رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: پرۆژەی ڕێگای کۆیە – دووکان دەست پێ دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئابی 2025، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە کارەکانی پڕۆژەی ڕێگەی دووسایدی (هەولێر–کۆیە)، سەردانی پڕۆژەکەی کرد.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە ڕایگەیاند: “پڕۆژەی ڕێگەی دووسایدی هەولێر– کۆیە کاری زۆر باشی تێدا کراوە و هەموو هەوڵێک دەدەین لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا تەواو بکرێت.”

دانا عەبدولکەریم ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگەی دووسایدی (کۆیە – دووکان) دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕوونیشی کردەوە: “ئێستا لە قۆناغی تەواوکردنی دیزاینی پڕۆژەکەداین و بەم زووانە دەدرێتە بەڵێندەر، تا پێش کۆتاییی ئەمساڵ کاری تێدا دەست پێ بکات”.