراندن و کارکردن، مشتومڕێکی ساڵانە دروست دەکەن بەھۆی کاریگەرییەکەیەوە لەسەر پەکخستنی توانای دامەزراندنی حکوومی.
عێراق دوای ساڵی ٢٠٠٣ بەرزبوونەوەیەکی زۆری لە ژمارەی زانکۆ ئەھلییەکاندا بە ڕێژەی سەدا ٥٠٠ زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێک کە گەیشتە ٦٦ زانکۆ کە دانیان پێدا نراوە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە، ئەم زانکۆیانە زیاتر لە ٥٧٠ بەشیان ھەیە لە بوارەکانی پزیشکی و ئەندازیاری و زانستە مرۆییەکاندا، بەڵام ژمارەی زانکۆ حکوومییەکان تەنھا ٣٥ زانکۆیە.
کۆلێژە ئەھلییەکان پشت بە پێوەری نمرە (پلەی قوتابی) نابەستن لە وەرگرتندا، بەڵکو جیاوازییەکی زۆر ھەیە لە نێوان نمرەی وەرگرتنی ئەو قوتابیانەی کە لە قۆناغی ئامادەیی دەرچوون و داواکاری پێشکەش دەکات بۆ کۆلێژە حکوومییەکان، و نمرەی ئەو دەرچووەی کە داواکاری پێشکەش دەکات بۆ ئەھلییەکان، و وەزارەتی تەندروستی و سەندیکای پزیشکان لە ساڵانی ڕابردوودا سکاڵایان لەوە کردووە.
وەزارەتی پەروەردە ڕێگەی دا زانکۆ ئەھلییەکان کە سەر بە وەبەرهێنەرانن و زۆربەیان پەیوەندییان بە لایەنە سیاسی و حزبییەکانەوە ھەیە، خوێندکاران لە کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی و ئەوانی تردا وەربگرن بە جیاوازییەکی زۆر لە نمرەی گشتی خوێندکاردا، کە دەگاتە ٢٠ نمرە، چونکە ھەردوو کۆلێژی پزیشکی ددان و دەرمانسازی لە زانکۆ ئەھلییەکاندا نمرەی ٧٩ وەردەگرن، لە کاتێکدا ئەو کۆلێژانەی کە ھاوشێوەیانن لە حکوومییەکاندا نمرەی کەمتر لە ٩٨.٤٥یان وەرنەگرتووە.
حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە دامەزراندنی کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی لە زانکۆ ئەھلییەکانی وڵاتدا رابگیرێت، دوای ئەوەی وەجبەیەکی زۆری قوتابیانی دەرچوواند کە شایستەی ئەوە نەبوون پیشە پزیشکییەکان بکەن، ئەوەش بووە بار بەسەر وەزارەتی تەندروستییەوە و کاریگەری ھەبوو لەسەر دامەزراندنەکانی دەرچووانی زانکۆ حکوومییەکان، سەرەڕای کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو دەرچووانە لەسەر ژیانی ھاووڵاتییان، لەنێو ئەو داوایانەی کە بەم دواییانە زیاتر بوون بۆ کۆتایی ھێنان بەو کۆلێژانە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕاسپێردرا بۆ ئەوەی ڕاگرتنی دروستکردنی کۆلێژ و بەشە پزیشکییەکان لە زانکۆ و کۆلێژە ئەھلییە ئێستاکان یان ئەوانەی کە لە داھاتوودا دروست دەکرێن بەپێی پێوەرە پەسەندکراوەکان بگرێتە ئەستۆ.
ڕاگەیێندراوی حکوومەت ڕوونی کردەوە کە “سودانی ڕێنمایی داوە بە دووبارە دامەزراندنی ئەو پزیشکانەی کە دەستیان لەکار کێشاوەتەوە یان ئەوانەی کە کاریان بەجێ هێشتووە، لە وەزارەتی تەندروستیدا، لەو پلە تایبەتکراوانەی بۆ وەزارەتەکە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ٢٠٢٤دا.”؛ ڕوونیشی کردەوە کە “ڕێنماییەکان ئەوەشیان گرتەوە کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و سەندیکای پزیشکانی عێراق، لێکۆڵینەوەیەک ئامادە بکات بۆ فراوانکردنی وەرگرتن لە خوێندنی باڵا لە عێراقدا بۆ بوارە پزیشکییەکان، بەپێی ئەو توانایانەی کە لەبەردەستدان بۆ ساڵی خوێندنی داھاتوو” و، جەختی کردەوە کە “ڕێنماییەکان ئەوەیان گرتەوە کە وەزارەتی تەندروستی ھەماھەنگی بکات لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بۆ ئامادەکردنی بەرنامەی ڕاھێنان بۆ پزیشکان لە دەرەوەی عێراق.”
سیستەمێکی خراپی تەندروستی، نەبوونی ھۆشیاری پێویست دەربارەی گرنگی بوارەکان و ڕۆڵی گرنگیان لە بنیادنانی دەوڵەتدا بووەتە ھۆی ئەوەی خوێندکاران لە پێداویستییەکانی بازاڕی کار تێنەگەن. سیستەمی تەندروستی لە عێراقدا بەدەست چەندین کێشە و ئاستەنگەوە دەناڵێنێت کە کاریگەرییان ھەیە لەسەر کوالێتی و کارایی ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەی کە پێشکەش بە دانیشتووان دەکرێت، لەوانە خراپبوونی ژێرخان، گەندەڵی کارگێڕی، کەمیی بوودجە، و کاریگەریی ململانێ چەکدارییەکان و قەیرانە مرۆییەکان. ئەوەش بووە ھۆی کەمیی دامەزراوە تەندروستییەکان و کەرەستە پزیشکییە مۆدێرنەکان، سەرەڕای ئەوەی عێراق بەدەست کورتهێنانی توندەوە دەناڵێنێت لە ژمارەی پزیشکان و پەرستاراندا، ھیچ پلانێک بۆ دامەزراندن و پێگەیاندن لە گۆڕێ نییە، بەتایبەتی لە ناوچە دوورەدەستەکاندا، ھەروەھا کۆچی پزیشکە شارەزاکان بۆ دەرەوەی وڵات هەیە.
گەندەڵی دارایی و کارگێڕی دەبێتە ھۆی خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوە تەندروستییەکان و بەھەدەردانیان، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی دیاردەی “فەرمانبەرانی وەھمی” کە بڕی زۆر پارە بە دەوڵەت دەدەن و ڕێگری دەکات لە دامەزراندنی دەرچووانی نوێ، چونکە سیستەمی تەندروستی عێراق بەشێوەیەکی زۆر پشت بە بوودجەی حکوومی دەبەستێت، ئەوەش وای لێدەکات ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی گۆڕانی نرخی نەوت و گۆڕانکارییەکانی بوودجەی گشتی ببێتەوە. ھەروەھا جەنگەکان و ململانێکان و پیسبوونی ھەوا و کێشە ژینگەییەکان دەبنە ھۆی زیادبوونی فشار لەسەر سیستەمی تەندروستی و زیادبوونی ژمارەی بریندار و نەخۆشان و ئاوارەبوونی دانیشتووان و کاریگەری لەسەر تەندروستی خەڵک و زیادبوونی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخۆشییە گواستراوەکان وەک شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە، ئەوەش پێویستی بە ھەوڵێکی زۆر ھەیە لە خۆپاراستن و چارەسەرکردندا، لە بەرامبەردا کەمی لە خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی سەرەتاییدا ھەیە، ئەوەش دەبێتە ھۆی فشار لەسەر نەخۆشخانەکان و دواکەوتن لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکاندا، لە بەرامبەردا پلان نییە سەبارەت بە دامەزراندنی دەرچووانی نوێی کۆلێژەکانی پزیشکی.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی “العرب”