رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی ڕۆشنبیری هۆشداری بە میدیاکان دەدات لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی تاوانکاری

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گشتاندنێکی فەرمیدا، هۆشداریی دەداتە سەرجەم دەزگا میدیاییەکان و داوایان لێ دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە بڵاوکردنەوەی دووبارە و بەپەلەی هەواڵی تاوانکاری. وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە کە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەناڵێکی سەرپێچیکار دەگرێتەبەر.

وەزارەتەکە لە گشتاندنێکی فەرمیدا بە ژمارە 896 کە سەرجەم دەزگا میدیاییە بینراو و بیستراوەکانی ئاگادار کردووەتەوە.
لە گشتاندنەکەدا، کە واژۆی شێروان عەولا خورشید، بەڕێوەبەری گشتیی لەسەرە، هاتووە کە بڵاوکردنەوەی هەواڵی تاوانکاری بەشێوەیەکی دووبارە و بەپەلە، بووەتە دیاردە و کاریگەریی خراپی لەسەر دەروونی هاووڵاتیان دروست کردووە و ڕێگەخۆشکەرە بۆ فێربوونی چۆنیەتیی ئەنجامدانی ئەو تاوانانە.
وەزارەتی ڕۆشنبیری جەختی کردووەتەوە کە هەر دەزگایەکی میدیایی پابەندی ئەم ئاگادارکردنەوەیە نەبێت، کارەکەی بە پێچەوانەی یاسا و لۆژیک و ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی دادەنرێت.