رۆژنامەی ھەولێر

لینکی خۆتۆمارکردن بۆ پرۆسەی حەج کارا کرا؛ وردەکارییەکەی بزانە

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی ڕایگەیاند، بە هاوکاریی فەرمانگەی تەکنەلۆجیا و زانیاری، پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی حاجیان کرایە ئەلیکترۆنی.

یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەمەودوا هەرکەسێک بیەوێت فەریزەی حەج بکات، دەتوانێت لە ڕێگەی مۆبایلەکەیەوە لە ماڵەکەی خۆی ناوی خۆی تۆمار بکات، هەروەها وەڵامەکەشی هەر لەڕێگەی تیروپشکی ئەلیکترۆنی بۆ دەگەڕێتەوە.

پشتیوان سادق گوتیشی: ئەو پرۆسەیە چەند خاڵێکی ئەرێنی هەیە، یەک لەو خاڵانە ئەوەیە داواکار ناوەکەی لەماڵی خۆی لەڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە پڕدەکاتەوە و هەلی یەکسان بۆ خوازیاران دەڕەخسێت.

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی بەوەش دا “پێشتر برێک پارە لە بەرانبەر وەرگرتن و پڕکردنەوەی فۆڕمی حەج وەردەگیرا، بەڵام ئێستا هیچ بڕە پارەیەک نادرێت و بەخۆڕایی فۆڕمەکە لە ڕێگەی ئەلیکترۆنیەوە پڕ دەکرێتەوە، ئەمەش هاوتەریبی بەرنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە لەسەرەتاوە ویستوویەتی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم بە ئەلیکترۆنی بکرێت.”

بە گوتەی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی “لە کوردستان سەدان هەزار کەس دەیەوێت فەریزەی حەج جێبەجێ بکات، هەروەها وەزارەتی ئەوقافیش لە ساڵانی ڕابردوودا کەمتەرخەمی لە خزمەتکردنی حاجییان نەکردووە، کە ئەمساڵ خزمەتێکی باشیان پێشکەشی حاجییان کردووە بەراورد بە ولاتانی دیکە.”

باسی لەوەش کرد “پێشتر بانگدانی مزگەوتەکانمان ڕێکخستەوە و بە ئەلیکترۆنیمان کردووە، کە لە ڕێگەی بانگبێژە دەنگخۆشەکان بانگ دەدرێت و لەزۆربەی شار و شارۆچکەکانیش ئەو پرۆسەیە جێبەجێ دەکرێت. “