رۆژنامەی ھەولێر

کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان زەوییان پێ دەدرێت

کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی زەوییان پێ دەدرێت. وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراونی حکوومەتی ھەرێم، دەڵێت، ھەر کەسێک ناوی نەبێت لە ئاماری وەزارەتی شەھیدان دەتوانێت پەیوەندی بە وەزارەتەوە بکات و گرفتەکەی بۆ چارەسەر دەکرێت.

عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرجەم کەسوکاری ئەنفال و شەھیدان و زیندانییانی سیاسی زەوییان پێدەدرێت، ھەر کەسێکیش ناوی نەبێت لە ئاماری وەزارەتی شەھیدان دەتوانێت پەیوەندی بە وەزارەتەوە بکات و گرفتەکەی بۆ چارەسەر بکات.
وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێت: ھیچ کاتێک ئەنجوومەنی وەزیران داواکاری ئێمەی ڕەتنەکردووتەوە بۆ پێدانی زەوی یان یەکەی نیشتەجێبوون بە کەس و کاری قوربانییان.
لە سنووری ھەولێر پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا تیروپشک بۆ دابەشکردنی نزیکەی ٢٤ ھەزار پارچە زەوی کراوە. مەریوان حاکم ھادی، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ھەولێر، ئاشکرای کرد: پێش ئەوەی ھەر ناوێکی نوێ بڵاوبکەینەوە بەمەبەستی وەرگرتنی زەوی، دووبارە بە وردی پێداچوونەوە دەکەین، ھەر ناوێک دوو ڕۆژی پێویستە، لە ماوەی ڕابردوودا ٣٠%ـی ئەو فۆڕمانەی بۆمان گەڕاونەتەوە پێشووتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند ببوون.