(2-2)
هەر سەبارەت بە هونەری شیعر لای ئەم شاعیرە د. لوقمان ڕەئووف لە درێژەی توێژینەوەکەیدا ئەوەش دەسەلمێنێت شیعر جارێکی دیکە دەبێتە هەست و نەست و “شیعر دەبێتە گەردوونێکی بێسنووری پەی پێ نەبراو هەروەکوو تێڕامان بێت لە گەردوون و ئەستێرەکان.”(9) لە دواتریشدا دەگاتە ئەوەی شیعر لای شێرکۆ بێکەس دەبێتە “خوێندنەوەی شتە نادیارەکان، یان بینینی ئەو داهاتوانەیە کە چاوی ئاسایی نایبینن.”(10) لە دواتریشدا لای ئەم شاعیرە دەبێتە عیشق و خەون و خەیاڵ و لە دواتریشدا دەڵێت “شیعر زمانە لە ئان و ساتی حاڵلێهاتن، فڕینی ڕۆحە لە وەختی شپرزەیی و دڵەڕاوکێ و گومانی بەردەوامدا. شیعر چڕترین زمانەداستانی هەموو ئەدەبێکە، پرسیارە لەناو پرسیاردا.”(11)
ئەم شاعیرە لە وەسفی شیعردا و لە کورتە شیعری “شیعر و شەراب”دا دەنووسێت:
“شەرابی جوان و شیعری جوان
لەیەک ئەچن
تا کۆنتربن…تازەترن
فەرموو قومێ
لە چوارینەی خەیام بدە و
پیاڵەیەک تێکە،
لە بادەی نوری مەحوی و
پەیمانەیەک
لێوان لێوکە.”(12)
لە کتێبی تەوندا هەر لە ستایشی شیعر دا دەنووسێت:
“با ویستی بگەڕێتەوە
بۆ یەکەم ساتی هەڵکردن
بەڵام تازە ئەو گڤانە
پیر پیر ببوون!
ئاوی ویستی بگەڕێتەوە
بۆ یەکەم ساتی هەڵقوڵین
بەڵام تازە ئەو قوڵپەقوڵپی ڕۆحانە
هیلاک هیلاک، شەکەت بووبوون.
هەر شیعری من بوو نەی ئەویست
بگەڕێتەوە سەرەتا
چوونکە لە ئێستەدا گەش و
جوان و گەنج و
لە دوێنێدا سیس و پیر بوو!”(13)
خاڵێکی گرنگ لێرەدا درککردن و دۆزینەوەی ئەم هونەرەیە کە شاعیر خۆیشی وشیارە بەوەی شیعری ئێستای لەسەرەتا کامڵترە، نەک ئەو ئەزموونانەی سەرەتای، کە لەژێر هەژموونی شاعیرانی دیکەدا بووە. لیرەوە پێداگریی دەکەینەوە شیعر هونەری یەکجار دۆزینەوە نییە، شیعر هونەری گەڕان و کەشف و دۆزینەوەی بەردەوامە.
لای شێرکۆ شیعر دەچێتە کۆمەڵێک پانتایی دیکەشەوە لە چەشنی ئەوەی دەڵێت شیعر ڕووداوە، یان شیعر سەنعەت و بەهرە و سەلیقەیە، یان شیعر ئازادی و یاخیبوونە، یان شیعر تەنیایی و ناخی خودە. کۆی ئەم گوتانە لەبارەی شیعرەوە زیاتر لەوەی گوتەی تیۆری بن لەبارەی شیعرەوە زیاتر لە وەسف و پێناسەی ئاسایی شیعر دەچن و لەوە ناچێت ئەوانە بۆچوونی شاعیرێک بێت کە خاوەنی گەلێک ئەزموونی شیعری دەوڵەمەند بێت. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە دووجۆر شاعیر هەن: شاعیرێک کە ئاشنایی بە مەعریفەیەکی تیۆریی شیعری هەیە. شاعیرێکی دیکەش کە ئاشنایی لەگەڵ هونەری شیعردا هەیە. بەدەر لەم دوو جۆرە لە شاعیر ئیدی شیعر بەرهەم نایەت و ئەوەی بەناوی شیعریشەوە بەرهەم دێت جگە لە وشەی ڕیزکراو و لەژێر ناونیشانی هیچ ناوێکی دیکەدا کۆنابێتەوە. دەکرێت لێرەدا سەرنج لەم کورتە شیعرەی بدەین کە هەندێک بۆچوونی لەبارەی شیعرەوە دەربڕیوە و شیعرەکەش ناوی “ئەستێرەی سیوەیلی شیعر”ە:
شیعری دەگمەن
ئەڵێی ئەستێرەی سیوەیلە
درەنگ…درەنگ
دەرئەکەوێ
بەڵام ئەو وەختەی دەرئەکەوێ
هەر یەک جاری
سیحر و عیشوەی
یەک هاتنی
بەقەد دەیان دەرکەوتنی
شیعری ترە!(14)
شێرکۆ بێکەس لە چەشنی ئەو شاعیرانەیە کە خاوەنی مەعریفەیەکی تیۆریی نییە سەبارەت بە هونەری شیعر، بەڵام ئاشنای هونەرەکەیە و دەسەڵاتی تەواوەتی بەسەر هونەرەکەدا هەیە، بەڵام نەبوونی مەعریفەیەکی تیۆریی خستوویەتییە هەندێک هەڵەوە، کە ئەم هەڵانە لەنێو شیعرەکانیدا دەبینرێن. یەکێک لەو هەڵانە لە تەوزیفکردنی چەمکی یاخیبووندایە، وەکوو لە بەشەکانی پێشەوە خستمانەڕوو شیعر لای ئەم شاعیرە هەمیشە لەنێو بازنەی یاخیبووندا جێگەی نەبووەتەوە. سەبارەت بە چەمکی خوودگەراییش ئەوەمان ڕوونکردەوە، کە زۆربەیجار خوودی نێو شیعرەکانی کوژراوە و ئەزموونی شێرکۆ بەشی هەرە زۆری و لە شێوە گشتییەکەیدا ئەزموونێکی “خودفەرامۆشییە”، نەک “خوودسەنتەری”، هەر بۆیە هەموو باسکردنێکی تیۆری ئەم شاعیرە لەبارەی شیعرەوە، کە زۆرجار لە گفتوگۆکانیدا، یان لەنێو دەقەکانیدا بەری دەکەوین باسێکوی وەسفیی سۆزدارانەیە بۆ شیعر، نەک باسێکی تیۆریی و فیکریی بێت سەبارەت بە هونەری شیعر.
“شاعیر شیعر ئەکا بە ئاوێنە
ئاوێنە ئەبێ بەشووشەبەندی دیوان و
دیوان زەمان ئەیبات و
زەمانیش زۆریانی بیر ئەچێتەوە!”(15)
لە چاوپێکەوتنێکدا شێرکۆ بێکەس پێیوایە شاعیر بەدەر لە ئیلهام گرنگە بە خوێندنەوە و ئەزموون خۆی دەوڵەمەند بکات و دونیا شیعرییەکەی فراوان بکات “شاعیر بریتییە لە بەهرە و خوێندنەوە و ئەزموون. هیچ شاعیرێ نییە و نەبووە لە دنیادا بەتەنیا خۆی خۆی خولقاندبێ، ئەگەر خوێندنەوە نەبێ نووسین لە شوێنێکدا ئەوەستێت، ئاوی ژیانی نایەتە سەر و وشک ئەبێتەوە، ئەزموونیش قاڵبوون و ڕاهاتن و پەندوەرگرتن و فێربوون لەوانی ترەوە، لە سەدا حەفتا زیاتری وزەی نووسینی هەموو نووسەر و شاعیرێ لەو گەنجینانەوە دێت کە هی عەقڵ و ئەزموون و بەرهەمی هونەرمەندانی ترن.”(16) هەر لێرەوەیە دەتوانین بڵێین خوێندنەوە و ئەزموون وزەی لەبننەهاتووەکەی ئەم شاعیرە بوون بۆ ئەزموونکردنی بەردەوام و دۆزینەوەی بەردەوامی شیعر.
“شیعر (مانگ)ی سەرەڕۆیە
شەوێک لە باخەڵما هەڵدێ و
شەوێکی دی کەس نازانێ لەلای کێیە؟
شیعر ژنێکە سیحرباز
زەمانێکە من ئەیناسم
زەمانێکە ئەو ئەمناسێ
کەچی تا ئێستە جارێکیش
پێی نەوتووم چ وەختێ دێ
ئەشێ لە ڕۆژێکدا چەند جار
بێت و لەگەڵیشما بنوێ!
جاری واش هەیە هەر لەپڕ
بۆ چەند مانگێ
خۆی ون ئەکا و
بزر ئەبێ و
کەس نازانێ ئەو لە کوێیە؟”(17)
شیعر هونەرێکی ئاسان نییە و شاعیر بتوانێت هەموو ساتێک بینووسێت، چوونکە شیعر هونەری گەڕان و پرسیاری بەردەوام و خوولقاندنی بەردەوامە. ئەوەی پێیوایە شیعر هونەرێکی ئاسانە و هەرکات ویستی دەتوانێت دەستی پێی بگات، ئەوە شیعر نانووسێت، بەڵکو وشەی ڕیزکراو بەناوی شیعرەوە دەنووسێت.
سەرچاوە و پەراوێز:
9-د. لوقمان ڕەئووف، چەمکی شیعر و چەمکی شاعیر لە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەسدا، ل47
10-هەمان سەرچاوە، ل57
11-هەمان سەرچاوە، ل71
12-شێرکۆ بێکەس، خێراکە مردن خەریکە بگات!-شیعر، ناوەندی غەزەلنووس، چاپی یەکەم 2013، ل283
13-شێرکۆ بێکەس، تەون-شیعر و پەخشان، چاپکراوی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم 2009، ل106
14-هەمان سەرچاوە، ل138
15-شێرکۆ بێکەس، تۆ ئەتوانی بە قومێ ماچ بمخەیتەوە هەڵقوڵین-شیعر، چاپکراوی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی یەکەم 2007، ل139.
16-شێرکۆ بێکەس، لە گوڵەوە هەتا سووتوو-شیعر و پەخشان، چاپکراوی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم 2006، ل240
17-شێرکۆ بێکەس، زێ و زنە-شیعر، چاپکراوی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم 2008، ل322

