رۆژنامەی ھەولێر

هەموو هونەرمەندێک لە سەرەتادا پێویستی بە کاری لایڤ میوزیک هەیە، بۆ ئەوەی بەباشی ڕابێت لەسەر شێوازی کارکردن

عەبدولقەهار هەولێری

 

هونەرمەندی میوزیکژەن بەهێز عەباس نجم، ژەنیارێکی دیاری ئامێری سەکسۆفۆنی شاری ڕانیەیە، دامەزرێنەر و بەڕێوبەری (١٢جاز) میوزیک باند و دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی ڕانیە و کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سەڵاحەدینە. لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی “هەولێر” باس لەوەکات ئەزمونی ١٠ ساڵ توێژینەوە لە میوزیکی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی هەیە، وەک خۆی دەڵێت:

ژەنیاری ٨ ئامێری میوزیکی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتییە، جگە لە هەندێک ئامێر کە نزیکن لەیەکەوە. خاوەنی ٧ کۆنسێرتی ئاست بەرزە لە تۆڕی کۆنسێرتی کوردستان و خاوەنی ٣ کۆنسێرتە لە ئەوروپا. هەروەها خاوەنی بڕوانامەی (sound engineer ) بۆ کاری ستۆدیۆ و ئەندازیاری دەنگی دیجیتاڵ. خاوەن ٦ پڕۆژە و بیرۆکەی تۆمارکراوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ کاری میوزیک و فیستیڤاڵ لە داهاتوو.
(دەنگ و سەدای میوزیک)
لەم دیمانەیەی ڕۆژنامەی “هەولێر” سەبارەت بەچۆنییەتی هەڵبژاردنی بواری میوزیک گوتی:”:
لەناو خێزانەکەمدا کە چاوم هەڵهێنا هەمیشە دەنگ و سەدای میوزیک هەبووە بەهۆی باوکمەوە کە ژەنیاری ئامێری سازە، هەر ئەمەش بووە پاڵنەری ئەوەی کە من خۆشەویستیم بۆ میوزیک دروست بێت و خوێندنی ئەکادیمی خۆم تەرخان بکەم بۆ موسیقا.
لەبارەی لایڤ میوزیک، تاچەند لەڕووی ماددییەوە سوودی بۆ هونه‌رمه‌ندان دەبێت؟ بەهێز عەباس گوتی: هەموو هونەرمەندێک لە سەرەتادا پێویستی بە کاری لایڤ میوزیک هەیە، بۆ ئەوەی بەباشی ڕابێت لەسەر شێوازی کارکردن و دروستبوون و شێوازی ڕاهێنانی گۆرانیبێژ و هونەرمەندەکان و پشتیوانی ماددییەکی تا ڕادەیەک باشە بۆ هونەرمەند. بەڵام پێویستە هونەرمەند زیاتر وردبێتەوە لە شێوازی کارکردنەکان و بچێتە ناو دونیای بزنسی هونەری و دیجیتاڵ مارکێتینگی هونەری بۆ ئەوەی هەمیشە سەرچاوە داهاتەکەی بەهێزتربێت لە لایڤ میوزیک و پێویستی پێی نەمێنێت.
ئاستی ڕۆشنبیری و هونەری و بەرەو پێشچوون
بەهێز پێیوایە
پەیمانگە و کۆلێژەکانی کوردستان شوێنێکی باشن بۆ لەبیر بردنەوەی ئەو بەهرەیەی کە هونەرمەند لە منداڵییەوە خۆڕسکانە لە ناخییەتی. لەقسەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت: ئەگەر فێرخواز بۆخۆی کار لەخۆیدا نەکات و ئاستی ڕۆشنبیری و هونەری خۆی بەرەو پێش نەبات، زۆر بە ئاسانی لە جیاتی ئەوەی ببێتە هونەرمەندێکی باش دەبێت بە کەسێکی لە ناخەوە ڕووخاو و هەست بە کەمی خۆی دەکات.
کەواتە بابەتی هونەری و پەیمانگە و کۆلێژەکانی هونەر، تەنها سەرەداوێک لە بابەتەکەت پێ دەناسێنێت، خۆت بڕیاردەری خۆت دەبیت کە ئاراستەی ژیانی هونەری تۆ بە کام لادا دەڕوات.
گرووپی ١٢جاز
هەروەها ئەم میوزیکژەنە سەبارەت بە گرووپی (١٢جاز) و چۆنییەتی دروستبوونی گوتی: بە سەیرکردنی ئەو هەموو توانا بەرزە هونەری و بەهرەمەندەی کە لە دووری من هەبوو لە کاتی خوێندنی زانکۆم، هەلەکەم قۆستەوە و بڕیارمدا گرووپێکی جیاواز لەو گرووپانەی کە لە کوردستان هەن دروستبکەم تاوەکو منیش بتوانم خزمەتێک لە درێژەی ژیانی هونەریم زیاد بکەم بۆسەر هونەری کوردی.
ئێمە بە (١٢) ژەنیار و میوزیسیان توانیمان کارێک بکەین کە جیاوازتربوو لە هەموو ئەو کارانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشتر کراوە لە بواری ناساندنی کولتوور، تەواوی میوزیکی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییمان پێکەوە بەستەوە بەبێ هیچ وەستانێک تا کۆتای بۆ ماوەی یەک کاتژمێر هەموو کولتووری ناوچەکانی کوردستان و شێوازی جازی ئازادمان پێشکەشکرد.
دەرئەنجامی ئەم کۆنسێرتە بچووکە ئەوەبوو (١٢جاز ) دروستبوو لە تواوی کوردستان (٧) کۆنسێرتی گەورە و ئاست بەرز پێشکەشکرا، هەروەها (٣) کۆنسێرتی زۆر گرنگ لە وڵاتی ئەڵمانیا لە شارە جیاوازەکان پێشکەشکرا بە نوێنەرایەتی کوردستان پێناسەی هونەر و میوزیکی کوردیمان کرد.