کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد
دۆڵی بازیان لە چاخەکانی پێش مێژووەوە ئاوەدان بووە و هیچ قۆناغێکی مێژوویی نییە کە ئەم ناوچەیە بێ بوونی کۆمەڵێك کەس و خێزان و بنەماڵە بووبێت، ئەمەش بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنەکەی و لەباری سرووشتەکەی بۆ ژیان و بوونی سەرچاوەی ئاوی زۆر و بەپیتی خاکەکەی ده گه ریته وه، بەڵگەش بۆ ئەمە بوونی چەندین شوێنەواری کۆن و گۆڕستان و پاشماوەی گوند و قەڵا شوێنەوارییەکانە لەم سنوورە، کە بەشێکیان کنە و پشکنینی زانستیان بۆکراوە.
لە کۆنەوە چەندین بنەماڵە و هۆزی گەورەی کورد هاتونەتە دۆڵی بازیان و تێیدا نیشتەجێبوون، بنەماڵەی بابان یەکێکە لەو بنەماڵە ڕەسەن و دێرینانەی کورد کە ماوەی زیاتر لە سێ سەدە لە ناوچەی سلێمانی و دەورووبەری میرنشنیان پێکهێناوە و هەندێ جار وەك دەوڵەتێکی سەربەخۆ فەرمانڕەواییان کردووە و ناوچەیەکی فراوانی کوردستانیان خستۆتە ژێر دەسەڵاتی خۆیان.
لە سەردەمی میرنشینی باباندا، بازیان ناوەندی بەڕێوەبەرایەتی ناوچەیەکی فراوان بووە، هەربۆیە چەند بنەماڵەیەکی بابان هاتونەتە ئەم سنوورە و بەشێکیان بە هەمیشەیی تێیدا نیشتەجێببوون و چەند گوندێکیان ئاوەدانکردۆتەوە کە تائێستاش بە ئاوەدانی ماونەتەوە.
زوڵاڵ ئاغا کە بە زوڵاڵ بەگی بابان ناسراوە، یەکێکە لەو کەسایەتیانەی بابان کە هاتۆتە بازیان و گوندی بی بی جەکی ئاوەدانکردۆتەوە کە پاشان ناسرا بە بی بی جەکی وەیس بەهۆی ئەوەی لەدواتردا دوو گوندی دیکە ئاوەدانکرانەوە بە ناوی بی بی جەک و بۆ جیاکردنەوەیان لەیەکتر بە فەڕمی ئەم ناوەی لێنرا، بی بی جەک ناوێکی تورکییە و لە سەردەمی فەرمانڕەوایی عوسمانییەکاندا ئەم ناوەی لێنراوە، وەیس، گۆڕستانێکی کۆنی گوندەکەیە کە مەزاری پیاوچاکێکی تێدایە بەناوی وەیس.
جەمال بابان، نووسەر و مێژوونووس لەبارەی زوڵاڵ ئاغاوە نوسیویەتی: (زوڵاڵ محەمەد ئاغا یەکێك بووە لە دوانزە سوارەی مەریوان، ناسراوە بە: زوڵاڵ ئاغای مەرگەیی، گوایە سەرۆکی هۆزی شاقوڵی بووە و لە دەوروبەری شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێبوون، زوڵاڵ ئاغا خزمی مەحمود بەگی ساحێبقڕان و خانمی وەسمان پاشا بووە کە (عادلە خانم)یان پێوتووە، ئەم زوڵاڵ ئاغایە کەوابوو مەرگەیی نییە، دوریش نییە وەك دەڵێن برای جوامێر ئاغای ڕەنگینە بووبێت کە ئەمیش یەكێك بووە لە دوانزە سوارەی مەریوان، وەك باسدەکرێت هەردوکیان لە ئێرانەوە هاتوون بۆ قەڵاچوالان، لەبەرئەوەی دوو پیاوی ئازا و لێهاتوو بوون، پاشای بابان زۆر ڕێزی گرتوون و لەخۆی نزیککردونەتەوە، بۆچونێکی دیکە پێی وایە هەردووکیان هەمەوەندن چونکە لەکاتی خۆیدا لە ناوچەی بازیاندا نیشتەجێبوون کە ئەو ناوچەیەش نیشتمانی هەمەوەندە، دوریش نییە ئێلی شاقوڵی بەشێك بن لە خێڵی هەمەوەند.
پاش ئەوەی زوڵاڵ بەگ لە شەڕی دوانزە سوارەی مەریوان دەگەڕێتەوە، ئەحمەد پاشای میری بابان دەینرێتە بازیان و فەرمانڕەوایی بازیان و سورداشی دەداتێ چوونکە بازیان ناوچەیەکی گرنگی میرنشینی بابان بووە و سەرەڕێی هاتوچۆ بووە لەنێوان پایتەختی بابان و لیوای بەغداد.
زوڵاڵ بەگ دێتە بازیان و گوندی بی بی جەک ئاوەدان دەکاتەوە و تێیدا نیشتەجێ دەبێت، بۆچوونێك پێی وایە کە لە سەردەمی وەسمان پاشادا هاتووە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا، دەوترێت بابانی بووە بۆیە ئەم بنەماڵەیە بابانین، بەڵام بە بۆچونی جەمال بابان، زوڵاڵ بەگ بابانی نەبووە، بەڵکو یەکێك بووە لە سوارچاك و سەرلەشکرەکانی سوپای بابان و خۆی لە هۆزی هەمەوەندە.
لە شەجەرەی بنەماڵەی هەمەوەندەکاندا نووسراوە: زوڵاڵ ئاغا سێ کوڕی هەبووە بە ناوەکانی: خدر و ئەحمەد و نادر، ئەحمەدیان حەسەنی هەبووە کە ناسراو بووە بە حەسەنە کۆڵ، ئەمیش سێ کوڕی هەبووە بەناوەکانی: نامیق، ڕەفیق و تۆفیق، نادر دوو کوڕی هەبووە: عەزیز و سماقان.
بەڵام لە کتێبی (شەجەرەی بنەماڵە دێرینەکانی سلێمانی)دا نووسراوە: زوڵاڵ ئاغا کوڕێکی هەبووە بەناوی محەمەد، ئەویش کوڕێکی هەبووە بەناوی یوسف، یوسف ئاغا دوو کوڕی بووە: سەلیم و ئەمین، ئەمین ئاغا دوو کوڕی بووە: حەسەن و ساڵح، حەسەن بە کوێخا حەسەنی بی بی جەك ناسراوە و ژیانی لە بی بی جەك بووە و نەوەکانیشی هەرلەوێ ماونەتەوە، نەوەکانی سەلیم ئاغاش لە شاری سلێمانی ژیاون و تائێستاش لەوێ ماونەتەوە.

