سەدیق سەعید ڕواندزی
بڕوا ناكەم لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، هیچ گەل و نەتەوەیەك هێندەی ئێمە، ڕووبەڕووی ستەم و چەوسانەوە و لەنێوبران بووبێتەوە. لاپەڕەكانی مێژوو، ئەگەر لە سەرێكەوە تۆماری ئەو كارەسات و نەهامەتیانە بێت كە بە سەر ئێمەدا هاتوون، ئەوا لە سەرێكی دیكەوە ئاماژەی خۆڕاگریی و مانەوەی ئێمەن لە ژیاندا، وێڕای هەموو هەوڵێكی لە نێوبردن و سڕینەوە. هەمیشە دەگوترێت (چیاكان تاكە دۆستی كوردن) وەك پەنا و پشتیوانێك لە كاتی بەرگری و تەنگانەدا، بەڵام ئەوە كورد خۆیەتی، پارێزگاریی لە بوون و مانەوە و شوناسی خۆی كردووە، هەرچەند ڕقی داگیركەران توندتر بووبێت، ئەوەندەش ڕوحی بەرەنگاریی و مانەوە لە ناخ و هەستی مرۆڤی كورد دا، ڕەگی بە قووڵاییدا چووە. لە بیری هەموو كوردێك، هەموو كاتێك ئەگەری لەنێوبردن و سڕینەوە هەیە، هەمیشە هەستدار و زیت و بە ئاگا، ساز و ئامادە بووە بۆ ئەوەی بەرگری بكات و لە دژی دژمنانی بوەستێتەوە. پەشێو لە شیعری (ناكەوین) جوان وەسفی ئەو بێدارییەی مرۆڤی كوردی كردووە و هاوشێوەی خەوی شوانێك كە تایبەتە وەسفی دەكات. لەو شیعرەدا، شاعیر ئێمە بە درەختێك دەچوێنێت، كە هەمیشە بە پێوەین و ناكەوین، یاخود دەخەوین، بەڵام لە خەویشدا، هەمیشە وەك بێدارێك بە ئاگاینە، بۆ ئەوەی لە پەنای ئەو خەوەدا زەفەرمان پێ نەبن. ئەگەر خەو، جۆرێك لە نائاگایی بێت و مرۆڤ تیایدا ئاگایی لە دەست دەدات، ئەوا ئەو خەوەی ئێمە جیاوازە و جۆرێكە لە خەونی تێكەڵ لە نێوان خەوتن و بێداریدا، پەشێو لە شیعرەكەیدا دەڵێت:_
ئێمە وەك درەختین
جار هەیە دەخەوین
دەخەوین و وەك شوانی دوای شەوین
بەڵام لە خەویشدا بە پێوەین
بە پێوەین و ناكەوین
بێگومان هەموو درەختێك ئەگەری كەوتنی هەیە، جا بە بڕینەوە بێت یان سووتان، یان هەر ڕووداوێكی سرووشتی، بەڵام بۆچی پەشێو بڕوای وایە ئەو درەختە ناكەوێت؟ لە ڕاستیدا ئەو درەختە، ڕەمزێكە بۆ مرۆڤی كورد. درەخت لێرەدا، بە مانای كورد وەك نەتەوە دێت، بە تایبەتیش شاعیر لە دەسپێكی شیعرەكەیدا، بە جێناوی لكاوی كەسی یەكەمی كۆ دەدوێت، واتا ئەوەی ناكەویت بە تەنها درەختێك نییە، بەڵكو دەشێ جەنگەڵساتنێك بێت. لەلایەكی دیكەوە وەك باسمان كرد درەخت دەكەوێت، لەو سۆنگەیەشەوە مرۆڤی كوردیش دەكەوێت، مەگەر كەس ئەوەندی ئێمە ڕووبەڕووی كوشتن و لە نێوبردن بۆتەوە؟ كەواتا مەبەست لەو نەكەوتنە چییە؟ بێگومان ئەمە یاسایەكی فیزیكییانەی ژیانە كە مرۆڤەكان دەمرن و لە دایك دەبن، بەمەش چەند مرۆڤی كورد لە نێو ببرێت، ئەوەندەش ئەوانی تر جێگەیان دەگرنەوە، لێرەوەش هەوڵی ئەوان بۆ سڕینەوە و لە نێوبردنی ئێمە بێ هوودەیە، چونكە ئێمە دواجار ناكەوین. چەندمان بكەوین، ئەوەندەی ترمان بە پێوە دەوەستن. ئێمە ئەگەر بشخەوین، ئەوا خەوەكەمان وەك خەوی شوانی دوای شەوینە، خەوی شوانەكان، خەوێكی هەستیار و ئاگایانەیە و دەبێ هەمیشە لە نێوان خەو و بێداری دابن بۆ ئەوەی مێگەل لە پەلاماری گورگ بپارێزن. ئەگەر بە ئاگا نەبن، ئەوا پەلاماری مێگەلەكانیان دەدرێت و لە دەرفەتێكدا لە نێو دەبرێن و دەسڕدرێنەوە.لەوسۆنگەیەشەوە، ئێمە ئەگەر بشخەوین، ئەوا خەوێكی تەواوەتی ناخەوین، بەڵكو چاوێكمان هەر لە سەر دوژمنەكانمانە و بە ئاگایەوە ڕەفتار دەكەین بۆ ئەوەی ئەوانیش دەرفەت نەقۆزنەوە لە شەودا زەفەرمان پێ بەرن. ئەزموونی درێژی مێژووی ئێمە، ئەوەی سەلماندووە كە وێرای ئەو هەموو كوشتن و بڕینە، كەچی ئێمە هەر بە پێوە دەبین و دەمێنینەوە و هەرگیز ناكەوین. ئەگەر درەختێكمان ببڕنەوە و بكەوێت، جەنگەڵسانێك شین دەبێت، یەكێكمان بێ ئاگایانە خەو بیباتەوە، هەزارانی ترمان بێدارن. پەشێو لە ڕێگەی ئەو كورتە شیعرەوە، پەیامێك ئاراستەی نەیارانی كورد دەكات كە چەند داس و تەوری ئێوە بە تیغ و دەم تیژ بن، هەزار ئەوەندەش ڕەگ و قەدی ئەو دارەی دەیبڕنەوە لە ئێوە بەهێزترن. بۆیە بیر لەوە مەكەنەوە كە ئیدی نەتەوەیەك دەسڕنەوە، كە ناوی كوردە، چونكە ئێمە هەر بە پێوەین و گەر بشخەوین، ئەوا دڵنیا بن خەوەكەمان وەك خەوی شوانی مێگەلەكانە، كە پەزەكەیان لە پەلاماری گورگ و دڕندەكانی دیكە دەپارێزن و هەمیشە بێدار و بەئاگان.

