دوێنێ، لە شاری کەرکووک بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و، د.شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و محەممەد کەمال بەرپرسی لقی٣ پ.د.ک و، سەرۆک و ئەندامی فراکسیۆنی پ.د.ک لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و، ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و نووسەران و کەسایەتی و ڕۆژنامەنووس و بەرپرسانی حزبی و حکوومی شاری کەرکووک و خانەوادە هێژاکەی، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا (٥)ـەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی دیاری کوردستان (سابیر کوردستانی) بەرز ڕاگیرا.
سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد) دەستی پێ کرد و پاشان دۆکیۆمێنتارییەک بە ناونیشانی (دەنگێک بۆ ڕۆشنکردنەوەی تاریکییەکان) سەبارەت بە ژیان و بەرهەمەکانی هونەرمەند سابیر کوردستانی نمایش کرا.
لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەدا، (٥) مۆم داگیرسێندرا و، گوڵ لە پێش وێنەی هونەرمەند سابیر کوردستانی دانرا، کە گوزارشت بوون لە وەفاداریی خانەوادە و دۆست و هاوڕێیانی.
لە وتەیەکدا، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک لەبارەی یادەکە گوتی: یەکەم چالاکی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی لە کەرکووک بۆخۆی مانایەکی قووڵی هەیە، چونکە ئەم چالاکییەمان کردە چەپکێک گوڵی وەفا بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەم یادەوە بە هەمووان بڵێین ئێمە لە کەرکووکین و، لێرە دەمێنیینەوە و بەیانیش دێینەوە.
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن باسی یەکەم دەرکەوتنی ڕەوانشاد سابیر کوردسانی کرد و ئاماژەی بەوەکرد؛ دەمانەوێ پێکەوە لە ئێوارەیەکی پڕ ڕەنگی کەرکووکی دڵی کوردستان بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ١٩٧٠ و ڕێککەوتننامەی ئادار و، ئەم دەستکەوتە مەزنەی ئەیلوول کە مامۆستا سابیر کوردستانی لەوێ لەڕێی گۆرانییەوە خۆی ناساند و دوو ساڵ دواتر لە یادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و لاوان، دووبارە بە قووڵتر خۆی ناساند و لەوێیوە سابیر کوردستانی بووە ناوێکی زۆر کاریگەر و گەورە کە ئێستا هەموومان یادی دەکەینەوە.
دواتر، خاتوو (ئاهوورا کوردستانی)، بابەتێکی بە نێونیشانی (خاوەن پێداویستیی تایبەت و داهێنان) پێشکەشکرد.
پاشان، چەند پارچە میوزیکێک لەلایەن ژمارەیەک هونەرمەند پێشکەشکران، لەوانە: بەرهەمی، (خۆزگە و بەڵێنی دابوو) لەلایەن هونەرمەند (شوان عومەر) هەروەها بەرهەمی (ئەمیرە) لەلایەن (هاوژین سابیر کوردستانی) کچی کوچکردوو (سابیر کوردستانی) پێشکەشی ئامادەبووانی مەراسیمەکە کرا.
(شاخەوان کەرکووکی) لەژێر ناونیشانی (مێژووی شاکارە هونەرییەکانی هونەرمەند (سابیر کوردستانی) گوتەیەکی پێشکەشکرد.
ڕێزلێنانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لە هونەرمەندی دیاری کوردستان (سابیر کوردستانی) لەلایەن د.شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەخشرایە خانەوادە هێژاکەی.
لە مەراسیمەکەدا، چەندین گوڵی وەفاداری بەخشرایە خانەوادەکەی، لەلایەن: (د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پ.د.ک، عەبدولڕەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشووی کەرکووک، سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان-لقی کەرکووک، کتێبخانەی کارێز، کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی- لقی کەرکووک، بەختیار حاجی بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا).
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، (هانا سابیر کوردستانی) کچی ڕەوانشاد سابیر کوردستانی، گوتاری بنەماڵەی خوێندەوە و، تیاییدا بە گرنگیی و پێزانینەوە باسی لە هەوڵ و هەنگاوەکانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک کرد لە پاراستنی ناو و مێژووی هونەرمەندانی ڕەسەنی کوردستان.

