ڕائیب جادر – هەولێر
وەرزی ھەڵگرتنەوەی ھەنگوین لە ھەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام ئەوەی بۆتە جێگەی نیگەرانی ھەنگەوانان ئەمساڵ بەرھەمی ھەنگوین بۆ نیوە کەمتر دابەزیوە، پاڵپشتیی حکوومەتی ھەرێم بۆ کاری ھەنگەوانی و کەشوھەوای کوردستان وایکردووە ساڵانە ژمارەی ھەنگەوانان زیاتر ببێت، لە ھەر کۆنگرەیەکی جیھانی ھەنگەوانانی کوردستان بەشداریان کردبێت ھەنگوینی کوردستان پلەی یەکەمی بە دەستھێناوە.
ساڵی ڕابردوو بە سەدان تۆن ھەنگوین لە ھەرێمی کوردستان بەرھەمھاتووە و لەو بڕەش بەشێکی زۆر ھەناردەی دەرەوە کراوە، بەگوتەی ھەنگەوانان بەھۆی ئەوەی ھەنگوینی کوردستان بەڕێژەیەکی زۆر سرووشتییە و ماددەی کیمیای تێدا بەکارنەھاتووە، بەرھەمەکانیان لەلایەن کڕیارانی وڵاتانی دیکە پێشوازی لێ دەکرێت، ئێستا لە بازاڕ نرخی یەک کیلۆ ھەنگوینی باش لە نێوان ٤٠ بۆ ١٢٠ ھەزار دینارە.
زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان لەبارن بۆ بەخێوکردنی ھەنگ و بەرھەمھێنانی ھەنگوین، کە بە یەکێک لەپڕ بایەخترین بەرھەمەکان دادەنرێت، ھەنگوینی کوردستان بە یەکێک لە ھەنگوینە ھەر باشەکانی جیھان دادەنرێت، لە ساڵانی ڕابردوودا لە کۆنگرەی بواری دەستنیشانکردنی باشترین جۆری ھەنگوین، ھەنگوینی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستھێناوە، ساڵانە ژمارەی ھەنگەوانان زیاتر دەبێت، ئەم چەندەش بۆ پاڵپشتیی بەردەوامی حکوومەتی ھەرێم بۆ کاری ھەنگەوانی دەگەڕێتەوە.
بەپێی ئامارەکان لە سەرانسەری جیھان بیست ھەزار جۆری ھەنگ ھەن، دە ھەزار جۆریان لەناو ھەرێمی کوردستانن، ھەنگەوانەکان ھەریەکەیان بەپێی سرووشتی ھەنگەکە بەخێویان دەکەن، سێ جۆر ھەنگوین لە ھەرێمی کوردستان بەرھەم دێت، ھەنگوینی شاخاوی کە زۆرترین خواستی لەسەرە لە بازاڕەکان کیلۆی تا سەد ھەزار دینار دەڕوات، ھەنگوینی بە مێو، بە شانە و ھەنگوینی دەشت و شوێنە گەرمەکان.
ساڵانە خاوەن پورە ھەنگەکان لە وەرزی ھاویندا پورە ھەنگەکانی خۆیان دەبەنە کوێستانەکانی سیدەکان و باڵەکایەتی، بەوپێیەی شوێنێکی لەبارە بۆ بەخێوکردنی ھەنگ. وەکو ھەنگەوانان دەڵێن، ئەمساڵ ئەو ناوچانە باش نەبوون، ئەگەرنا باشترین ھەنگوینی بێ شەکر لەو ناوچانە بەرھەم دێت، چونکە کەشوھەوایەکی لەبار و گونجاوی ھەیە بۆ بەخێوکردنی پورە ھەنگەکان.
خدر حاجی، سەرقاڵی بڕینەوەی بەرھەمی ھەنگەکانی بوو، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” دەڵێت: بەپێی ناوچەکان لە کاتی جیاجیادا دەست دەکەین بە بڕینەوەی ھەنگەکانمان، ئەمساڵ لە ناوچە شاخاوی و شوێنە گەرمەکان، بەرھەم وەکو پێویست نەبوو و بەشێک لە ھەنگەکان ھەر لە برسان مردن.
ئەو ھەنگوانە، دەشڵێ: ھەنگوینی کوردستان بە تامە، بەھۆی بەرزی کواڵێتی و تام و چێژەکەیتی لە بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوە داواکاری زۆری لەسەرە، ساڵانە لە فیستیڤاڵەکان کە بەشداری دەکات لەسەر ئاستی جیھان پلەی یەکەم بەدەست دەھێنێت.
عەبدوڵڵا حەسەن، ھەنگەوانێکی دیکەیە، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: زیاتر لە سی ساڵە کاری بەخێوکردنی ھەنگ دەکەم ھیچ ساڵێک وەکو ئەمساڵ بەرھەمی ھەنگوین کەم نەبووە، ئەوەش بۆ گۆڕانکاری کەشوھەوا دەگەڕێتەوە، باران کەم بوو، گوڵ کەم بوو، لە ھەمان کاتدا خۆڵ بارین کاریگەری ھەبوو، ئەو خوڵەی دەباری دەکەوتە سەر گوڵەکە و وشکی دەکرد.
واحید شەھاب، ئەو ھاووڵاتییە خاوەنی دەیان پورە ھەنگە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” باسی لەوەکرد، چاوەڕوان بوون ئەمساڵ زۆرترین بەروبوومی ھەنگوینی ھەبایە، بەڵام لەبەر گۆڕانی کەشوھەوا، بەرھەمی ئەمساڵ بۆ نیوەی ساڵی ڕابردوو دابەزیوە.
ئەو ھەنگەوانە، گوتیشی: ئەمساڵ پورە ھەنگەکان ھیچ زاوزێیەکی ئەوتۆیان نەکرد کە پێویست بێت، ھەر ئەوەش ھۆکار بوو چەندین پورە ھەنگ لەناو بچن.
حەجی عوسمان، ھەنگەوانێکی دیکەیە، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین چی دیکە ڕێگە نەدەن ھەنگوین لە دەرەوە ھاوردەی ھەرێم بکرێت، چونکە بە ھاوردەکردنی ھەنگوین، نرخی ھەنگوینی ئێمە دابەزیوە و کەس ناکڕێت، ئەگەر حکوومەت ڕێگری نەکات، ناچار دەبین دەست لە پیشەی ھەنگەوانی بەر دەین.
بەگوتەی بەرپرسانی ھەنگ، ئەمساڵ بەرھەمی ھەنگوین بەڕێژەیەکی باش دابەزیوە، ھۆکارەکەشی بۆ نەبوونی شیلەی گوڵ دەگەڕێتەوە، ھەروەھا چەندین پورە ھەنگ توشی لەناوچوون بوونە. عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئێستا لە دەرەوە داواکاریەکی زۆر لەسەر ھەنگوینی کوردستان ھەیە، ساڵانە بەرھەمی ھەنگەوانان ھەناردەی دەرەوە دەکرێت، ئەوەش بۆ باشی ھەنگوینی کوردستان دەگەڕێتەوە، ھەنگوینی ھەنگەوانانی کوردستان زۆر دەچێتە ئیمارات، لە ھەر کۆنگرەیەکی جیھانی ھەنگەوانانی کوردستان بەشداریان کردبێت ھەنگوینی کوردستان پلەی یەکەمی بە دەستھێناوە.
سەرۆکی تۆڕی کۆمەڵەی ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستان، زیاتر گوتی: لە ھەرێمی کوردستان ھەشت سەد ھەزار ھەنگ و شازدە ھەزار ھەنگەوان ھەن، ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی ھەنگەوانان لە ھەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ھەنگوینی کوردستان یەکێکە لە باشترین ھەنگوینەکانی جیھان، ئەوەش وای کردووە خەڵکێکی زۆر کاری ھەنگەوانی بکەن و بژێوی ژیانی ئەوان لەسەر ھەنگ و بەرھەمەکەی بێت.

