عومەر چنگیانی
لەگەڵ ئەوەی بابەتی پەسندكراوی هەفتەی ڕابردووی بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی باسكردن بوو لە ڕێزگرتن لە (هەتیو)، یان بێبەش لە نازی باوک و دایك بوو لە ئیسلامدا، لە پێشدا بە ئەركم زانی تیشك بخەمە سەر دوو خاڵێكی گرنگ:
ئایا دایك و باوك لەكۆمەڵگای كوردەواریدا وەك پێویست سۆزیان داوە بە منداڵەكانیان تا بڵیین بێنازی دایك بووەكان بێناز مەكەن؟ ئەمە پرسیارێكە و گەر ڕاشكاوانە ڕەفتاری لەگەڵ بكەین هەریەكەمان ئەو ڕاستییە دەزانین كە لە كۆمەڵگای كوردیدا بە زۆری نێر و مێیەتییە نەك پیاوەتی و ژنەتی و باوك و دایك فامین نەخاسمە ئێستاکە، لێرەوە بۆ ئەوەی گوتارمان تەنها لایەنێكی سۆز نەبێت ئەم بیرهێنانەوەمان كرد و، ناوەرۆكی گوتارەكەیشمان وەك لە بەشی وەرگێڕان لە بۆرد كورداندبوویان بەم شێوە بوو: (یەتیم خاوەنی ئەو دڵە بچووکەیە کە سۆزی باوکی لەدەست داوە و، ڕەنگە تووشی سەختیی ژیان و ناخۆشیی لەدەستدان بووبێت، بۆیە ئایینی ئیسلام هاتووە بۆ ئەوەی فرمێسکەکانی بسڕێتەوە، مافەکانی بپارێزێت و پلە و پایەی بەرز بکاتەوە، خوای گەورە لە ئایەتی ١٠ـی سوورەتی (زوحا)دا، ڕووی گوتاری دەكاتە پێغەمبەر خۆی، دروود و سەلامی خوای لەسەر بێ و، لەویشەوە هەرتاكێكی بڕوادار و دەفەرمێت: بێبەش لە نازی باوک بە چاوی سووك و كەمبەها سەیر مەكە). ئەمەش ڕاسپاردەیەکی گەورەیە، سەبارەت بە ستەملێنەکردن و زەلیلنەکردنی یەتیم، بەڵکو بە چاکەکردن لەگەڵی و چاودێریکردنی.
یەتیم و گەورەیی ڕێزلێگرتنی:
یەتیم لە ڕووی شەرعەوە، ئەو کەسەیە پێش تەمەنی هەراشیان (باڵغبوون) باوکی نەمابێ؛ ئیسلام گرنگییەکی زۆری بە یەتیم داوە، تەنانەت خودای گەورە لە چەندین شوێنی قورئاندا باسی کردووە و، بەخێوکردنی یەتیم یەکێکە لە گەورەترین ئەو کارانەی نزیکمان دەکاتەوە لە خودا و هۆکارێکە بۆ چوونەبەهەشت و هاوڕێیەتیکردنی پێغەمبەر (ص) لە بەهەشتدا. کەواتە بەخێوکەری یەتیم لە بەهەشتدا لەگەڵ پێغەمبەر (ص) و لە خزمەتی ئەودایە، بەڵام هەریەکەیان پلەی تایبەت بە خۆی هەیە؛ چونکە هیچ کەسێک ناگاتە پلەی پێغەمبەران؛ هەربۆیە پێغەمبەر (ص) کەلێنێکی خستە نێوان پەنجەی شایەتمان و پەنجەی ناوەڕاستی.
بەخێوکردنی یەتیم تەنها بریتی نییە لە تێرکردن و پۆشتەکردن، بەڵکو لەخۆگرتنی دەروونی و سۆزداری، پەروەردەکردنی، پاراستنی لە زەلیلی و سووکایەتی و هەستپێکردنی بە خۆشەویستی و چاودێرییش دەگرێتەوە، تاوەکو هەست بە کەم و بێبەشی نەکات.
مەترسیی ئازاردانی یەتیم:
ئەگەر نافەرمانی و ئازاردانی دایک و باوک لە گوناهە گەورەکان بێت، ئەوا ستەمکردن لە یەتیم و زەلیلکردنی لە گەورەترین تاوانەکانە، چونکە خودای گەورە هەڕەشەی توندترین سزای لەو کەسانە کردووە کە ماڵی هەتیوان بە ستەم دەخۆن و، لە ئایەتی ١٠ـی سوورەتی (نیسا)دا فەرموویەتی:
(بەڕاستی ئەوانەی ماڵی هەتیوان بە ستەم دەخۆن ئاور لە ناخ و هەناو و جەستەی خۆیان بەردەدەن و لە ڕۆژی دواییشدا دۆزەخ جێیان دەبێت). كە ئەو بارودۆخە نالەبارە ئابوورییە لەسەر سەپێنراوەی ئێستای كوردستان فێرمان دەكات كە نەیارانمان نەك بابەتی نازهەڵگرتن نازانن بەڵكو مافە ڕەواكانی خۆیشمانیان لەبیر بردووینەتەوە، لە كاتێكدا ئەگەر ئێمە تاوانەكانی لە عێراقەوە بەرانبەرمان كراوە بخەینە ژێر لێپێچانەوە و تیمی داواكار هەبن، عێراق هەرچیمان بۆ بكات ناتوانێ ئەو هەموو مافە خوراوە پێشێلکراوەمان بداتەوە و ئێمە ئەركە بە بیری خۆمان و ئەوانی بێنینەوە كە لەسەر هەر شەهیدێك چەند قەرەبووی مادی و مەعنەویمان دەكەویت.
ڕۆڵی دایک لە پەروەردەکردنی یەتیمدا:
دایک باوەشی گەرم و یەکەم پەناگەی هەموو منداڵێکە و، ئەگەر منداڵ باوکی لەدەست بدات، دایک دەبێتە کۆڵەگەی سەرەکی بۆ پەروەردەکردنێکی دروست و، دەیپارێزێت لە لادان و ونبوون. یەکێک لە دیارترین ڕۆڵەکانی دایک لە چاودێریکردنی یەتیمدا بریتییە لە قەرەبووکردنەوەی لە سۆزی باوکایەتی، چاندنی بەها ئیمانی و ڕەوشتییەکان کە لە لاڕێیدا دەیپارێزن و، فێرکردنی پشتبەخۆبەستن لەگەڵ هەستکردن بە کەرامەت و شانازیکردن بە خۆی.
مێژووی ئیسلامیش پڕە لە نموونەی درەوشاوەی ئەو دایکانەی توانیویانە شوێنەواری خۆیان بەجێ بهێڵن و پیاوی مەزن پێبگەیەنن، بەتایبەتی دوای ئەوەی هاوسەرەکەیان نەماوە و منداڵی بچووکیان بۆ بەجێ هێشتوونە و، دایکەکان هەستاون بە چاودێریکردن و پەروەردەکردنیان. لە نموونەی ئەوانیش، دایکی پێشەوا عومەری کوڕی عەبدولعەزیز و، ئیمام بوخاری و، ئیمام ئەحمەدی کوڕی حەنبەل و، ئیمام شافیعی و، ئیمام سوفیانی سەوری و، چەندانی تر.
پێش هەموو ئەمانەش ئوم ئەیمەن (خوای لێ ڕازی بێت) کە دوای وەفاتی دایکی پێغەمبەر، ئەو کاتەی پێغەمبەری (ص) منداڵ بوو، ئەو ئەرکی بەخێوکردنی پێغەمبەری گرتە ئەستۆ و، وەک دایکی دووەمی وابوو، بۆیە شەرەفی هاوەڵێتی و دۆعای پێغەمبەری پێ بڕا.
لە کۆتاییدا، پێویستە بڵێین: چاودێریکردنی یەتیم منەت و چاکەیەک نییە کە بەسەریەوە بیکەیت، بەڵکو ئەرکێکی شەرعی و ئامانەتێکی گەورەیە، کە بەهۆیەوە پلەبەرزی لە دنیا و بەهەشت لە دواڕۆژدا دەست دەکەوێت. لە بەرامبەردا، ستەملێکردن و زەلیلکردنی یەتیم تاوانێکە کە دەبێتە هۆی تووڕەیی و سزای خوایی.

